جێگرى بەڕێوەبەری پەروەردەى هەولێر بەرپرسێك؛ كە بەگژ پرسیاردا دەچێتەوە
14/10/2009, 12:00 (GMT+1)

من لە كات و جێگاى تردا نوسیومەو ، بە پێویستى دەزانم لێرەشدا جەختى لەسەر بكەمەوە: بڕوام وایە ئێمە وەك كۆمەڵگایەك ئەگەر بمانەوێ خۆمان بگۆڕیین بەرەو ئاراستەیەكى چاكتر، سەردەمیانە، ئەوا گۆڕینى سیستەمى پەروەردەییمان دەستپێك، یان بەلاى كەمەوە وێستگەیەكى گەورە و گرنگە لەو گۆڕانە، هەڵبەتە لە ماوەى رابردوودا هەندێ هەنگاو نراون بە ئاراستەى گۆڕینى سیستەمى پەروەردەییمان جێگاى ئومێدن، بەڵام كاتێك هەڵسوكەوتی چەشنى ئەو هەڵسوكەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر دەخوێنینەوە ئەو كات مافی خۆمان نیە بە گومان رەشبینەوە تەماشاى ئەو بەرەو پێشچوونانەى ئوبژێكتى پەروەردەیی بكەین لەم هەرێمەدا؟، بڕوام وایە ئەركى داهاتووى وەزارەتى پەروەردە دەستكاری و لابردنى ئەو كەسانەیە كە جگە لە زەرمەندى و تیرۆرى دەروونى خەڵك و مامۆستایان هیچ سودێكى ئەوتۆیان نەبووە بۆ كایەى پەروەردە و، دانانى كەسانى شیاو و بە كافەئەت و پشوو درێژ.
سەیرە كاتێك كەسێك كە بەرپرسبێت لە جێگایەكى هەستیارى وەك بەڕێوەیەتى گشتى پەروەردەى یەكێك لە سێ پارێزگاكەى هەرێمى كوردستان حەوسەڵەى وەڵام دانەوەى پرسیارێكى مامۆستایەكى بەڕێوەبەرایەتیەكەی نەبێت و، بەشێوەیەكى زۆر ناشیرین بەڕوویدا دەتەقێتەوەو هەڕشەى دڕاندنى مامەڵەى هاوسەرەكەى لێدەكات!، باشە ئەو مامۆستایە پرسیارى هاتووچۆكردنى هاسەرەكەى (كە مامۆستایە) لە جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر نەكات لە كێی بكات؟ ئەى جەنابی (م.فارس) لە خۆى ناپرسێت هۆكارى دانانى بەڕێزیان لەو جێگا بەرپرسیارێتییە بۆ چییە؟ باشە ئەو خاوەن شكۆیە نازانێت هەموو ئینسانێك خاوەن شكۆ و هەست و كبریائی خۆیەتى.
لە راستیدا ئەو هەڵسوكەوتەى جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر شایانى لێپرسینەوەى توندە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە و پێویستیشە پێش هەر سزایەك ناوبراو داواى لێبوردن لەو هەڵسوكەوتە چەوتەى بكات كە بەرامبەر بەو مامۆستایە نواندوویەتى.
دەبێ ئەو مامۆستایەى كە پرسیارى هاتووچۆكردنى هاوسەرە مامۆستاكەى لە جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر كردووە چەندەمین مامۆستا بووبێت بەوشێوە دزێوە وەڵامیان دارابێتەوە یان بەراستى بێڕێزى بەرامبەریان كرابێت.
لە كۆتایدا دەلێم: جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى هەولێر بەو هەڵسوكەوتەى كە بەرامبەر بەو مامۆستایە نواندنوویەتی، تەنها دەتوانین بە بەرپرسێكى بە گژ پرسیاردا چوو ناوزەدى بكەین.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

