<

وەڵامێك بۆ سەرۆ قادر كێ دەبێت بە خۆیدا بچێتەوە؟!

01/08/2009, 12:00 (GMT+1)
دیمانەكەى سەرۆ قادر و پێش ئەویش دیمانەكەى ئازا حەسیب قەرەداخى لە كەناڵى ئاسمانیی "زاگرۆس"ەوە، تا بڵێى دوور بوو لە راستگۆیی و ئیتیكى رۆژنامەنووسیی و بنەما و پرەنسیپی پێكەوە ژیان و ئەخلاقى كەسى دیموكراسیخواز، ئەوەش نەك لە بەرئەوەى رەخنەى لە یەكگرتوو و كۆمەڵ و لیستى "گۆڕان" دەگرت، بەڵكو لەبەر ئەو شێوازەى كە پێى دەدوا و قسەى پێدەكرد!
كاك سەرۆ، كە فێرە ناو و ناوبانگى حزب و كەسایەتیی و سیاسییەكانى نەیارى بزڕێنێت و هەرچیش ناگونجێت و راست نییە، بیداتە پاڵ ئەوانى دیكە، بۆیە سەیر نەبێت بە لامانەوە، كە بینیمان بەو شێوازە دەدوێت و قسە دەكات، چونكە لاى ئەو و هاوشێوەكانى، ئەو شێوازە بۆتە كلتوور و پێیدەناسرێنەوە: هەر كاك سەرۆ بوو هەموو كۆمەڵگەى كوردیی بە "سەگ" ناوبرد، هەر ئەو بوو تۆمەتى دایە پاڵ هەموو ئەنجوومەنى پارێزگەى سلێمانى و تۆمەتبارى كردن بە "بەكارهێنانى پارەى ئەنجوومەن بۆ گردە"، واتە بۆ لیستى "گۆڕان" و زۆر تۆمەت و دەربڕینى نەشیاوی تریش، كە نابراو لە دیمانە و نووسین و لێدوانەكانیدا دەرى بڕیون و دەریشیان دەبڕێت. لە كاتێكدا كاك سەرۆ بەو سیفەتەى بەرپرسى دەزگەیەكى گرنگ و هەستیارى پارتییە، كە دەزگەى راگەیاندنە، هەروەها ناوبراو خۆى بە "نووسەر" و "رۆژنامەنووس" دەزانێت، بۆیە حەقە زۆر ئاگادارى قسە و لێدوانەكانى بێت، چونكە هەر قسە و لێدوانێكى ناوبراو دەبێتە ماڵ لە سەر پارتیش، بەدەر لەوەش بەراستى نووسەرایەتیی و رۆژنامەنووسیی بەو شێوە نابێت و نەگونجاوە، هەر كەسێ دەنگى بە پارت و پاڵێوراوەكەت نەدا، بە "شێت" و "نەخۆش" و "درۆزن" ناوزەدى بكەى!
پاشان زۆر بە روونیی دیارە، كێ درۆى لەگەڵ گەل و وڵاتەكەیدا كردووە؟، كێ چەندان ساڵە داهاتى كوردستان دەدزێت و هەر دەنگێكى ناڕازییش بە دوژمنایەتیی دەبینێت و بە هەڵكوتانە سەر بنكە و بارەگاكان و بەردباران كردنیان، وەڵام دەداتەوە! ئەوە ئیسلامییەكانن كە دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، یان پارتى و یەكێتى!؟. لە هەڵبژاردنەكانى ساڵى (1992)دا، یەكێتى و پارتى، پەنجا بە پەنجا دەنگیان هێنا، ساڵى (2005) نزیكەى هەشتا كورسیان هێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، بەو هەموو خروقات و تەزویراتەشەوە، دەبینین هەریەكەیان لەوانەیە سی كورسى بەرنەكەوێت! كەواتە كاك سەرۆ فەرموو تۆ پێمان بڵێى: كێ زەروورە بە خۆیدا بچێتەوە؟!
ئەو هەموو ناڕەزاییەى هاوڵاتیانى كوردستان لە ئەزموونى حكومداریی یەكێتى و پارتى هەیانە، گەر پارە و ئیمتیازپێدان، هەڕەشەى دانەمەزراندن و فەسڵكردن لە داو و دەزگەكانى حكومەت، تەزویر و خروقات نەبوایە، دڵنیابن بە هەر دوو حزبە زلهێزەكەى كوردستان بە هێندەى چەپەكانتان نەدەهێنا! (لەگەڵ رێزم بۆ چەپەكان، وەك ئیهانە ناڵێم)، ئیتر بۆچى ئەو رێژەیەى لیستى "خزمەتگوزاریی و چاكسازیی" بەدەستى هێناوە، بە تەوسەوە باس دەكەیت و دەڵێت: ئەم رێژەیە دەنگى حەقیقى ئیسلامییەكانە. باشە گەر ئەوە رێژەى حەقیقى ئیسلامییەكانە، ئەدى رێژەى حەقیقى ئێوە چەندە؟، بێ تەزویر و خروقات!. ئێمە سوپاسى خوا و پاشان ئەو خەڵكە دەكەین، كە بێ هەڕەشە و گوڕەشە، بێ گفتى دامەزراندن، یان فەسڵكردن، بێ تەزویر و خروقات دەنگیان پێداوین.
بۆیە پێموایە، گەر هەر كەس و لایەنێك باس لە زەروورەتى بە خۆداچوونەوە بكات، ئەوە بێگومان دەبێت ئێوە بن، چونكە لە شارەكەى هەڵمەت و قوربانییدا دۆڕانتان و شار كەوتە دەست ئۆپۆزیسیۆن! لە هەولێر و دهۆكیش بێگومان بن تەزویر و خروقات فریاتان كەوت! دەنا رێژەى دەنگدانتان زۆر لە هى سلێمانى باشتر نەدەبوو!.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست