بۆ كاك شاكار: تۆش كەوتویتەتە هەمان هەڵەوە كە كاك فاروق رفیق تێى كەوتووە
19/07/2011, 12:00 (GMT+1)

بەهەر حاڵ:
ـ ئایا ئەوە خەتاى نیشتمانە خەڵك هەژارە؟
ـ ئایا فعلا دەوڵەت خەڵك دەكوژێت وەك و كاك فاروق دەڵێت؟
ـ ئایا ئەوە خەتاى حزبە كە حزب هەیە دەستێوەردانى دەوڵەت بە سلبى دەكات و داهاتى وڵات بە تاڵان دەبات؟
ـ ئایا ئەوە خەتاى رێككەوتنە كە دوو حزب كاتێك رێكدەكەون دەڵێن ئەوە ركبەرو چاودێرى سەرەكى نەما ئیتر سامانى ئەم وڵاتە با بەتاڵان بەرین؟.
ـ ئایا ئەوە خەتاى ئاوە كاتێك كەسێك لە ئاودا دەخنكێت؟.
بەرێزتان باسى هەژارى لە هەندیًك دەولًەت دەكەن، منیش دەڵێم لە سوید و نەرویج و دەنیمارك و... خەڵك بەخیلى بەو كەسانە دەبات كە بێ تواناو بێ دەسەڵاتن وەك و پیرو پەك كەوتەو كەم ئەندامن..... دەبا ئێمە هەوڵ بدەین نیشتمانەكەى ئێمە نەك دەوڵەتەكەمان چونكە ئێمە تا ئێستا ئەو دەوڵەتە پێرۆزەمان نییە با وەك و ئەوان بین، ئەمە تێكۆشانى دەوێت، ئەوەى واى كردووە هەژارى لە باشوورى كوردستان هەبێت نیشتمان نییە، دەوڵەتیش نییە چونكە ئێمە تا ئێستا دەوڵەتمان نییە، ئەوە دەسەڵاتێكى نا تەندروستە، لەوەیە سەرپەرشتیارانى كوردستان پۆست لەبابەتەكانى من بێزار بووبێتن ئەوەندە باسى مافى كرێكارو خەڵكى هەژارو ناعەدالەتیم لەم هەرێمەى ئێمە كردبێت، سەیرە لە رۆژگارى ئەمرۆدا خەڵكى هەژار لەم وڵاتە هەبێت كەچى كۆمەڵێك خەڵك فرعەون ئاسا بژین، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوە لەم هەرێمەى ئێمە دەسەڵاتى ناتەندروست هەیە، تێكۆشانى دەوێت بۆ ئەوەى دەسەڵاتى رەواو تەندروست هەبێت، ئەبێ بەرپرس لەم وڵاتە فرعەون نەبێت، نابێت كەسیش هەبێت لە ژیانى خۆى بێزار بێت لەبەر هەژارى. ئەوەى ئەركى ئێمەیە دەبێت هەوڵ بدەین ببینە خاوەن دەوڵەتى پیرۆزى سەربەخۆى خۆمان بۆ ئەوەى خۆمان بریار لە چارەنووسى خۆمان بدەین نەك لە ئەنقەرەو بەغداد و تاران و دیمەشق بریار لە چارەنووسى ئێمە بدرێت، دەبێت تێبكۆشین ئەوەى دەسەڵات لاى ئێمە دەگرێتە دەست عەبدى ملەت بێت نەك ملەت بكاتە كۆیلەى خۆى. كە ملەت خۆى بریارى دا ئیتر زوڵم لە خۆى ناكات. ئەم بۆچوونەى تۆ لە ئەو بۆچوونەى كاك فاروق دەچێت كە دەڵێت دەوڵەت خەڵك دەكوژێت، ئەمە وشەیە لەهەر جێگایەك بەكار بێت لەرووى زانستییەوە هەڵەیە، لەبەر ئەوەى دەوڵەت بریتییە لە سێ رایەڵى سەرەكى(خاك، خەڵك، دەسەڵات)، دەسەڵاتیش لە سێ دەسەڵاتى سەرەكى لە دەوڵەتدا پێك دێت كە بریتییە لە (دەسەڵاتى جێبەجێكردن، دەسەڵاتى یاسادانان، دەسەڵاتى دادوەرى) لێرەدا پرسیار دەكرێت ئایا لە هەرێمى باشوورى كوردستاندا خاك و خەڵك كە دوو رایەڵى سەرەكى دەوڵەتن خەڵك دەكوژن، ئایا دەسەڵاتى یاسادانان قانونێكى دەركردووە بڵێت بێ دادگایى كردن خەڵك بكوژن، ئایا دەسەڵاتى دادوەرى بریار دەردەكات بۆ كەسێك لە دەرەوەى چوارچێوەى یاسا خەڵك بكوژێت، ئایا تەنانەت سەرۆكى حكومەت بریارى داوە بەو شێوەیە خەڵك بكوژرێت (ئەما ئەمانەى كە ناوم هێنان بۆ بێدەنگن لە خەڵك كوشتن لە كاتێكدا لە ناو ئەو سیستەمەن ئەوە بابەتێكە جێگاى گفتوگۆیە) كەوا بوو ئیتر كاك فاروق بۆچى چەمكى دەوڵەت لاى تاكى كوردو گەنجى كورد ناشرین دەكات، دەتوانێت بڵێت لێرە لەباشوورى كوردستان تارماییەك هەیە لە دەرەوەى سیستەم خەڵك دەكوژێت، كۆى سیستەمەكە لێى بەرپرسیارە بەڵێ لێى بەرپرسیارە، بەڵام دەوڵەت هەر وەك و نیشتمان بێ بەرییە لە كوشتنى خەڵكى، دیسان دووپاتى دەكەمەوە ئێمە تا ئێستا دەوڵەتمان نییە تا تۆمەتبارى بكەین بە كوشتنى خەڵكى، ئەوەش دیسانەوە دەسەڵاتى ناتەندروست لێى بەرپرسیارە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

