پشتیوان سادق بوختان بە دەم (خودا) دەكات!
05/05/2009, 12:00 (GMT+1)

ئەمانەن كادیرە باڵاكانى پارتى و پارێزەرى خاك و میللەت! دەبێ لەم كادیرە بپرسم، كە ئایا كێشەى تۆ لە ئاسمانە، یاخود لەسەر زەوى و مرۆڤەكان؟! بێگومان كێشەى ئێمە لەسەر ئەرز و مرۆڤەكانە، كەوایە رێگەچارەش تەنها ئەقڵ و تێگەیشتن و دانیشتنى سەر مێزى گفتوگۆ و سیاسەتە، نەك چاوەڕوانى فریادڕەس بیت، كە ئەویش (خودا)یە، تێناگەم بۆ ئەم كادیرە لە وەڵامیدا ئەو دێڕەى فڕێدا! ئایا حیزبەكەى هیچ سیاسەتێكى بۆ ساتەوەختێكى وەك خەتەرەى هێزە دەولیەكان پێ نییە!؟ یاخود هیچ سیاسەتێكى پێشوەختەیان دانەڕشتووە!؟ ئەى ئیشتان چییە؟!
گەرچى (پشتیوان سادق) وەك دەڵێن لەمەڕ بابەتى تیرۆر شارەزایە! دەشزانین كە بەرپرسى لقێكى پارتیە لە شارى هەولێر، بەڵام ئەم مواسەفاتانە و چەندانى تریش نابنە هۆى رێگرى لە هەڵە نەكردن، چ لە وتە، چ لە كار. هەر لێرەدا بەسەرهاتێك خۆى قوت دەكاتەوە ئەویش، جارێكیان سێ كەس دانیشتبوون، ئەوانیش رۆژنامەنووسێك و كادیرێكى یەكێتیى و كادیرێكى پارتى، نە كادیرە یەكێتیەكە زانیبووى ئەوی تر پارتییە، نە پارتیەكەش زانیبووى كە ئەویتر یەكێتیە، ئیدى لە كاتى قسەكردندا كادیرە پارتیەكە وتبووى: "ئێستا لەم سەردەمى گڵۆباڵیزمەدا من ناتوانم بێم مناڵەكەم تێبكەیەنم و بڵێم بارزانى بەو شێوە لە ئاوى ئاراز پەڕیوەتەوە....هتد"، دواتر كادیرە پارتیەكە هەڵدەستێ و دەڕوات، كادیرە یەكێتیەكە لە رۆژنامەنووسەكە دەپرسێت، كە ئەم كەسە كێ بوو؟ رۆژنامەنووسەكەش لە وەڵامدا دەڵێ: "كادیرێكى پلە مامناوەندى پارتیە"، كادیرە یەكێتیەكەش دەڵێت: "باشە ئەم گڵۆز گڵۆزەى لەچى بوو، تا ئێستاش لە سەدا 90ى پارتیەكان وادەزانن، كە ماركس و لینین ژن و مێردن!". نموونەیەكى تریش، رۆژنامەنووسێكى هاوڕێم ئەوەى گێڕایەوە، كە شەوێكیان ئەندامێكى سەركردایەتى پارتى مێوانیان بووە، ئەو كادیرە باڵایەى پارتى باسى لە (بوون) كردووە!!!! (پارتى و فەلسەفە!!)، ئەوەشى وت: كە ئەو كادیرە باڵایە هەرچى خۆى دەهێنا و دەبرد و زۆرى لە خۆى دەكرد، نەیدەزانى چۆن ئەو باسەى كە كردوویەتیەوە، دایبخاتەوە، (ئەفلاتوونیش نەیتوانى مەفهومێكى تەواو لەسەر (بوون) بداتە كەس).
ئەو نموونانەى سەرەوە و دەیان نموونەى تر كە راستن و خۆشم لە نزیكەوە ئاگادار بووم، بەڵام رۆژێك بێت، نەك پشتیوان سادق بیەوێت تەحویلى غەیبمان بكات، بەڵكو هەر بە نموونەى نەزانى كادیرە باڵاكانیان تەحویلى سەركردایەتى و مەكتەبى سیاسیى خۆیانیان دەكەینەوە.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

