لەدواى پڕبوون ...هێشتاش كڕبوون؟!
03/02/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەرێ بەراست ئێستا زوو نیە بۆ راپەڕین ؟ ئایا دەكرێت لە بەرامبەر دەستەڵاتى خۆت راببپەڕیت ،كە خۆت خەباتت بۆ كردووە ؟ ئایا خەڵكى حەز لە گۆرانكارى دەكات ؟ ئایا دەیانەوێت بارودۆخى كوردستان بگۆرێت ؟
من بەش بە حاڵى خۆم دەڵێم :هێشتا زووە بۆ نارەزایى شەقامى كوردى ،هێشتا كاتى ئەوە نەهاتووە داواى چاكسازى لە حكومەت و پەرلەمان بكرێت ،چونكە ئەم حكومەت و پەرلەمانە هێشتا ساوایە و بۆنى شیرى لە دەم دێت .
هێشتا ژمارەى ئەو چراو فانۆس و مۆمانەى لە ماڵەكانمان دادەگیرسێن كەمن و هەموو ماڵەكانى شارى نەگرتووەتەوە .لە بەر بێ كارەبایش تەنها سێ چوار رۆژ بێبەش دەبین لە بینینى تەلەفزیۆن و هەڵكردنى كۆمپیوتەر .
هەوڵمەدەن نارەزایى دەرببڕن لە حكومەتى حزبى چونكە هێشتا نەیاتوانیوە (%50)ى مامۆستایان و خوێندكارانى زانكۆ و پەیمانگاكان دەستەمۆ بكەن ،كەواتە هێشتا زووە بۆ راپەورین .
هێشتا سامان و داهاتى ژێر زەوى ئەم هەرێمە ماوە كە بەهاوبەشى لە گەڵ كۆمپانیاكان دەربهێندرێت زۆریشى ماوە بیخۆن ، بۆیە هێشتا سەروەت و سامانێكى زۆر ماوە كە بەرپرسە بازرگانە سیاسیەكانى دەوڵەمەند بە سامانى مللیەت ،دەوڵەمەنتر بكات .
هێشتا زووە ..خۆ هێشتا هەزاران دۆنم زەوى ماوە كە بەسەر خۆیانى دابەش بكەن ،یاخود بیدەن بە كوڕ و خزم و كەسە نزیكەكانیان .لە حاڵى ئێستادا زەویەكى فراوان ماوە كە هیواى بۆ بخوازن و بەڵام بە بێ ئەوەى ببێتە بەشى ئێمە .
بۆیە دەڵێم :هێشتا زووە ..هێشتا زووە ..تاكو خەڵكى هەموو لە خەم و خەفەتى گەندەڵى دەمرن و ژیان جێدێلن ،ئەوكات چاكسازیەكان دەستپێدەكەن ...ناەزایى و پەلەقاژێ مەكەن.
من دەڵێم هەر بە كارى خواى گەورە دواى 100 ساڵى دیكە بارودۆخەكە چاك دەبێت ، كەچى هاوڕێكەم ووتى :نا...نا لەوانەیە 200 ساڵى دیكە چاكبێت ،ئەویش بەبێ هیچ هەوڵدانێك چونكە (بەرەكەت لە حەرەكەت نیە !!!!!) .
منیش پێكەنیم و زمانى خۆم گەست ،ووتم ئەى بەرەكەت لە چیدایە ؟!!!!!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

