<

من دەڵێم وەزارەتى تەندروستى گەندەڵترین وەزارەتە (2)

09/01/2010, 12:00 (GMT+1)
بێ گومان لە سەرجەم وەزارەتەكانى حكومەتە ساواكەمان بە درێژایی وجودیان گەندەڵی و دزی بەدی كراوە ودەكرێت. بەڵام من وەكو دكتۆرێك كە كاردەكەم لە یەكێك لە پێكهاتەكانى وەزارەتى تەندروستى ئاگام لە بەشێك لە گەندەڵیەكانى ئەم وەزارەتەیە وبە واجبی سەر شانمی دەزانم كە بێدەنگ نەبم لێیان. بۆیە دەڵێم گەندەڵترین وەزارەتە، بەهۆى زۆرى دزەكان وزۆرى كردەوە نابەجێكانیان لە لایەك ولە لایەكی تر بەهۆى ئەوەى دزی كردن لە وەزارەتى تەندروستى راستەوخۆ پەیوەندى بە ژیان وتەندروستى خەڵكەوە هەیە بۆیە جیاوازى هەیە لە نێوان ئەوەى بۆ نموونە كە ئەندازیارێك لە وەزارەتى شارەوانی 1 دەفتەر دۆلار بەرتیل وەرگرێت لە پرۆژەیەكی دروست كردنی پاركێك دزی كردنە لە موڵكی گشتی بەڵام وەكو ئەوە نیە كە بەڕێوەبەری هێنانی دەرمان بۆ نموونە دیسان 1 دەفتەر دۆلار بەرتیل وەرگرێت بەرامبەر ساغ كردنەوەى دەرمانی خراپ یان/و ئێكسپایەر بەسەر خەڵكی بێ تاوان.
بە باشم زانی بەشی دووەمى ئەم بابەتەش تەرخان بكەم بۆ گەندەڵی یەكانى د. رەمزی عوسمان محمد بەڕێوەبەرى كۆمنترۆڵی جۆرى دەمان وئامێر وپێداویستى پزیشكى وخێزانەكەى د.ابتهال بەرێوەبەرى موئەسسەسەى كۆگاكانى دەرمان وپێداویستی پزیشكی. لە پێشوودا كاتێك كە دەرمانی خراپ وئێكسپایەر وبێ مواسەفات دەهێنرا ودابەش دەكرا لە لایەن كۆمپانیاكانی دەرمان وهەندێك جار لە لایەن قاچاغچیەكان، حكومەت و وەزارەتى تەندروستى وسەندیكاى دەرمانسازان هیچ دەسەڵاتیان نەبوو بەرامبەر بەم دیاردەیە چونكە كۆنترۆڵی جۆرى هێشتا دانەمەزرابوو. تەنها ئەوە دەكرا هەندێك جار داواى دۆكیومێنتی كۆمپانیاى بەرهەمهێنەریان دەكر بۆ رێگەپێدان بە هێنانی دەرمانەكە لە دەرەوە. كە ئەوەش كارێكی زۆر ئاسان بوو بە نیسبەت هەموو كۆمپانیاكانى دەرمان وباش وخراپ دەیتوانى ئەوراقەكە تەرتیب بكات. بەڵام كە بەشی كۆمنترۆڵی جۆرى دامەزرا بەڕاستى هەواڵێكى دڵخۆشكەر بوو وچاوەڕوانى ئەوەى لێ دەكرا كە بە تەواوەتى كۆنترۆڵی هێنانى دەرمان لە دەرەوە بكرێت لە گەڵ هەندێك گومان بەوەى كە لەوانەیە بەڕێوەبەرى كۆنترۆڵی جۆرى بەرتیل وەرگرێت بەرامبەر رێگەپێدان بە هێنانى دەرمانى هەرزان وخراپ، ئێستاش پاش تێپەڕینی زیاتر لە سالێك بەسەر كردنەوە وكاركردنى بەشی كۆنترۆڵی جۆرى دەرمان سەیر دەكەین هەمان جۆرى دەرمانى خراپ وهەندێك جار ئێكسپایەر لە بازارى رەشی دەرمان ودەرمانخانەكان وكۆگاكانى دەرمان وكۆمپانیاكانى هێنانى دەرمان بەدی دەكرێت تەنانەت لە كۆگاكانى سەر بە وەزارەتى تەندروستیش بەدی دەكرێت بە رێژەیەكی زۆر كە ئەویش دابەش دەكرێت بەسەر نەخۆشخانە گشتیەكان. ئەمەش یەك ماناى هەیە كە بەشی كوالیتی كۆنترۆڵ بە سەرۆكایەتى دكتۆر رەمزى عوسمان محمد بە بێ گوێ دان بە ستانداردى جۆرى دەرمان بە پێی رێكخراوى تەندروستى نێودەوڵەتى وستانداردى وەزارەتى تەندروستى عێراق وكوردستان رێگەدەدەن بە هێنانى دەرمان بەرامبەر چەند بەرژەوەندیەكى تایبەتى وكەسی د. رمزى كە رێكەوتنى ستراتیژى هەیە لەگەل چەند كۆمپانیایەكى دەرمان كە هەوڵ دەدەن كۆنترۆڵی بازارى دەرمان بكەن لە كوردستان. یەكێك لەوانە كۆمپانیاى هۆزە كە تا ئێستا زۆر دەرمانى تۆمار كراو وناتۆمار كراو، باش وخراپ دەهێنێت و تێیدەپەرێنێت بەسەر كۆنترۆڵی جۆرى ودەیفروشێت بە وەزارەتى تەندروستى وبازارى ڕەش بە رامبەر بەرتیل خۆر كردنى د. رەمزى وخێزانەكەى د.ابتهال كە بەرێوەبەرى كۆگاكانى دەرمانى سەر بە وەزارەتى تەندروستیە. وە ئەو دەرمانانەى كە كۆمپانیاى هۆز دەیانهێنێت بەشێكی دەرمانى باش وئەسلین وماركەى نێودەوڵەتین بەڵام بە پێكهاتن لەگەل د.ابتهال بە نرخی زۆر خەیاڵى دەیفرۆشن بە حكومەت بە رێگاى كرێنی راستەوخۆ (واتە بێ تەندەر ومونافەسە). نرخەكان بەرز دەبنەوە بەگوێرەى سەقفی داواكارى ئەو كەسانەى تێوەگلاون لە جێ بەجێ كردنى سەفقەكان یەكێك لەوانە بەرێوەبەرى كارگێریە ئازاد هادى كە دەبێتە براى پارێزگارى هەولێر نەوزاد هادى.
جا داوا لە وەزیری تەندروستى وبەرێوەبەری گشتى فەرمانگەى تەندروستى هەولێر وهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم یەك پرسیار لە خۆیان بكەن ئەویش (ئایا لەبەرچی هەمان دەرمانى خراپ لە بازاڕى دەرمان وكۆگاكان بەدی دەكرێ لە پێش ولەپاش دامەزراندن وكاركردنى كوالیتی كۆنترۆڵ ؟!) وداوا دەكەم لێكۆڵینەوە وبەدواداچوون بكەن لەم مەسەلەیە وبا سەیرى فاتوورە وقائیمەكانی كرینی دەرمانەكان بكەن لە لایەن فەرمانگەى ناوبراو. منیش ئامادەم هاوكارى هەر لایەنێك بكەم بە دابین كردنی بەڵگە ودۆكیومێنت وئەوراقی سەفقەكانیان.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست