ئەو وێنانەی کە مەسعود بارزانیمان وەک پێشمەرگە پێدەناسێنێت
30/07/2014, 12:00 (GMT+1)

جگە لەوە زۆربەی ئەوانەی وەستاون بۆ وێنەگرتنەکەش هەموو ئەو ئەفسەرە فەلانەن، کە حیزب نەجمەی کردۆتە شانیان.ئەم هەموو جەنەراڵە، کە دەوریان داوە دیارە زۆربەیان چیان لەباردایە؟
من لەوە ناگەم چۆن تاکو ئێستا بە مەسعود بارزانی ناڵێن "ماهاتما" واتە گیانی مەزن یان هەناسەی مەزن، ئاخر ئەو ساڵانەی ئێمە لە چیا بووین پێویستمان بەوە نەبوو ماهاتمایەکمان هەبێت، چونکە ئەو کەسە پێشمەرگە بوو، لە ڕووبەڕوو بوونەوەدا خۆی دەکردە قوربانی، تەنانەت ئێمە ئەوانەشمان بەپێشمەرگە نەدەزانی، کە لەبارەگای سەرکردایەتییدا بوون و بەزەیمان پێاندا دەهاتەوە، بیرمە لە کەرتەکەی خۆمان کوڕێکی لێبوو لە ڕێکخستنی شۆڕشگێڕاندا بوو هەموو بەزەیمان پێدا دەهاتەوە، هەندێکمان هەر سڵاویشمان لێ نەدەکردن، چونکە ئەوانە ژمارەیان هێندە کەم بوو بەڕێکەوت شەهیدیش دەبوون، ئەوەی شەهید و قوربانی دەدا تەنها پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی و خێڵەکەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیس بوکیان پڕکردووە لەم وێنانە، راگەیاندەکانی حیزبیی و میدیای ئەهلیش لاپەرەکانیان پڕکردووە لەم وێنە ساختە و درۆیانە، گوایە ئەم سەرە پیسانەی دەسەڵات و ئەم سەرکردە خۆفرۆشانەی کورد سەردانی بەرەی جەنگیان کردووە!

فەرەجی شیرین کەسێکی قۆشمەچی و ناسراوی سڵیمانی بوو، قسەیەکیم بیر کەوتەوە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا ووتبووی: یەکێتی شەڕی چێ دەکات، بارزانییەکان لەناو قتودا ١٠٠٠ مەلامستەفای حازریان هەیە، بەڕاستی وایە، ئەم وێنانە ئەوەمان پێدەڵێت کە بەرازنییەکانی ناو قوتووەکە بۆ وێنەگرتن لە ناو سندوقەکانیان بۆ وێنەگرتن دەردەچن. داخۆ ئیساش کاتی ئەوە نەهاتووە مەنسوری کوڕی مەسعود، لە قوتووەکە بێتە دەرێ، چونکە ئەم جەنەراڵیشە، بچێت لەگەڵ باوکیدا وێنە بگرێت؟
کاتێک پارتیی و یەکێتی، گۆڕان یان پارتە ئیسلامییەکان دێن بەرگێکی پاک لەبەر خۆیان دەکەن، وەک بەرگێکی ئاینی خۆیان دادەپۆشن و وێنە بڵاو دەکەنەوە گوایە ئەمانە بەچرکەش لەبەرەکانی شەڕەوە دور نەکەوتونەتەوە، بۆ نمونە دوێنێ ئاری هەرسینی باوککوژراو بەکیسە خەوێکەوە لای قەرەوێڵەیەکەوە وێنەی گرتووە دەڵێت من لەبەرەکانی شەڕدام، بۆیە پێی دەڵێم: کوڕم تۆجارێ مافی باوکە کوژراوەکەت وەرگرە ئەوجا بڕۆ مافی خەڵک ڕامکە.

هەندێک کۆمێنتم خوێندەوە کە بۆ ئاری هەرسینی نوسرابوو بەڕاستی تەریق بوومەوە، ئاخر میدیای ئەهلی، چونکە هەواڵ و ریکلامەکانیان پارەی تێدایە، دەچن دوای سوکترین کەس دەکەون، کە هیچی لەباردا نییە نمونەی ئەم پیاوە پوچانەی کە لە گوڵەگەنمی پوچ دەچن.
دیسانەوە مەسعود بارزانی لە ڕۆژی جەژندا خۆی گەیاندۆتە دەوروبەری کەرکوک خۆ ووتەنی بەپێویستی زانی جەژن لەگەڵ چەکدارەکاندا بکاتەوە، سەیرە لەو ماوەیەدا ووتی من ٥٠ساڵە پێشمەرگەم ئەرێ جەنابی سەرۆک، جیاوازیی چییە لە نێوان ڕۆژی ئاسایی و ڕۆژانی جەژندا ؟ ئێوە لەشەڕدان، شەڕ کات ناناسێت.

ئازاد فایەق محەمەد
پەیامنێری کوردستانپۆست
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

