كێن ئەوانەى دەیانەوێت ڕۆحى سلێمانى تیرۆر بكەن؟
13/02/2009, 12:00 (GMT+1)

ئەگەرى چى ئەو نازناوە هەندێك جار بۆ موزایەدەیەكى سیاسى یان بۆ چارەسەركردنى عوقدەى تاكى سلێمانى كە ڕۆژ لە داواى ڕۆژ هەستى بچوكبوونەوە سلێمانى لەبەرامبەر هەولێردا لەلا گەورەترو ئازار بەخشتر دەبێت كاتێك دەبینن(پێشكەوتن بەمانا ماددى و ڕواڵەتیەكەى)لەهەولێر زیاترە لە سلێمانى ,بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان دەبێت ئەو شایەتیە بدەین سلێمانى بە درێژاى مێژووى خۆى هیچ ساتێك نەبووە جێدەستى لە بەرەوپێشچوون و پێشخستنى بزافى ئەدەبى و ڕۆشنبیرى نەبوبێت..
ئەوەى واى لێكردم بێمە قسە چەندبارە تیرۆركردنەوەى ڕۆحى سلێمانییە هەر سێ مانگێك لەمەوبەر بوو لەلایەن پیاوەكانى دەستەڵاتەوە هێرش كرایە سەر (ژەنراڵى پایز)و گەورەترین بێحورمەتى كرا بەرامبەر بە شیعر و شاعیرێكى گەورەى سلێمانى هەروەها ئەوەتانێ جارێكیتر و كۆتایەكانى مانگى 1ى ئەمساڵدا و لەبەرەبەیانێكدا لەلایەن سریەى ئینزیباتى ئالیاتى سەراوە هێرش دەكرێتە سەر كتێبفرۆشەكانى بەردەركى سەرا و ئەو هێزەى سەر بەدەستەڵات دەستیان گرتووە بەسەر كتێبەكانیانداو كتێبفرۆشەكانیشیان دەستگیر كردووە.
كتێب و كتێبفرۆشەكانى سلێمانى بە بڕواى من جوانترین دیمەنى سلێمانین و خۆراكى ڕۆحە تینووەكەى بزافى ڕۆشنبیرى ئەو شارەن,ئەوەى واى كردووە سلێمانى لە پێشەوەى هەولێرو دهۆكەوە بێت بۆ نازناوى پایتەختى ڕۆشنبیرى بەرزى باڵەخانە و زۆرى سۆپەرماركێت و پارك و شۆستەو شەقامى فراوان و.....هید نییە چونكە هەولێرو دهۆك لەم ڕووەوە دەیان ساڵ لە پێشەوەى سلێمانیەوەن ئەمە لەسەر ئاستى ماددە,لەسەر ئاستى گیانى بەهەمان شێوە نازناوى پایتەختى ڕۆشنبیرى بۆ جیاوازى سیماو شكڵى خەڵكى سلێمانى ناگەڕێتەوە بەڵكو جیاوازى بیركردنەوەى خەڵكانێكى سلێمانییە دەگەڕێتەوە كە لە ڕێگەى كتێبەوە دەستیان كەوتووە نەك لە ڕێگەى كرۆمۆسۆماتەوە بۆیان مابێتەوە.
ڕۆحى هەموو شارێك كتێبە هێرشى ئەم جارەى پیاوەكانى سلێمانى لەبەردەركى سەرا هێرشێك نییە دەستەڵات بتوانێت بۆ هەڵەى چەند چەكدارێكى بگەڕێنێتەوە و وەك ئەوەى جارى پێشوو كە بەبەرنامەوە هێرشكرابووە سەر محمد عومەر عوسمانى شاعیر بەڵام دواتر گۆزەكەیان لەسەر چەند چەكدارێكدا شكاند,بەڵام خۆ ئەمجارەیان ناتوانن خۆتان لە بەرپرسیاریەتى تیرۆركردنى ڕۆحى سلێمانى بدزنەوە ,چونكە ئەمجارەیان بۆتان پەردەپۆش ناكرێت.
هەوڵدان بۆ دڕاندنى كتێبێك و سانسۆركردنى و ڕگریكردن لەوە بگاتە دەستى خوێنەران هەوڵدانە بۆ شوشتنەوەى مێشكى مرۆڤ و تیرۆركردنى عەقڵ و فیكرە,بۆیە پێویستە هێرشى ئەم جارەى هێزەكانى سەر بەدەستەڵات بۆسەر كتێب و كتێب فرۆشان بە هەوڵدان بۆ تیرۆركردنى ڕۆحى سلێمانى حسابى بكەین و لە ڕۆژى جیهانى كتێبدا تێكڕا پێوە بە هەموو جیهان ڕابگەیەنین دەستەڵات لە سلێمانى تیرۆرى ڕۆح و عەقڵ و فیكر دەكات....
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

