كێ ئاگای له (mbc)یه؟
02/08/2010, 12:00 (GMT+1)

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه كه‌ناڵی (mbc) درامایه‌ك به‌ناوی (الارچ الگیبه)وه نمایش ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئه‌م درامایه ده‌یه‌وێت بهبینهرێكی عه‌ره‌بی بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌یه كه شتێك نییه به‌ناوی شۆڕش یان (pkk) له‌باكوری كوردستان، یان ئه‌وه‌ی توركیا پێیده‌ڵێت (باشووری رۆژهه‌ڵات)، به‌ڵكو ده‌سته‌یه‌كی یاخیی جه‌رده‌و رێگرو دزو منداڵ رفێن، چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌و دژی یاسا‌و پۆلیسی تورك وه‌ستاونه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش، هه‌موو كورد به دڕنده‌و بێویژدانو هاوكارو پاڵپشتی ئه‌و چه‌ته‌و رێگرانه نیشان ده‌دات، بێگومان نمایشكردنی ئه‌م درامایه به‌زمانی عهرهبیو له‌م كاته‌دا، بێمهبهستو بێ پێشینه‌ش نییه.
نمایشكردنی درامایه‌كی له‌وجۆره له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌ناڵه‌وه شتێكی ئاساییه، ره‌نگه (mbc) نمایشكردنی ئه‌و درامایه بهبهرانبهرێك بكات، یان ره‌نگه هه‌ر كارێكی ئاسایی بێت‌و وه‌ك هه‌موو ئه‌و دراما توركیه دۆبلاژكراوانهی تر (كه‌هه‌ندێك كه‌ناڵی خۆشمان شتی هاوشێوه‌و هاومه‌به‌ستی ئه‌و درامایه نمایش ده‌كه‌ن)، نمایش بكات، به‌ڵام بێده‌نگی كورد‌و به‌تایبه‌تیش وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و لیژنه‌ی رۆشنبیری له په‌رله‌مانی كوردستان شتێكی نائاساییه، نا ئاساییه له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌به‌رچاوی خۆیانه‌وه كورد به‌و سوكییه نیشانی بینه‌رێكی عه‌ره‌ب ده‌درێ كه خۆی له‌خۆیدا بڕوای به‌بوونی كورد‌و كێشه‌یه‌ك نییه به‌ناوی كورده‌وه، له‌وه‌ش زیاتر ره‌نگه چه‌ندین خێزانی كوردیش شه‌وانه ئه‌م درامایه بكه‌نه شه‌وچه‌ره‌و به‌هه‌موو سیناریۆ كۆمیدییه‌كانی ئه‌و درامایه‌ش بڕوا بكه‌ن.
گومان له‌وه‌دا نییه كه له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌دا، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری‌و لیژنه‌ی رۆشنبیری له په‌رله‌مان، له‌گوێی گادا خۆیان خه‌واندووه، چونكه گه‌ر وا نه‌بووایه ده‌بوو هه‌ڵوێستێكیان هه‌بێ به‌رانبه‌ر به‌و هه‌موو سووكایه‌تییه‌ی كه بهبراكانیان له‌باكوری وڵاته‌كه‌یاندا ده‌كرێت. ئه‌مه بابه‌تێكه ده‌كرێ ده‌ستی لێبشۆینو چیدی چاوه‌ڕوانی هیچ هه‌ڵوێستێكیان لێنه‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌قه رۆژنامه‌نووسان خۆیان، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی ئه‌هلی (هاوڵاتی، ئاوێنه)و رادیۆی نه‌وا)، كه‌مپینێك رێكبخه‌ن‌و واژۆی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان دژ بهپهخشكردنی ئه‌و درامایه له‌لایه‌ن (mbc)ه‌وه كۆبكه‌نه‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمیی ئاڕاسته‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌ی بكه‌ن، گه‌ر ئه‌م كه‌مپینه هیچ كاریگه‌رییه‌كیشی نه‌بێت له‌سه‌ر راگرتنی په‌خشكردنی ئه‌و درامایه، به‌ڵام دواجار هه‌ڵوێستێكی كوردانه‌ی رۆژنامه‌نووسانه له‌زه‌مه‌نی كاڵبوونه‌وه‌ی هه‌سته نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا.
با ئه‌وه بێنینه‌وه یادی خۆمان، كه چۆن نمایشكردنی درامای توركی (وادی الژئاب) چ ناڕهزایهتیو تووڕه‌بوونێكی لای ئیسرائیلییهكانو راگه‌یاندنی ئه‌و وڵاته دروستكرد‌و چ په‌رچه‌كردارێكی لێكهوتهوه، له‌كاتێكدا هه‌موومان دوژمنایه‌تی نێوان عهرهبو جووله‌كه ده‌زانین‌و تێده‌گه‌ین كه عه‌ره‌ب بۆچی ئه‌و درامایه‌ی له‌چه‌ند كه‌ناڵێكی خۆیه‌وه نمایش كرد. له‌م روانگه‌یه‌وه من پێشنیار ده‌كه‌م، كه رۆژنامه‌نووس (ئاسۆس هه‌ردی) سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كامپینه بكات، چونكه هه‌ردی، پاش وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی (جوبران توینی) ئێستا له‌ناوه‌ندی رۆژنامهگهریو راگه‌یاندنیی عه‌ره‌بیدا ناوێكی باش‌و ناسراوه. ره‌نگه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش بچووكترین ئه‌ركی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێم بێت به‌رانبه‌ر به‌و سوكایه‌تی‌و خراپ نیشاندانه‌ی كورد كه (ده‌ستكردی تورك)و (جێی خۆشحاڵی عه‌ره‌ب)ه.
له سایتی هاولاتی وه‌رگیراوه.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

