كەسوكاری ئەنفالكراوەكان نایانەوێت قەرەبوو بكرێنەوە
14/04/2010, 12:00 (GMT+1)

بەڵێ داوا لەكەسوكاری ئەنفالكراوەكان دەكەم كە داوای قەرەبووكردنەوە نەكەن، چونكە قەرەبووكردنەوە لای پارتی و یەكێتی بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوەكان دەبێتە بەشێك لەو قاسەیەی كە یەكێتی و پارتی بەكاریدەهێنن هەر وەك ئەو قاسەیەی كە ماوەی 6ساڵە پارەی تێدەچێت بۆ زیندانە سیاسییەكان و مانگانە وەك قەرەبووكردنەوە بۆیان سەرفكراوە لەبەغدادەوەو ئەمان لەو قاسەیەدا بۆ خۆیان گلداوەتەوە و نكۆڵی لەبوونی دەكەن، تەنانەت شەرم لەو نووسراوانەی خۆشیان ناكەن كە دەكەوێتە دەست زیندانییە سیاسییەكان بوونی وەرگرتنی ئەو 24ملیار دینارە دەسەلمێنێ.
بەڵێ ئەوەتا لەنووسراوی ژمارە 11926-ی رۆژی 5/11/2008 كە لەلایەن نوسینگەی وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان-ەوە ئاراستەی نووسینگەی وەزیری دارایی كراوە دەربارەی ئەو 24ملیار دینارەو تێیدا هاتووە: دوای بڵاوبوونەوەی كۆی وەرگرتنی بڕی 24ملیار بۆ زیندانە سیاسییەكانی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، لەبەغدا ناڕەزایی لەنێو زیندانە سیاسییەكاندا بڵاوكردووەتەوە، بۆیە داوای روونكردنەوەتان لێدەكەین بەڵام وەزارەتی دارایی دەیان بیانوو بەڵگەی جیاجیای هێنایەوە كە ئەوان ئەو پارەیەیان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا وەزارەتی شەهیدان نەزانێت كە ئەو پارەیە وەرگیراوە چۆن نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی دەكات تا روونكردنەوەی بداتێ.
ئەمەیە ئەو مەسەلەیەی كە لەڕێگەیەوە پارتی و یەكێتی خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەكەن، ئەگەرنا كەس هەیە حەزنەكات كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیش قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام تەواوی كەسوكاری ئەنفالەكان دڵنیادەكەمەوە كە ئەگەر حكومەتی عیراقیش ئەو قەرەبووكردنەوەیە بگرێتە ئەستۆی خۆی، یەكێتی و پارتی بەبیانووی ئەوەی لەسەر17%ی بوودجە نییە یان سەدان بیانووی بۆ دەدۆزنەوە كە نەگەیشتۆتە دەست ئەوان و وەكو ئەو دەیان تریلیۆن دینارەی كە چەندین ساڵە كەس نازانێ چۆن سەرفدەكرێت، ئەو قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكانیش تیا دەچێت و دەچێتە گیرفانی پارتی و یەكێتی ئێوەی كەسوكاری ئەنفالەكانیش وەك چۆن تائێستا چاوەڕوانن هەر دەبێت چاوەڕێبن.
بۆیە تا ئەم دوو حزبە لەدەسەڵاتدابن هەرگیز حەز مەكەن قەرەبووبكرێنەوە چونكە پارەكەی بۆ ئێوە نابێت بەڵكو دەچێتە گیرفانی یەكێتی و پارتی.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

