هەمووى خەتای ئیبراهیم هەورامانیە!
13/05/2011, 12:00 (GMT+1)

دواى چاوەڕوانییەكى زۆر، مەڵبەندى هەڵەبجەى یەكێتى بەڵێنەكەى بردەسەر، بەڵام بەڵێنێكى لنگەوقوچ! لنگەوقوچ وەك عەقڵی ئەو ماستاوچیانەى حزب كەلەپێناو بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان راپۆرتی نادروست و چەواشەكارانە دەدەن بەبەرپرسەكانى حزب! تۆ سەیربكەن، لەشارەوانى هەڵەبجە هەزاران پارچە زەوى لەموڵكى گشتى لەلایەن چەند كەسێكە دزراوە، لەتەندروستى شارەزوور هەزاران جۆر دەرمان و هەزاران هەزار دۆلار بەفیڕۆدراوە، كەچی حزب بەپشت بەست بەتەقریرى تەقریرچییەكانى دێت سزاى بەرپرسی ئەو فەرمانگانە دەدات كەبچوكترین حاڵەتى گەندەڵى لەفەرمانگەكانیاندا نییە! تۆ تەماشاكە لەجیاتى ئەوەى بەرپرسی شارەوانى و تەندروستى و پەروەردەو چەند فەرمانگەیەكى گەندەڵ سزابدرێت، كەچی سزاى ئیبراهیم هەورامانى دەدەن! ناوبراو بەڕێوەبەرى رۆشنبیرى هەڵەبجەى شەهیدەو یەكێكە لەباشترین ئەو بەرپرسە حكومییانەى كەلەسێ ساڵى رابردوودا دواى چوار جار لێكۆڵینەوەى لەسەركارەكانى، دیوانى چاودێرى دارایی حكومەت نە یتوانیوە بچوكترین هەڵەى ئیدارى و ژمێریارى لە فەرمانگەكەیدا بدۆزێتەوە! پاساوى سزادانەكەى كاكە ئیبراهیم لەلایەن حزب و حكومەتەوە ئەوەبووە كەئیبراهیم هەورامى مۆڵەتى داوەتە یەكێك لەفەرمانبەرەكانى، گوایە ئەو فەرمانبەرە سەر بەبزوتنەوەى گۆڕانەو وێنەگرى كەناڵى نالیایە! جاخەڵكى هەڵەبجە ئەم ئەو بەرنامەیەبوو كەدووساڵە حزب و حكومەت بەڵێنیانداوە جێبەجێی بكەن! ئەمە ئەو وەعدانەبوو كەبۆ چاكسازى دابویان!
شارەوانى دزی دەكات، مدیرى رۆشنبیرى سزادەدرێت! كارمەندەكانى تەندروستى پارەو دەرمان دەدزن كەچی ئیبراهیم هەورامانى سزادەدەن!
ئێستا لەناو رۆشنبیر و رۆژنامەنوسانى هەڵەبجەدا ئەو مەسەلەیە بۆتە نوكتەیەكى خۆش، دوێنێ لەگەڵ برادەرێكى رۆژنامەنوس لەسەرەى سەموون كڕیندا وەستابووم، لەپڕ كابراى سەموون خانە وتى كەس چاوەڕوان نەكات، سەموون نەماوە، ویستم خۆم هەلقورتێنم و قسەبكەن، چونكە دواى نیوسەعات چاوەڕوانى ئینجا پێی وتین چاوەڕوان مەبن، بەڵام برادەرەكەم وتى توڕە مەبە ئەوە كەی پەیوەندی بەئەمانەوە هەیە! وتم ئەى پەیوەندی بەكێوە هەیە؟ وتى هەمووى خەتای ئیبراهیم هەورامانییە!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

