<

ئایا کارزان که‌ریم به‌ تیرۆریست له‌ قه‌له‌م ده‌درا، ئه‌گه‌ر میت و ئیتیلاعات بوایه‌؟

12/08/2012, 12:00 (GMT+1)
ئەمڕۆ کەیسی کارزان کەریمی ڕۆژنامەنوس ، گەرمترین کەیسی پێشیلی ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری کوردیە ، بەهۆکاری ئەوەی تۆمەتی "تیرۆر " لەیەخەی ڕۆژنامەنوسێک دراوە لەکاتێکدا ، کارێکی ڕۆژنامەگەری ئەنجام داوە . لەیەخەدانی ئەو تۆمەتەش ، یادەوەریە تاڵەکانی تیرۆر و بەیاساکردنی دۆسیەی شەهید سەردەشتمان بەبیر دەهێنێتەوە هاوکات جارێکی تر نیشانی دایەوە ئەم دەسەڵاتە ،چۆن یاسا و دادگا و ئاسایشی بەناو هەرێمی لەخزمەت میزاج و بەرژەوەندیە حزبیەکانی بەکاردینێ .
رونکردنەوەکەی ئاسایش رەنگبێ بوبێتە هۆکاری ساردبونەوەی خەلکانێک ، بەهۆکاری ئەوەی مادام پارتی و ئاسایشە ،ئاسایە روبەروی هەر تاوان و ئازارو تۆمەتێک ببێتەوە . لەکاتێکدا لای من پێچەوانەیە ، ئەمە هیواکانی زیاتر کردین کەلەناو دام و دەزگا مەترسیەکانی ئەم پارتانە ، خەلک ئاوا دژیان دەوەستێتە ، لەتەک ئەوەی هەموو هاولاتیەک نابێ پێشیلی مافەکانی بەوشیوە مەترسیدارە بکرێ . بەلام بەداخەوە ئاستی تێگەیشتنی تاکی کورد نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کاردانەوە و هەلویستی بەپێی تاوان مامەڵە لەگەل (تۆمەت وپێشێلکاریە) مەترسیەکان بکات ، بەلکو ئاستی ناودەنگی سیاسی و کەسێتی و ڕۆژنامەگەری لەتەک ئەوەی هیشتا ئەو ئەقلەیەتە زالە لای ئێمە مادام پارتی یان یەکێتیە ، خەلکی ئازادیخواز نابێ بێتە پێشتیەوە وە دەسەلاتیش وەک ئەندامێکی خۆی ئازادە بیگرێ و ئەشکەنجەی بدات وەک رونکردنەوەکەی بەناو ئاسایشی گشتی کەئەندامی خۆیانە بارێکخراوەکان تێکەلی نەبن !؟ لەکاتێکدا داکۆکی لەئازادی سیاسی بەپێی جارنامەی مافی مرۆڤ ،نەپلەی سیاسی و کەسیتی دەزانی ، نە لایەنگیری پارتایەتی بەڵکو بەپێی بەئاستی جۆری تاوانەکە دەپێورێت ، . بەواتای ئەگەر ئەندامیکی قاعیدەی تیرۆریستیش ئەشکەنجە بدرێ و نەدرێتە دادگا پارێزەر و دیداری نەبێ ، دەبێ دژی بوەستینەوە
بۆ من کەیسەکان هەرگیز ، سەیری لایەنگیری حزبیم نەکردوە ، راستی ئەمانەش ، چەندین کەیسی لەشیوەی لایەنگیربونی ئەو تاکانەی کۆمەل کەپێشیلی مافەکانی مرۆڤ بونەتەوە لەنمونەی ئەوکاتەی (رزگار رەزا چوجانی و ئەرسەلان مەحمود) ئەندامی پارتی بون ، محمەد ئاشکنەیی ، گومانی پاراستن لەسەری بوو ، وەلیدی ئیسلامی و تورکمان کە ٩سالە نەدراوەتە دادگا ، چەندین کەیسی ئیسلامی کەکارمان لەسەر کردوە لەکاتێکدا تاسەر ئیسقان دژ بەباوەرە سیاسیەکانیانم .
کارزان کەریم پارتی و ئاسایش بونی چی دەگەیەنێ
ئەگەر بەچاویکی تر سەیری کارزان کەریم بکەین ، هەست بەوە دەکەی ، هیشتا لەناو ئەدەسەلاتەی کە ٢٢ ساڵە هەول دەدات تاکی کورد بەرەو ژیانی ئاژەلی ببات (بەس بەدوای نێچیری خۆی بگەرێ و بیر لەچواردەور نەکاتەوە) هیشتا لەناوئەو دەسەلاتە مرۆڤانێکی جوان و بەویژدان ماون و هەول دەدەن ، وەک ئێمە ، پێش بەو فەرهودو تاوان و ناپاکیە نیشتمانیەکانی پۆلێ بنەمالەی سیاسی بگرن کەنیشتمان دادەماڵن لەهەموو جوانیەک . یەکێک لەمانە کارزان کەریمە
بۆیە ئەگەر سەیر بکەین ، کارزان سەرباری ئەوەی لەناو پارتیە وە کادیرەکی ئاسایشە (ئەگەری پاراستن بونیشی هەیە) ، کەچی لەناو ئەحزبەدا ، هەست دەکات ، شوێنێکی تیا نیە لەحزب و میدیا و دەزگای ئاسایشەکەی ، کەڕێگری لەوتاوان و مافیابونەی بەرپرسان بگرێ ، بۆیە یاری لەگەل مەرگ دەکات و بەنهینی و بەنازناو بابەت بۆ کوردستان پۆست دەنوسێ تا پێش بەتاوانەکان بگرێ و ویژدانی خۆی ئاسودە بکات. کەلەچرکەیەکدا ئاشکرا دەبێ ، هاوشیوەی بەعس دەرفێنرێ و بۆماوەی یەک مانگ هاوشێوەی زیندانی هەیئەی خاسەی کەرکوک و دائیرەی ئەمنی بەعسی و ئیتلاعاتتیەکان ، بەردەوام ئەشکەنجە دەدرێ ، وە لەژوری تاکەکەسی زیندان دەکرێ . بەهۆکاری ئەوەی چۆن دەبێ کادیرەکی ئاسایش و پارتی بێ بابەت بۆ مالپەرێکی وەک کوردستان پۆست بنوسێ ، ئەمە هۆکاری سەرەکی گرتن و تیرۆریستیەکەیتی ، ئەگەرنا ئاسایشیش دەزانێ ئەگەر کارزان (ئیتلاعات و میت) بوایە هەرگیز ئەودەزگایە بوێری نەبوو بۆیەک کاتژمیریش بیگرێ و ئەشکەنجەی بدات ؟
بۆیە ئەرکی هەموو دەنگێکی ئازادیخوازە ، نەسەیری ئەوەبکات کارزان خاوەن سەربەچ دەزگا و حزبێکە ، نە بشترسێ لەوەی سبەی کارزان بێتە سەر ساشەی تێڤی و لیدوان لەبەرژەوەندی دەسەلات بدات ، ئیمە لەریگای ئەوکەیسەوە ، شەرێک دەکەین ، کەدەمانەوێ پێش بەو پێشیلکاریە مەترسیدارانەی دەزگای ئاسایشی بگرین کەدەیەوێ تاکی کورد لەهاولاتیەکەوە بۆ نوسەرو ڕٶشنبیرانی ، بەئارەزوی خۆی بگرێ و بکوژی و ئەشکەنجەی بدات وەک گالتەجاریەکانی پێشوی ، لە ٣٠ ساڵ زیندانی کردنی کەمالی سەید قادر و دواتر بێ بریاری دادگا نێچیرڤان بارزانی دەرگای زیندانی بۆدەکاتەوە ئازادی دەکات . یان بەتیرۆریست ناسینی شەهیدی هەمیشە زیندوو سەردەشت عوسمان و بەتاوانبارکردنی قوربانی بە جەلاد برایمی کاکە ئەحەیە...

لەکۆتایش بەپارتی دەلیم ، ئەگەر هەست بکەن لەناو قولایی و لەناو دەزگاکانتان خەلک دژتانە ، بۆیە درێژەدان بە عەقلی کلاسیکی کۆنتان دادتان نادا جگە لەوەی پەروەندیکی تر بۆخۆتان دەکەنەوە کەلەکۆتایی هەردەبێتە رسوایی ئازادبونی کارزان ، چونکە ئەمرۆ ەئو دۆسیەیە لەدۆسیەی ناو ئاسایش تێپەریوە پانتایی نیو ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسان گرتۆتەوە دەگرێتەوە و بۆتە بابەتێکی زیندوی ناو میدیا و ڕۆژنامەنوسانی کورد ، کۆتایش بەو سیناریۆیە ناشیرنانە ی هاوشیوەی کۆنەکانت بهێنە، هەمومان دەزانین کەلەکوردستان هەرچی دەزگایە تەراتێنی کاری سیخوری دەکات بەتایبەتی میتو ئیتلاعات کەنەک ئیوە ناتوانن کەسیکیان دەستگیر بکەن بەلکو بەبارەگاش دەیان پارێزن !؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست