ئێران تیرۆریستە یا پژاك ئاغای زیباری!!؟؟
10/01/2011, 12:00 (GMT+1)

ئەم لێدوانەی ئاغای زیباری كە دوورە لە هەموو بەرپرسیارییەكی ئەخلاقی و نەتەوەیی و لەگەل هیچ پەرنسیپێكی دیپلۆماسیش ناگونجی ئەگەر بە روویەكی تریشەوە لێكدانەوەی لەسەر بكەین، دیارە ئەوە بۆ جاری یەكەمین نییە كە ئاغای زیباری بەو شێوەیەی تەڤگەری ئازادیخۆازی نەتەوەی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان بە مۆركی تێرۆریستی محكوم دەكات،لەبەرامبەر داگیركەری كەماڵیزمیشدا بە هەمان شێوە پارتی كریكارانی كوردستان پەكەكەی كە نوێنەرایەتی 25 ملیۆن كورد دەكات لە پارچەی باكوری كوردستان بە تیرۆریست وەسفكردبوو، ئەورۆ بەهەمان شێوەی دووبارە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) كە یەكێك لە پارتە چاڵاكەكانی ئێستای رۆژهەلاتی كوردستان و ماوەی چەندین ساڵە بە بەردەوامی لەسەر سنوورەكان و ناوخۆی ئێران خەباتی خۆی سیاسی و چەكداری دەمەشێنیت لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و قورساییەكی بەرچاوی هەبوە لەسەرداكۆكی كردن لە مافە سەرەتاییەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەر ئەمەێش وایكردوە كۆماری ئیسلامی كە بۆ خۆی بە وڵاتێكی تێرۆریستی محكوم كراوە، بكەوێتە پلانگیری لەدژی پژاك و بە رێكخراویكی تێرۆریستی بناسینی كە لە لایەن ئەمریكا و ئیسرائیلیەوە پشتگیری لێدەكری، ووشەی تێرۆریست بۆ پژاك لە لایەن ئێرانەوە بكار دی، بەڵام بۆ وەزیری دەرەوی عێراق كە بۆخۆشی كورد بێ و بەو شێوەیەی بكەوێتە پاڵپشتیكردن لە كۆماری ئیسلامی ئێران و لە رۆانگەی ئێرانەوە خەباتی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و خەبات وخوێنی شۆرشەكانی بخاتە خانەی تێرۆرەوە، جێگای قەبووڵكردن نییە و پەیویستە كە بە هەموو شێوەیەكی لەدژی ئەو لێدوانەی كە بۆ مرۆڤی سیاسی كورد جێگای شەرمە هەڵویست وەربگرین.
پێش هەموو شتێك ئەگەر سەیری نۆ سالێ رابردوو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی بكەین دەبێنین كە كۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران زۆرترین كاری تێرۆر و تێكدانی ئەنجامداوە لە عێراق بە تایبەتی و ناوچەكدا بە گشتی، ئەوەش هیچ پەیوەیست بە بەڵگە ناكات،چۆن زۆرترین بەڵگە لەبەردەستدایە لەسەر دەستێوەردانەكانی سوپای پارسداران و هێزی قودس و وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا، هەر لەمەسەلەی پرچەك كردنی گروپ و ریًكخراوە تێرۆریستیەكانی شیعەی عێراق بۆ مەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی لەبەر چاوە،هەروەها لە هەرێمی كوردستانیش بە هەمان شێوە لە مەسەلەی گروپ و ریكخراوە بەناو ئیسلامیەكان و گروپەكانی قاچاغی مادەسڕكەرەكاندا بە روونی دەبێنیرە، ئێران كە ئێستا بە هەموو شێوەیەك كەوتۆتە ژێر كاریگەری گەمارۆی كۆمەڵگای جیهانیەوە لە رێگەكانی خۆ دەربازكردن دەگەری بۆ ئەو قەیرانانەی كە ئێستا لە ناوخۆدا باڵی كێشاوە بەسەر هەموو كایەكانی دەسەڵات و ژیانی هاوڵاتیاندا، كردنەوەی ساحەیەكی نۆی ئابووری بۆ كۆمپانیاكانی ئێرانی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا بەگشتی بۆتە بەشێكی سەرەكی لەو سەردانە دیپلۆماسیانەی ئەم دوایەی نێوان عێراق و ئێران.
بەڵام لێرەدا ناتۆانین خۆمان لەو بابەتە سەرەكیە بدزیینەوە كە بەپێی بەڵگە و لیدوانی بەرپرسانی ئەمریكاییش ئەوە كۆماری ئیسلامی ئێرانە حكوومەتی عێراق بەریوە دەبات، رۆڵ و قورساییی كۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران لە هەموو كایەكانی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و رۆشنێری و كۆمەڵایەتی عێراقی ئێستادا بەرچاوە و ئاغای زێباری لەبەری ئەوەی فتوای تێرۆریست بوونی پارتێكی شۆرشگێری كوردی بدات لە رۆژهەڵاتی كوردستان با كەمێك بیری لە عێراقی داگیركراوی دوای پرۆسسەی ئازادی كردبایەوە، كە ئێستا دووبارە داگیركراوە لە لایەن ئێرانی هاوپەیمانی ئاغای زێباریەوە.
لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانەیش كە ئێران بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە عێراقدا دەیانگرێتە بەر،پەیوەیستە ئاماژەی بەوەش بكەین كە ئێران ڕێگە بەوە نادات جارێكی دیكە بەغدا قورساییەكی سەربازی لە ناوچەكەدا بە دەست بێنێتەوە، پرۆژەی دامەزراندنی بنكەی سەربازیی ئەمەریكایش لەو وڵاتەدا بە هەمو توانایەكییەوە هەرەس پێ دێنێت.
پاڵپشت بە بەڵگەنامەكانی ویكیلیكس،لە كاتی ئێستادا، ئێران كۆنترۆڵی زۆربەی داهاتەكانی عێراقی كردووە و چۆنێتیی خەرجكردنی ئەو داهاتە لەلایەن تارانەوە دەستنیشان دەكرێت. لێرەدا هیچ سیاسەتێكی دیكە شوێنی سیاسەتەكانی ئێران لە عێراقدا ناگرێتەوە، بۆیە لێدوانی بەرپرسانی عێراق لەمەر مەسەلەی رێكخراو و پارت و لایەنە سیاسیەكانی پارچەكانی تری كوردستان كە لە ناو خاكی عێراقدا جێگیر بوونە رەنگە داهاتوویەكی لەوەش رەشتر چاوەرێیان بكات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

