<

دەبوایە گۆڕران چى بكردایە بۆئەوەى تاڵەبانى كاندید نەكاتەوە

28/08/2010, 12:00 (GMT+1)
كوردوَ كوردستانى لە رۆژى 24/8/2010 ووتاریكم نووسى بۆ بەڕێز كاك نەوشیروان كە تیایدا زۆر بە توندى رەخنەم گرت لە گۆڕران و لیستە ئۆپۆزیسیۆنەكان سەبارەت بە رازیبوونیان بە كاندیدكردنەوەى مام خائین تاڵەبانى!
 پاشان ووتارێك دابەزى بەناوى (ئەبێت بزووتنەوەى گۆران و نەوشیروان مستەفا چیان بكردایە؟) لە لایەن بەڕێزێك بەناوى (هێرش سیرینى) كە واى روونكردۆتەوە كە خاڵى لاوازى بزووتنەوەى گۆڕران ئەو هەزاران نانبڕاوەیە كە 15 مانگە مووچەیان بڕاوە وە ئاساییە كە گۆڕران لەپێناویان سازشبكات بۆ دەسەڵات ! وە بزووتنەوەى گۆڕان سیاسەت دەكات!
 لەراستیدا ئەمانە پاساو نین ! دەمەوێ بڵێم كە منیش نانبڕاویم دیوە و دەزانم چەند زەحمەتە وە هەموو رێزو حورمەتێكم بۆ ئەو نابڕاوانە هەیە كە بوونەتە قوربانى بەڵام ئەم سازشكردنە چارەنووسسازە نابێتە هۆكاریك بۆ گەیشتنە ئامانجە نەتەوەیى،كۆمەڵایەتى و دیموكراتییەكان لەدژى دەسەڵاتى گەندەڵ و چەوسێنەر و كوردفرۆش كە بزووتنەوەى گۆڕران لە دەرئەنجامیدا دروستبوو.ئەمە تەسلیمبوونە بە ئیرادەى دەسەڵاتە زاڵمە چەوسێنەرو گەندەڵ و كوردفرۆشەكە!
 ئەگەر كێشەى ئەو نانبڕاوانە ئەوەندە زەحمەتە ئەوا گۆڕران باشترین دەرفەتى زێڕینى لەبەردەستدا بوو بۆ چارەسەركردنى دەستبەجێى كێشەكەیان بەوەى داخڵ بە هاوپەیمانى لیستە كوردستانییەكان نەبێت تا ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرابێ! بە دڵنیاییشەوە دەسەڵات ناچار دەبوو (چونكە پارتى ویەكێتى باش دەزانن كە سەنگى كورد كەمبۆتەوە چ جاى ئەوەى كە لیستە ئۆپۆزیسیۆنەكانیش پشتگیرییان نەكەن و ئەو هاوپەیمانییەیان لەگەڵدا پێكنەهێنن!!)، بەمەش هەم گۆڕران ئەم ویستە رەوایەى دەسەپاند ، هەم كێرڤى گەشەسەندنى گۆڕران و متمانەى جەماوەر پێى روو لە هەوراز دەبوو ! بۆیە ئەگەر شتێك لە گەرماوگەرم نەكرێت ئەوا زۆۆر زەحمەتە لە ساردەو سارد بكرێت.
 ئەمە سەرەڕاى فشارى راگەیاندنى گۆڕران بۆ هاندانى جەماوەر لیستە ئۆپۆزیسیۆنەكانى وە فشارى ئەمریكى و ئەورووپى وەك ووڵاتانى دیموكراتى كە بێگومان لەحاڵەتى جێبەجێنەكردنى كێشەى نانبڕاوان و بێدەنگ نەبوونى جەماوەر و هەوڵەكانى گۆڕران ئەوا دەسەڵات ناچاردەبوو چۆك دابدات! ئەگینا تووشى گەورەترین قەیران دەبوو.
 دەكرا لەم ماوەیەدا گۆڕران بانگەواز بكات بۆ كۆكردنەوەى یارمەتى بۆ ئەم نانبڕاوانە..یارمەتى لەلایەن دەیان رێكخراوى نێودەوڵەتى تەنانەت كە هەندێكیان لە هەرێمى كوردستانیش بوونیان هەیە..ئەمە سەرەڕاى كردنەوەى سندووقێكى هاوكارى بۆیان بۆئەوەى كەسانى وڵاتپارێز لە هەموو دونیادا هاوكارییان بكەن وەك ئەركێكى نەتەوەیى تا چارەسەربوونى كێشەكەیان.
 كاك هێرش سیرینى دەڵێت (گۆڕران سیاسەت دەكات) منیش دەڵێم (راستە سیاسەت دەكات ،سیاسەتى هەڵە،سیاسەتى لەدەستدانى متمانە، سیاسەتى چۆكدادان بەرامبەر دەسەڵاتى گەندەڵ و كوردفرۆش ، دەسەڵاتى تیرۆریست ,دەسەڵاتى دزو مافیا و بێ پرەنسیپ).وە دەڵێت (ئەگەر گۆڕرانیش تاڵەبانى كاندید نەكاتەوە ئەوا عەرەبەكان مەبەستیان بێت كاندیدى دەكەنەوە !) من دەڵێم: ئەگەر لیستە كوردستانییەكان تیایدا گۆڕران بە رەسمى كاندیدى نەكەنەوە ئەوا عەرەبەكان ناتوانن كاندیدى بكەنەوە چونكە ئەمە مەسەلەیەكى یاسایى و دەستوورییە لەبەرئەوەى لیستە كوردستانییەكان كێیان كاندیدكردبێ قسە لەسەر ئەو دەكرێ و ئەو داخلى حساباتى سیاسى و قانونى دەكرێت. خۆ كەسانى ترى هەن جگە تاڵەبانى ،پارتیش حەز بە چارەى تاڵەبانى ناكات وە حەز دەكات لیستە ئۆپۆزیسیۆنەكان رەفزى تاڵەبانى بكەن وەك ئەوەى دەڵێن بە دەستى نەبێ بەڵام بە دڵى بێت! بەڵام ئەگەر پارتیش مكوڕبێت لەسەر كاندیدكردنى تاڵەبانى ئەوا سەیرنیە لەبەرئەوەى تاڵەبانى دەمێكە تەسلیمى بارزانى بۆتەوەو یەكێتى هیچ سەنگێكى نەوماوە وە پارتى دەستى خستۆتە ناو قووڵایى جێگاگانى بڕیار لەناو یەكێتى وە پارتى خێر بە یەكێتى دەكات بۆیە تاڵەبانى فەرمانبەرێكى بنەماڵەى بارزانییە و هیچى تر ،جگە لەمەش پارتى حەزدەكات تاڵەبانى لە بەغدا بێت بۆئەوەى لە فیتنە دووربێت لەبەرئەوەى هیچ كاتێك متمانەى تەواوى بە تاڵەبانى نیە.
 
 من هەموو مەبەستێكم ئەوەیە كە گۆڕان لە پرەنسیپە نەتەوەیى و دیموكراتى و عەدالەتییەكانى لانەدات(ئینحیراف نەكات) وە سەرەتایەكى زۆرباشى بڕى  بەڵام خەریكە لە سككەى خۆى لادەدات دەبێتە بزووتنەوەیەكى هەلپەرست(ئۆپۆرتۆنیست)..
 
 من گۆڕرانم خۆشدەوێ وە دەنگم پێى داو كارێكى زۆرم بۆى كرد،وە لە خۆشەویستى و دڵسۆزیمەوە دەڵێم:
 - ئەگەر تاڵەبانى ئەوەندە گەندەڵ و خراپە كە هەموومان دەزانین و وەك لە راگەیاندنەكانتاندا باسى لێوە دەكەن (هەر لەبەرئەمەش بوو كە گۆڕان دروستبوو) ئەوا بۆ پشت لە میللەت و ئەو كەسانە دەكەن كە متمانەو دەنگیان پێتان دا ؟ وە روو لە تاڵەبانى دەكەن!! ئایا ئەمە دووروویى تەنانەت خیانەتیش نیە؟!
  یان ئەگەر تاڵەبانى ئەوەندە كوردپەروەرەو پێویستە بۆ كوردستان و عێراق ئەوە بۆ ئەو خەڵكەتان لەخشتەبردو و درۆتان كرد و بەخراپ باسى تاڵەبانیتان كرد !
 ئایا ئەمە سیاسەتى دووروویى نیە؟
 لێتان ناشارمەوە كە زۆر كەس لەسەرەتاوە دروستبوونى گۆڕرانیان بە گەمەیەكى سیاسى دەزانى لەلایەن یەكێتییەوە لەدژى پارتى بۆئەوەى یەكێتى نیوەى دەنگەكانى لەگەڵ پارتى حاێڵ بكات لەولاشەوە هەموو دەنگە تووڕەكان كە گۆڕان بەدەستى هێنابێ هەر هى خۆى بن! بۆیە خەڵك هەبوو دەیگوت گۆڕران هەر یەكێتییە!!
 ئێستا نازانم ئەو رایەیان راست دەرچوو ؟ یان ئەندامانى گۆڕران هەستى جەلالییانەیان بزواوە!! وە  ئەوانەى كە بوونە ئەندام پەڕلەمان و كاربەدەست میللەتیان لەبیركرد ! هەواى خۆشگوزەرانى ئەوانى گۆڕى ، گۆڕینێكى رەجعییانە!! یان گۆڕران سەرى لێ شێواوە ؟!
 
 من پێم وایە گۆڕران ئەگەر بەجددى بە خۆیدا نەچێتەوە وە روونەكاتەوە میللەت ئەوا ناتوانێ سیاسەتەكانى بەڕێوەببات  وە لە هەڵبژاردنى داهاتوودا تەنانەت یەك پاڵێوراوێكیشى دەرناچێت..بۆیە باشتر دەبێ یان خۆى هەڵوەشێنێتەوە و داواى لێبووردن بكات لە جەماوەرەكەى ، یان ئیعلانى گەڕانەوەى خۆیان بكەن بۆ ناو گەندەڵخانە كوردفرۆشییەكەى تاڵەبانى ئەو ئەندامانە ببنەوە بە جەلالى! چونكە دەمێكە یەكێتى نەماوە و ئەوەى ئێستا هەیە (گرووپى جەلالیەكانى كوردستان)ە نەك(یەكێتى نیشتمانى كوردستان)!!
 
 [email protected]
 
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست