ئاسایى بوونەوەى خیانەت سەركردە گەلێك بۆ خیانەت و نەتەوەیەكیش بۆ خەوى غەفڵەت
20/12/2010, 12:00 (GMT+1)

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەو بەڵگە نامە بكەم كە لە سایتى ویكلیكس بڵاوبۆوە كە تێیدا دەردەكەوێت مەسعود بەرزانى سازشى لەسەر كەركوك كردووە بۆ توركەكان. لە هەمووى مەهزەلە تر لە بڵاوبوونەوەى ئەم بەڵگەدا تەنها مەسعود و ئەردۆغان1 ڕەتیانكردەوە ئەگینا هیچ كەس و لایەك نەیتوانى بچوكترین زانیارى ڕەت بكاتەوە.پەیوەست بەم باسەوە با ئاماژە بە ووتارێكى بەڕێز د. كەمال میراودەلى بكەین كە لە گۆڤارى شەن دا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت : "خیانەتى 31ى ئاب خیانەتى لاى كورد ئاسایى كردەوە". بە ڕاستى ئەمە ئەو پەڕى ڕاستیەكە كە ئەمڕۆكە پێى گەشتین. بە فرۆشتنى كەركوك یەك كورد مووى نەجوڵا، یەك خۆپیشاندان نەكرا. ئەمە ئەگەر ئاسایى بوونەوەى خیانەت نەبێت ئەبێ چى بێت ؟. پارتى دوو ڕۆژنامەنووسى گەنج [سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان]ى تیرۆركرد، كەچى لە كۆنگرەكەیاندا زۆرترین گۆرانى بێژ بە شان و باڵى ئەم حیزبەیان هەڵدا. ئاخۆ ئەگەر ئەمە ئاسایى بوونەوەى خیانەت نییە چییە ؟
مەسعود فریودەرترینى مێژوو.
باوەڕناكەم لە مێژووى كوردا مرۆڤێك هەبێت هێندەى مەسعود بەرزانى پارادۆكسى بێت . كە بۆ نموونە لەم باسەدا ئاماژە بۆ هەندێكیان دەكەم. ڕەنگە لە مێژوودا خەڵكانێك هەبن توانیبێتیان خەڵكێكى زۆر فریو بدەن لە پێناو هەر مەبەستێكدا بووە. بەڵام فریودانى مەسعود بەرزانى جیاوەزە لەوەدا كە ئەم فریودانەكانى بۆ بەرژەوەندى خۆى و خێڵ و دەسەڵاتەكانى بووە. هەر بۆ نموونە لەو بلاك فایلەى لە پێشەوە ئاماژەمان پێدا. مەحمود عوسمان لەبارەى یەكەم دانیشتنى پەرلەمانى كوردستانەوە دەلێت : كە یەكەم دانیشتنى پەرلەمان لە ژێر ئاڵاى عێراقدا بەڕێوە چوو، بەهۆى ئەوەى كە ئەندامانى پارتى داكۆكیان لەوە دەكرد ئەبێت ئەو ئاڵا دابنرێت. هەرچەندە یەكێتى ناڕازى بوون بەڵام بەهۆى پێداگرى پارتیەوە ناچار لە ژێر ئاڵاى ئەنفالدا یەكەم دانیشتنى پەرلەمان بە ڕێوە چوو. بەڵام لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس و دامەزراندنەوەى پەرلەمان دواى شەڕى ناوخۆ مەسعود نەیهێشت ئاڵاى عێراق دابنرێت و ئاڵاى ئینقلابى عبدالكریم قاسمى سەپاند. خوێنەرى بەڕێز بیر لەم پارادۆكس (ئیزدیواجیەت)ەى سەرۆك بكەنەوە. با نموونەیەكى دى باس بكەین چەند رۆژ پێش دەسپێكردنى كۆنگرەى پارتى، ویكلیكس بە بەڵگەنامەیەك فرۆشتن و سازشكردنى مەسعودى لەسەر كەركوك بەیانكرد بۆ ڕاى گشتى جیهان. بەڵام لە یەكەم ڕۆژى كۆنگرەدا ئەیەوێت بە باسكردنى مافى چارەى خۆنوسین ئەم خیانەتە لە بیر خەڵكى بباتەوە. كە بەداخەوە پێم وابێت هەر یەكەم دەقە هەموویمان لە بیر چوو چونكە وەك ئاماژەم پێیدا "خیانەت لاى ئێمە لە سایەى 31ى ئابەوە ئاسایى بۆتەوە". هەر لە كۆنگرەكەدا مەسعود ڕایگەیاند : "ئێمە پا بەندین بە فراوانكردنى ئازادى ئازادى ڕادەربڕین" كەچى هەر دواى ئەوە دادگاى هەولێر لەسەر داواكانى فازل میرانى غەرامەى دوو گۆڤارو سایتێكى كرد (گۆڤارى ڕێگا، گۆڤارى ستانداردو سایتى ستاندارد) بە نزیكەى 90ملیۆن و هەروەها ئیمزاكردنى یاساى خۆپیشاندان لە لایەن سەرۆكەوە، كە بە بڕواى زۆربەى شارەزایانى كۆمەڵى مەدەنى پرسى ئازادى لە كوردستان پاشەكشێ پێدەكات.
1. تكایە بە هەڵە تێمەگەن ئەردۆغان نەیویست فرۆشتنى كەركوك, بۆ سەرۆك پەردە پۆشكات ، بەڵكو ڕەتیكردەوە كە ئەو (ئەردۆغان) پارەى توركیاى دزیبێ و لە بانكەكانى سویسرا هەڵیگرتبێ.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

