<

كوژرانى لاوانى كورد و خاوەندارێتى

14/06/2011, 12:00 (GMT+1)
هێمن هەژار لە (12/ى جۆزەردان)ى ئەمسال واتە (3/6/2011) بە گوێرى دەزگا هەواڵگریەكان گروپێكى پێنج كەسى لە كادرانى كۆمەڵە لە نێوان گوندەكانى (بۆریەر ـ چەشمییەر)ى (سەوڵاوای) سەر بە شارى مەریوانى رۆژهەڵاتى كوردستان دەكەونە كەمینى هێزەكانى سوپاى پاسدارن ئێران و لە ئاكامدا یەكێكیان بە ناوى كەیوان زەفەرى بریندار دەبێت و پاشان دواى زیاتر لە (48) كاتژمێر بریندارى و رەوشى خراپى جەستەیى لە داوێنى چیاى كۆساڵان لە ناو كەمینێكى ترى پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى گەمارۆ دەدرێ و لەم بارودۆخەش (كەیوان زەفەری) بە زیندویى خۆى بە دەستەوە نادات و بە روومانە خۆى دەتەقێنێتەوە و گیان بەخت دەكات. لە هەمانكاتدا یەكێكى تریان بە ناوى (چەنگیز قەدەم خێر) بریندار دەبێت و بە هۆى سەختى برینەكەى لە رێگاى نێوان (سنە ـ سەوڵاوا)ى مەریوان گیان بەخت دەكات، هەروەها دوو كەسى ترى ئەم گرووپە بە ناوى (فەردین فەرەجى و شۆڕش رەزایی) بە بریندارى لە نزیك شارى سنە بەدیل دەگیرێن و یەكێك لەم گروپە پێنج كەسیە تا ئێستا دیار نییە، دەنگوى بەدیلگرتنى ناوبراو و كەسانى ترى پەیوەندیدار بەم گروپە لە ئارادایە.
لەمبارەیەوە میدیاكانى ناوخۆ و دەرەوە باس و خواسى جیاواز لە سەر ئەم رووداوە دەكەن، بە تایبەت كەناڵە راگەیاندنەكانى كۆمارى ئیسلامى بە شێوازى تایبەت بە گوێرەى سیاسەتى داگیركارى خۆیان بانگەشە و بانگەوازى ئەوە دەكەن، كە ئەم گروپە لە گوندى (هەنیمەن)ى سەر بە شارۆچكەى كامیاران كەسێكى جوتیاریان بەناوى (شێرزاد میلانی) كە بە پێى زانیارییەكان ئەندامى هێزەكانى بەسیجى سەر بە كۆمارى ئیسلامى بووە، كوشتووە. كۆمارى ئیسلامیش لەم رووداوە و بارودۆخى رۆژهەڵاتى كوردستان بە تەواوى كەڵك وەردەگرێت و ئاوەكە لێڵ دەكات و بە مەیلى خۆى ماسى تێدا دەگرێ.
كۆمەڵەى شۆرشگێڕى كوردستانى ئێران لە راگەیاندراوێكى فەرمیدا ئەوە رەتدەكاتەوە كە ئەو گروپە پەیوەندى بە ئەوانەوە هەبێت و شەڕى چەكدارى لەم هەلومەرجەدا لە بەرژەوەندى گەلى كورددا نابینێ و راگەیەندراوەكانى رابردوویان وەك بەڵگەیەك دادەنێن بۆ رووداوەكە كە ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەوە پەیوەندى بە ئێمەوە نییە.
ئەمجۆرە هەڵسوكەوتە ناهەستیارە و بێ پێوانەیە، ئاگرى كورەى هێرشى كۆمارى ئیسلامى بە گوڕتر دەكات و ئاوى زیاتر دەكاتە ئاشەكەی. لەم كاتەشدا كۆمارى ئیسلامى هێرشى خۆى لە ناو وڵاتى كوردان بە هەموو بێشەرمییەكەوە رەوا دەبینێ و ئەمەش ئەم پەندەى پێشینیانمان بیر دێنێتەوە كە باوك مردوو رازى بوو ئاوگۆشتخۆر رازى نابی.
ئەم رووداوە بە هەر شێوەیەك لێكبدەیتەوە كۆمارى ئیسلامى دژمنە و رەخنە هەڵناگرێت و ئەمەش گەوهەرى خۆیەتى، بەڵام بێدەنگى و خۆبەرپرسیار نەزانین و بەم شێوەیە هەڵسوكەوتكردن لە لایەن هەموو حزب و لایەنەكانى رۆژهەڵاتى كوردستان و بە گشتى دوور لە پێوانەى ئەخلاقى و شۆڕشگێڕى و سیاسى نەتەوەكەمانە بە تایبەت بۆ دوو باڵى كۆمەلەى سەر بە عەبدوڵاى موهتەدى و عومەرى ئیلخانیزادە كە یەكیان پەیوەندى خۆى بەم رووداوەى ئەم گروپەوە رەتدەكاتەوە و یەكێكى تریان خۆى بێدەنگ دەكات.
رەتكردنەوەى پەیوەندى ئەم گروپە لە لایەن كۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زحمەتكێشانى كوردستان باڵى عەبدوڵا موهتەدى لە لایەن میدیا و كەناڵە راگەیاندنەكانى كۆمارى ئیسلامى ئێران بووەتە بەڵگەیەكى پتەوە بۆ ئەوەى لە رووى شرۆڤە و لێكۆڵینەوەى سیاسى لێى سودمەند بن و رەوایى بدەنە خۆیان، هەروەها بە كەڵك وەرگرتن لە وتەكانى موهتەدى لەگەڵ دەنگى ئەمریكاى بەشى فارسى (VOA) لە بەروارى (27/01/2011) كاتژمێر (20:00) شەویان كردوەتە بەهانە كە لەو دیمانەیە ئاماژەیان بە وتەكانى ناوبراو لەسەر خەباتى چەكدارى كردووە و هێرشە دڕندانەكەى خۆیان لە لایەن سەربازی، سیاسى و راگەیاندنى رەوا دەكەن، لە لایەكیتر بێدەنگییەكەى عومەرى ئیلخانیزادە بە نیشانەى رەوایى ئەم هێرشە لێكدەدەنەوە.
لێرەدا ئەمە جێگاى پرسیارە، بۆ بەم شێوازە خاوەندارى لە گەلى كورد دەكەن؟! پێویستە لێكۆڵینەوە بكرێ كە چۆن دەبێت جەسارەت بە داگیركەرانى وڵاتەكەمان بدەن؟ تا كەى گەلى كورد زەرەرمەند بێت؟ مەگەر ئەوانە كە كوژراون كورد نین؟ چۆن دووبارە سیاسەتى داگیركەرانى كوردستان سەردەكەوێت و كورد بە كورد بە كوشتن دەدەن ئەوە هەمان پەیڕەوكردنى سیاسەتى داگیركەرانە كە دەڵێن: (سەگ بە سەگ كوشتن...!؟)
جێگەى ئاماژەیە كە هەر لەم مانگى جۆزەرداندا لە رۆژى (2/6/1983) لە شارى مەهاباد (59) لاوى تێكۆشەرى كورد لە لایەن ئەم كۆمارە نائیسلامییەوە گوللەباران كران و ئەمڕۆ لە كەسایەتى ئەم گەنجانە هەمان كارەسات زیندوو دەبێتەوە. لە كەسایەتى هەر تاكێكى كۆمەڵگاى كوردەواریدا گشت گەلى كورد بەرجەستە دەبێتەوە و مرۆڤ و مرۆڤاتى بە بایەخترین نرخى هەر وڵاتێكە. بۆ خاوەن دەرناكەوین بۆ بێدەنگین؟ تاكەى ئوردوگانشینی؟! ئەگەر لە باوەشى براكەى خۆیشت بی، تا كەى بێ ئیرادەیی، تا كەى بێ ئیرادە ژیانكردن، تا كەى ملدان بەم بێكەرامەتیە...!؟ خۆت بە شۆڕشگێرى نەتەوەیەك بزانیت و بێدەنگ بێت! وەڵا ئەم ژیانە حەرامە كە دوورە لە كەرامەتى شۆڕشگێرى و ئەخلاقى نەتەوایەتى.
لاى هەڵۆى بەرزەفڕى بەرزەمژی
چۆن بژى شەرتە، نەك چەندە بژی
ژینى كورت و بە هەڵۆیى مردن
نەك پەنا بۆ قەلى روڕەش بردن
مەگەر ئەوانەى كە گیانیان بەخت كردووە كێن؟ چالاكییەكەى شەهید كەیوان زەفەرى كە خۆ بە دەستەوە نادات فەلسەفەیەكى قارەمانانەى دیرۆكییە.
با بێدەنگى پارچەكانیتر بمێنى بە تایبەت باشورى كوردستان كە دەسەڵاتەكەى لەسەر دەستكەوتەكانى گەلى كورد خۆى دەژیێنێت و لەسەر خوێنى كوردان بازرگانى دەكات و ئەم هەڵسوكەوتە نامرۆڤانە و قێزەونە ناو دەنێن سیاسەت و دیپلۆماسى! سیاسەت هۆنەرى خۆبەڕێوەبردنى كۆمەڵگایە ئەم دەسەڵاتە بۆ پتەوكردنى بەرژەوەندى حزبى و عەشیرەیى خۆى دەتوانێ لەسەر خوێنى كۆمەڵگا خۆى لەگەڵ داگیركەرانى كوردستاندا رێكبخات و بازرگانى پێوە بكات. نەفرەت لەم دیپلۆماسیە.
لە كۆتاییدا دەتوانم بڵێم، ئەمە راستییەكە لە كوردستاندا شەێ هەیە، ئەمڕۆ دواى تێپەڕبوونى (87) ساڵ لە پارچەبوونى كوردستان لە كاتى شەڕى یەكەم جیهانى و تەنانەت پێشتر و لە كاتى دەسەڵاتى سەفەوى و عوسمانییەوە ئەمە راستییەكى حاشاهەڵنەگرە كە لە كوردستان بەشەێ داگیركراوە و داگیركەر بە شەێ درێژە بە دەسەڵاتى خۆى دەدات، لێرەدا مافى سروشتى هەر گەلێكە كەوا وەك میكانیزمى گوڵ و دڕك خۆى بپارێزێ واتە پاراستنى رەوا، ئەگەر گوڵێك ئەم پاراستنە نەكات ئەوە لە سروشتى خۆى لاى داوە. مرۆڤى بێ پاراستن لە گەوهەرى خۆى دوور دەكەوێتەوە، گەل نابێت بێ پاراستن بێت پێویستە گوڵ بێت.
بەم بۆنەوە ئەركى سەرەكى و پێویست، كۆبوونەوەى هەموو حزب و لایەنەكانى كوردان لە كۆنگرەیەكى نەتەوەیى و داڕشتنى ستراتیژیەكى نەتەوەیى بۆ كۆتایی‌هێنان بەم دەستدڕێژییە و ئازادبوونى هەتاهەتایى لە كۆیلایەتییە و پاراستنى گەلەكەمان گەرەنتى دووبارەنەبوونەوەى كومەڵكوژیەكانە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست