بۆ عدنان موفتى: پێت بەقەد بەڕەكەى خۆشتان ڕانەكێشا!!
21/06/2009, 12:00 (GMT+1)

قونسلوگەر ئەو مافەى بەخۆى داوە كە لەژێر ناوى پەیوەندى و هاوكارى دولایەنە دەخالەت لە ووردو درشتى كوردستاندا بكات، بەڵام ئەم سەرۆكەى پەرلەمان هەروەك لەوێنەكەدا دیارە بەشەرمەوە لەبەردەمیا دانیشتوەو خۆى بەقەرزارى ئاغاى عەزیم و خومەینى و خامنەئى و حكومەتەكەى ئەزانێت و وورتەیەكى لێوە نایەت سەبارەت بەو پێشێلكاریانەى سەرانى دڕندەى ئیسلامى لەئێران دەرهەق بە خۆپشاندانى هێمنانەى خەڵك ئەیكات، كە هەر دوێنێ بەپێى سایتى (العربیە) 19 كەسیان كوشتوە، ماوەى هەفتەیەكیشە دەیانیتریان كوشتوەو سەدانیشیان ڕاپێچى زیندانەكان كردوە، كەچى ئەم سەرۆكى پارلەمانەى كوردستان لەجیاتى ئەوەى ئیدانەى ئەو قەتڵوعامە بكات، یان لانى كەم ڕازى نەبێت لەم كاتەدا پێشوازى لەنوێنەرى ئینسانكوژان بكات، یان هەر هیچ نەبێت نیگەرانى خۆى یان پەرلەمان یان خەڵكى كوردستانى پێڕابگەیەنێت، كە كوشتارگاكەى ئێران كەمتر نیە لەو كردەوە تیریستیانەى كە گیان و ژیانى دەیان و سەدان كەس لەچركەیەكدا كۆتایى پێدێنێت. بەڵام نەك هیچكام لەمانەى نەكردوە، ئەوەتا بیین چۆن لەبەردەمیا وەك كۆیلە یان مەئمورێكى ئەوان دانیشتوەو گوزارشى وەزع و حاڵى كوردستانى پێئەدات.
لەبەردەم دوژمنان ملتان لەمو باریكترەو زۆر لەوەش كەمترن لەبەردەمیاندا لەچاو ئەو دیمەنانەى كە لە دەزگاكانى ڕاگەیەندنەكانتانەوە نیشانمان ئەدەن، كەچى بەسەر خەڵكى ڕەش و ڕووتى كوردستانەوە لەنەڕەى شێر زیاترن و داهات و نان و فرسەتى كار و تەنانەت هەواشتان لەخەڵك قۆرخ كردوە.
ئەم نەنگیە پێویستە لەلایەن و خەڵك و ئازادیخوازانەوە ئیدانە بكرێت و لەبەرامبەردا پێویستە بە سازدانى ڕێپێوانێك بۆبەردەم قونسوڵخانەكەى سەرانى ئینسانكوژى ئیسلامى لەئێران وەڵام بدرێتەوەو لەوێ ناڕەزایەتى خەڵكى كورستانیان پێبوترێت كە كوشتار درێژە پێبدەن، لەكوردستان وەدەرئەنرێن. ئێوەش كاك عدنان و وەفدە یاوەرەكەت، ئەم خزمەتەى سەرانى ئیسلامى لەئێرانتان پیرۆزبێت.
21/6/2009
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

