چیرۆکێک لهگهڵ تارین نیت..
24/01/2011, 12:00 (GMT+1)

دوای ئەوەى کارتێکى تارینێتى 30 رۆژەم بە 37 هەزاردینارى عێراقى کڕى، کەچیى کارتەکەم کاری نەکرد. ئەمە یەکەمجار نەبوو کە توشى ئەم کێشەیە ببم، لە بەرئەوەى لەم هەرێمەدا هیچ شتێک بەبێ کێشە ناروات، ئاسایی بوو بەلامەوە کارتێکیش کارنەکات. بەلام ئەوەى ئاسایی نیە و من پێشتر هەستم پێ نەکردبوو، ئەو ڕوداوە بوو کە دوای ئەوەى پەیوەندیم بە کۆمپانیای تارینێتەوە کرد رویدا. هەر ئەو روداوەش بووە هۆی ئەوەى ئەم بەسەر هاتە بنوسم.
دوای ئەوەی پەیوەندیم پێوە کردن، ئەو بەریِزەى کە لەوێ، لە نوسینگەى تارین نێت تەلەفۆنەکەى لە سەر هەڵگرتم، پێی وتم: کە پێویستە بێیت بۆ کۆمپانیا کەمان و کارتەکەشت لە گەڵخۆت بێنیت، چونکە تا نەیەیت بۆ ئێرە ناتوانین بۆت چارەسەر بکەین. دەى ئیتر ئەبێت سودى ئەم ژمارە تەلەفونە چی بێت کە دایانناوە ؟؟؟؟
بەهەرحاڵ، ئەو شەوە هەرچەندە کەپڵەکەم لە سەر چات چاوەرێی دەکردم، بەڵام نەم توانى بچمە سەر خەت.
بۆ بەیانیەکەشى بەهۆى تەکسیەکى کوردستانەوە، رۆشتم بۆ شەقامى سولتان موزەفەر لە هەولێر، بەهۆى ئەوەى ماڵمان لە دەرەوەى شارە 15 هەزاردینارى ترم (بە چون و هاتنەوە) رۆشت، کەدەکاتە نزیکەى نیوەى نرخى کارتەکە، بەم شیوەیە کارتەکەم نرخەکەى بەرز بوەوە بۆ 52 هەزار.
لەوێ دوای تۆزێک سەیرکردنى کارتەکە لە لایەن ئەو کارمەندانەى لەوێبوون، پێیان ڕاگەیاندم کە ئەم کارتە بەسەر چوە، ئێمەش ناتوانین هیچت بۆ بکەین. وتم ئێستاکە ئەم کارتە نرخەکەى 52 هەزار لەسەرم کەوتوە حسابی من چی لێدێت ؟ دووبارە وتى بەسەر چوەو کارتێکى کۆنت کریوە. ئاخر برایان کارت پێش بەکار هێنانى بەسەر ئەچێت ؟؟ هەڵبەتە ئەم قسەیەی ئەوان وای لێکردم بپرسم : دەى من لە کوێوە بزانم بەسەر چووە؟ خۆ نە بەروارى لە سەرە و نە منیش لای خوداوە هاتوم تا لە غەیب بزانم. هەڵبەتە ئەگەر بەسەریش چووبێت، ئەبێت داواى لێبوردنم لێ بکەن کە کارتێکى بەسەرچوتان پێ فرۆشتوم.
یەکێک لە کارمەندەکان، ئەم قسەیەی منى بە کفر داناو پێی وتم: کفر مەکە.
ئەو ئەم قسەیەی منى پێ گوناهێکى گەورە بوو، وە بە کفریشى لە قەڵمدا، کەچى ئەو دزیەى لە من کرابوو گوناه نە بوو !!. وتم شکاتان لێدەکەم، ئێوە بۆتان نیە بەم شێوەیە پارەى خەڵک بدزن. وتى بۆ تۆ دەزانتیت تارین نێت هی کێیە وا دەتەوێت شکاتمان لێ بکەیت ؟؟
نەوەلا نەم دەزانی، بەڵام ئەو قسەیە وای لێکردم یەکسەر بزانم هی کێیە، ئاخر بەو بەشەى مێشکم کە هێشتا لە بەر توڕەیی لە کار نەکەوتبوو، لە خۆمم پرسی ئایا لەم هەرێمەدا ناتوانرێت شکات لە کێ بکرێت ؟
دوای ئەمە منێکى قوتابی کە مانگانە 75 هەزار دینار لە دایکم وەر ئەگرم، تا پێی بژیم 52 هەزار دینارم فەوتا. واتە 13 هەزارم بۆ مایەوە کە تا سەری مانگ بەشم بکات، ئایا ئەمە ئەبێت دزى بێت یان نا ؟ ڕەنگە کەسێک کە ئێستا ئەم چیرۆکە ئەخوێنێتەوە بلێـت، نا دزى نیە، چونکە دز دزی لە کەسێک دەکات کە هەیبێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

