بەشێكی تری " ئازاردانی مێژوو ، وەرَسكردنی حەقیقەت " وەڵامێك بۆ مهاباد قەرەداغی
06/07/2010, 12:00 (GMT+1)

بەڵام سەرەتا دەبێ بنووسم ، منیش هاورَام لەگەل مهاباد خاندا كە كۆی حەقیقەت تەنها لای كەسێك یان لایەنێك نیە ، هەروەها هەر لایەنێك " لە پێناو ئامانجە سیاسیەكانی خۆیدا مۆرَاڵی مرۆییان بەزاند ، یان دابونەریتی دیموكراسى و پرنسیپەكانی مافی مروڤیان پێشێل كرد ، ئەوە ئازاری راستەقینەى ئەو قۆناغە دەدەن ، و بەبرینی سەختەوە رەوانەی مێژوو دەكەن " بێگومان ئەم پرنسیپە چەند بۆ لایەنەكانی دەرەوەى حوكمرانی راست بێت ،سەد ئەوەندە بۆ حوكمرانان راستە .
پێویستە ئاماژە بەوەبدەم كە مهاباد خان هەموو حەقیقەتی سیاسی كوردستانی باشور بە پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەى بارزانی گرێداوە ، ئاشكرایە كە ئەمە راست نیە ،چونكە هیچ نەبێ ئەگەر لە دوای راپەرینەوە بگریین ، دەبینین ئەم حەقیقەنە سیاسیە تا ساڵێك لە مەوبەر بە فیفتی-فیفتی لە نێوان پارتی و یەكێتیەوە دابەشكرابوو ،و لە دوای هەڵبژادنەكانی 25\7\2009 وە هێزی تریش دەركەوتووە ، بە لەبیرنەكردنی بوونی چەندین حزب و لایەنی تریش ، كە تا ئاستێكی كەم كاریگەریان هەبووە ، بەڵام چونكە مهاباد خان تەنها لەسەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی راوەستاوە ، منیش ناچارم تەنها لەو گوشەنیگاوە هەندێك لە حەقیقەتی سیاسی ئەم وڵاتە باس بكەم .
من نامەوێ وەك ناوبراو زۆر دوور برَۆم ، تەنها بە كورتی هەندێ تیشك دەخەمە سەر سیاسەتەكانی پارتی و سەركردەكانی لە دوای رَاپەرینەوە تا ئەمرۆ .
ئەمە دووەم خولە مەسعود بارزانی سەروكی هەرێمی كوردستانە ، و لەو پێگەیەوە ئەرك و بەرپرسیارەتی یەكەمی یەكخستنی خاكی هەرێمی كوردستانی باشورە (با خەیاڵت بۆ هەر چوار پارچە نە چێت ، ئەمە كاری ئەو نیە) كەچی جەنابیان بەو سیاسەتە حەكیمانەی پەیرەوى دەكرد/ دەیكات گەورەترین دەرفەتی بەجێگەیاندنی ئەو ئەركە پیرۆزەی لە دەستدا ، كاتێك دەولەتی عیراق روخا ، لە جیاتی رزگاركردنی خاكی داگیركراوی كوردستان ، خۆی و هاوكارەكانی بە پەلە چونە بەغدا بۆ دروستكردنەوەی عیراقی (هیوا و ئاوات) ، لەم بوارەدا ئەوەی كردیان تەنها قبولكردنی دەستوری هەمیشەبوو كە سادەترین مافی خەلكی كوردستانی تێدا نیە ، وەكو هەموو میللەتانی دونیا ئەویش مافی بریاردانە لە چارەنووسە ، لەوەش خرابتر مادەیێكی ژەهراوی بێسەروبەریان خستە ناو ئەو دەستورەوە تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەلكی كوردستان ، ئەویش مادەی 140 ە كە بە پیێ ئەو مادەیە گومانی كوردستانی بوون خراوەتە سەر زیاتر لە 40% خاكی كوردستان و ئەو ناوچانەیان ناوناوە(جێناكوكەكان) ، ئەمە ئەو ئەركە سەرەكییەیە كە جەنابی سەروك نەك تەنها لە توانایدا نەبوو/ نیە جێبەجێ بكات ،بەڵكو بە پیێ كتێبەكەی بریمەر (ساڵەكەم لە عیراقدا) ، لە پێناو هەندێ بەرژەوەندی دەمكورتی تایبەتدا ، سازشیان لە سەر كردووە .
مهاباد خان ئێمەش دەزانین ، وەك خۆت نووسیوتە " ئەم بنەماڵەیە لە وڵاتیًَكی دیكەوە نەهاتوون فەرمانرَانیی ئێمە بكەن ، هەروەها دەزانین كە جەنابی سەروك 70% دەنگەكانی خەلكی كوردستانی بە دەست هێناوە ، ئەگەر چی بێ كەموكورتی و تەزویریش نەبووە ، بەڵام ئایا ئەمە ئەو مافەیان دەداتێ ، كە ئەم وڵاتە بە موڵكی خۆیان بزانن و هەموو خەلكەكەش بە رەعیەت ، هەر كەسێكیش رازی نەبوو یان رەخنەی گرت ، مافی ژیانی نەمێنێ.
خانمەكەم جەنابت دەزانی لەو ناوچانەی ئەم پارت و بنەماڵەیە حوكمی دەكەن لە دوای راپەرینەوە ، چەند كەس تیروركراون ،كەسیش لەسەر ئەو تیرورانە دەستگیر نەكراوە و هەموو ئەو كێسانەش یان فایلیان لای پولیس نیە یان فایلەكانیان داخراون ، هەندێك لەو ناوانەی دەستمكەوتوون ئەمانەن كو دڵنیام هەموویان نین ، رەئوف ئاكرەیی سكرتێری رێكخراوی تێكوشان و كاندیدی خولی یەكەمی پەرلەمان لە سەر لیستی سەوز و سەرنووسەری رۆژنامەی تێكوشین و خاوەنی یەكەم كتێب لە سەر ئەنفالی بادینان ، ئەبو نەسیر ئەندامی سەركردایەتی حزبی شیوعی كوردستان ، حاكم تەحسین حاكمی زاخۆ ، نەزیر عومەر (ئارام) سەركردایەتی رەوتی كۆمۆنست ، رێناس (قەیس محەمەد) سەركردایەتی حزبی زەحمەتكێشان ، فرەنسیس شابو ئەندامی یەكەم خولی پەرلەمان لە بزوتنەوەی ئاشوری كە دوو ژمارەی رابردووی رۆژنامەی هاوڵاتی زۆر زانیاری لەسەر ئەو كێسەى بڵاوكردوتەوە ، علی كوخی لە یەكێتی ، ئەی ئێستا حەق نیە بپرسین كێ ئەم كەسایەتیانەی تیروركردووە ؟؟؟ ئەی ئەگەر خودی پارتی و دەزگا جاسوسیەكەی نەبێ ، چۆن بوو نە كەس گیراو نە كەس چوە بەردەم دادگا ، تو بلیێ پاراستن و ئاسایش و پولیسی پارتی ئەمەنە بێدەسەڵاتبن ؟؟؟؟
باشە مهاباد خان ئەگەر منیش وەكو هەموو نووسەرەكانی هەردوو حزبی شەركەر بڵێم ، شەری ناوخۆ لە زۆربەی وڵاتاندا كراوە و هەندێ وڵاتیش بەهوی شەری ناوخووە بونەتە دوو پارچە و بێگومان لە شەریشدا ئەسیر دەكوژرێ و خەڵك ئەتك دەكرێ و مال و سامانی خەڵك دەسبەسەر دەكرێ (وەك چون لە دوایین جەولەی شەری نێوان پارتی و یەكێتیدا كرا) سوپاس بۆ خوا سەركردەكانمان بە حیكمەتی ئەفلاتونیان و لە سەر دەستی دادە مادلین ئولبرایت ئاشت بوونەوە و لاپەرەی شەر داخرا ، بەڵام پێم ناڵێی چى لەوە ناخۆشترە وچ كۆژانێك دەگاتە كۆژانی خێزانێك كورێكیان لەم شەرەدا بێسەروشوێن كرا بێت و دوای 12 ساڵ لە موركردنی بەڵگەنامەكانی ئاشتی ، كەس خۆی بەخاوەنیان نەزانێت ، بەرێزم دەزانی ژمارەی ئەو پێشمەرگە (شەركەرانە)ی پارتی لای یەكێتی و یەكێتی لای پارتی بێسەروشوێنكراون چەندن ؟؟؟ ئەرێ ئەو مروڤانە دایكیان نیە ، باوك خۆشك و برایان نیە ، ژن و مناڵیان نیە ، ئەرێ ئەوانە بەشەر نین ، ئەو سەروكەی باسی دەكەی سەروكی ئەمان نیە ؟؟ من دەزانم جەنابت قوربانیەكی زۆرت داوە ، هاوسەرەكەت لە كەركوكی لە بیركراودا بە دەستی تیرورستان شەهید بووە ، من رێزێكی زۆرم هەیە بو خۆت و شەهیدەكەتان ، بەڵام ئەو بێسەروشوێكراوانەش مروڤن و دەبوایا سەروكی هەرێم ئەم كێشەیە بە گرنگی زانیباو چارەسەری كردبا چونكە نیوەی كێشەكە لای پارتەكەی خۆیەتی و نیوەكەی تریش لای یەكێتیە كە كونترۆلەكەی لای خۆیەتی ، دەترسم بڵێی نەیزانیوە ، ئەی بۆ بو ناوی پێشمەرگە ئەمەنە تورەبوو ، خۆ ئەوانەش بە حساب پێشمەرگەبوون نەك میلیشیا؟؟؟
ئەگەر بێمە لای جەنابی سەروكی حكومەتی پێشوی هەرێم ، باسی گرێبەستەكانی نەوت وغاز و تەندەرەكانی مقاولات و دەست بەسەرداگرتنی زەویدا ناكم هەروەها باسی دانی رسوماتی مۆلەتی كورەك تیلیكوم لە بودجەی حكومەنیش ناكم ، ئەمانە زۆر باس دەكرێن ، تەنها یەك پرسی گرنگ كە دڵنیام بۆ جەنابیشت گرنگە باس دەكەم ، ئەویش پرسی پەروەردە و فێركردنە ، لێرەشدا باسی مەنهەج و كتێب ناكم ، باسی ئەوەش ناكم كە لە هەرێمەكەی خۆماندا مناڵان بە زیاتر لە شێوەزارێك فێردەكرێن ، بەڵام خانم دەزانی لە هەولێری پایتەختی هەرێمدا كە سەروكی پێشوی حكومەت بە تەمابوو بیكاتە دوبەی ، لە هەر پولێكی قوتابخانەكاندا نزیكەی 40 قوتابی لە سەر رحلەی كۆن و شكاو دەرس دەكەن و هەندێ قوتابخانەكان سێ دەوامن ، هەڵەی چاپ نیە و ناڵێم دوو بەڵكو سێ دەوامن ، دەزانی ئەو قوتابیانەی سێ دەوام تەنها سێ سەعات و نیو لە مەكتەب دەبن و چوار دەرس دەكەن و هیچیش فێرنابن ، تۆ ئەمە بۆ مناڵەكانی خوت قبول دەكەی ؟؟
باشە ئەگەر بودجە نیە بۆ دروستكردنی بنای قوتابخانە بۆ مناڵانی پایتەخت ، ئەی بۆ سەروكی حكومەت و خەمخوری ئایندەی كوردستان ، بە چەندین ملیون دولار قوتابخانەی شوێفاتی نێودەولەتی كە پرۆژەێیكی ئەهلیە لە سەر بودجەی خەڵك بۆ مناڵانی خۆیان و دوست و ئەحبابیان دروست دەكات و ساڵانەش بودجەی بەرێوەبردنەكەشی دابین دەكات و بۆ ئەوەی مناڵانی كوردستان باشتر خەفەت بخۆن حكومەتەكەی د.بەرهەمیش بریاری داوە بە برَی 36 ملیار دینار هەمان قوتابخانە لە دهۆكیش دروست بكرێت ، لە كاتێكدا بودجەی دروستكردنی سێ زانكۆ لە هەڵبجەی شەهید و رانیە و كەلار هەمان برَ پارەیە ، راستە ئەمە لە نوكتە دەچێ ، بەڵام نوكتەێیكى رەشی حەقیقەتی سیاسی هەرێمی كوردستانە ، لە سایەی سەری بنەماڵەی بارزانی .
ئەما جەنابی كاك مەسرور بارزانی ، هەر ئەوە ماوە بڵێی، خوا بیپارێزێ ئەو نەبێ گورگ دەمانخوات ، دووریش نیە بە خوشی یەكێك لەو گورگانە بێت .
بەرێزم ئەم واقعە تاڵەی كوردستان بە ووتارێك یان رەدی سەروتارێك باس ناكرێت ، بەڵام تخوا ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارەم نەدەی ، ئەرێ كێن ئەو دوژمنانەی وەك خۆت دەڵی دەست بەسەر سەری رەخنەگرەكانی پارتیماندا دەهێنن ؟؟ چونكە پێم وانیە كەس بەقەد پارتی پەیوەندی باشی لەگەڵ دوژمنەكانی كوردستانی هەبیت ، خۆ جەنابت 31 ئابی 1996 ت لە بیرە ، نازانم ئەو كات لە كوێ بویت ، بەڵام من هەموو شتێكم بە چاوی خۆم دیت ، ئەی ئاگات لە دوایین چالاكی سەروكایەتی هەرێمە كە بەیاننامەێیكە بۆ ئیدانەكردنی پەكەكە .
دواجار ووتەكانی بەرێز د. رەفیق سابیر ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە سەر لیستی سەوز كە لە رۆژنامەی ئاوێنەدا نووسیویەتی بە بیرت دێنمەوە كە دەڵێت لە هەرێمدا نە یاسا سەروەرە ، نە دادكاگان سەربەخۆن، نە هاوڵاتیان لە بەرامبەر یاسادا یەكسانن ، تو بڵێی جەنابیان دوستی دوژمنێكی كوردستان بێت .
لە كوتاییدا رێكورەوان منیش وەكو جەنابت رَام وایە كە " نەوەی نوێی كوردستان پێویستە هوشیار بن لەوەی كە سوكایەتی بەهزریان بكرێت و وەهمیان وەك حەقیقەت پێ تەلقین بكرێت " لەگەل رێزم
هەولێر 1\7\2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

