<

یەكێتى زەردهەڵگەڕاو

24/04/2011, 12:00 (GMT+1)
بە بنەست گەیشتنی عەقڵیەتی واقیعیانەی سیاسی یەكێتی لەوەدا دەركەوت كاتێك كە هەستیكرد پارتی لەم یاریەدا براوەی یەكەمە، ئەمە لەكاتێكدا دۆڕاوی هەرە گەورە تا هەفتەی رابردوو پارتی بوو، چونكە رەفتاری ئەو هێزە لە رابردوودا ئەو راستیەی سەلماندوە كە تەزوی نێوان گەڕانەوە بۆ دنیای دیموكراسی دەمێكە پچڕاوە. رەفتارەكانی ئەمڕۆی "جەنراڵە تۆقێنەرەكان"ی یەكێتیش هەر هەمان هەڵە بەسەر حزبەكەیاندا دەهێنن، ئەمە ئەو شیكردنەوە خراپەیە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ دۆخەكەی كردووە و دۆستێكیشی نیە پێیبڵێت: ئەمە هەڵەیەكی كوشندەیە و پاڵنانە بە یەكێتیەكی نەخۆشەوە بۆ مەرگێكی هەمیشەیی.
ئەو دۆخەى ئێستا سلێمانى و ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى یەكێتى پێدا تێدەپەڕێت هەموومانی گەیاندە ئەو قەناعەتەى كە "یەكێتیە رەفتار پارتیەكان"ی ناو یەكێتی خاوەن بڕیارن و دەیانەوێت لەمڕۆدا راشكاوانە یەكێتى لەسەر فۆرمى پارتى بۆیاخ بكەن و بە كردەیش ئەمەیان بۆ چووەسەر و بوار و هەلە زێڕینەكانی یەكێتیەكان سوتاند و بە لولەی تفەنگەكانیان ئەو قەڵەمە یەكێتیانەشیان رەشتركرد كە هێشتا دەیانەوێت پێمان بڵێین: "یەكێتی دیموكراسیتر و فرەجەمسەر و ئازادتر و...تاد،یە" دیارە چیتر لەم رستەیە بێماناتر نابێت گەر وەك پێناسە بەباڵای یەكێتیدا بیبڕین.
ئەوە سلێمانى بووبە سەربازگە و یەك كەسى بەناو باڵى ڕادیكاڵى یەكێتى نەهاتە قسە. ئەوە ئینسان لەم شارە دەكوژرێت و قەڵەمەكانى یەكێتى نە بایان دیوە و نەبۆران! ئیتر نوكتەیەكى گەورەیە باس لە باڵى ڕادیكاڵ و خوێندەوارى ناو یەكێتى بكەین. جیاوازى نێوان بەرپرسە سەربازیەكانیان و قەڵەمەكانیان نیە، ئەوان ئینسان دەكوژن و ئەمانیش ئاگرەكە خۆش دەكەن و دوژمن بۆ یەكێتى دادەتاشن، بێ ئەوەى بەخۆیان بزانن ئێستا دوژمنى سەرسەختى یەكێتى كەس نیە جگە لە خۆیان و هێزەكانیان كە خەریكن ئەم ڕێكخراوە بەرەو هەڵدێر دەبەن. بە ئاگاییەكی رێكخراوەوە سەرگەرمی پرۆسەی تۆقاندن و كێبەركێكردنن لەگەڵ هاوپەیمانە پارتیەكەیاندا بۆ سەركوتكاری و كۆتكردنی ئازادیەكان.
دوو ڕۆژى ڕابردوو زۆر شت یەكلاییبوویەوە. ئەو درۆیەش نەما یەكێتى بڵێ لە سلێمانى خەڵك لە دهۆك و هەولێر ئازادترە و دیموكراسى و ئازادى لەسایەى یەكێتیدا بەرقەرارە. ئەوە بوو بە سەراب و زانرا سروشتى ئەم شارە خۆى پڕە لە سەركێشى و هێزەكان تێكدەشكێنێت نەك دروستكردنى ئەو فەزایە "دیموكراسیەتی" یەكێتی بەرهەمهێنەری بێت.
ئەو دۆخەى ئێستا لە سلێمانى دەبینرێت چەند دەركەوتەیەكى پێوتین دەكرێت هەڵوێستەیان لەسەر بكەین. پارتى زۆر وریایانە یەكێتى ڕاكێشایە مەیدانی سەركوتكاریەوە، ئەمەش جارێكیتر سەلماندنەوەى ئەو راستیە بوو كە لە ئێستادا ئەم هێزە ئیرادەى نەماوە و زۆر بە ئاسانى دەچێتە ژێر كاریگەرى كردەوەكانى پارتیەوە. لێرەوە ئەو رەخنە گەورەیەش دەسلمێتەوە كە دەیانووت رێكەوتنی ستراتیژی جگە لە قوتدانی لەسەرخۆی یەكێتی شتێكیتر نیە. ئەوەتا ئەوەى یەكێتى لەم ناوچەیە شانازى پێوە دەكرد كۆتایى هات و لە ئێستاشدا هیچ جیاوازیەك لە ڕەفتارى یەكێتى و پارتیدا نیە. ئەمەش بەدیوە سەركوتكردنەكەیدا سەیری بكەین بە پارتیكردنى كوردستانە.
ڕەنگە بۆ زۆرێك مایەى سەرسوڕمان بێت هێزێكى سوسیال دیموكرات پەنا بۆ چارەسەرى سەربازى بەرێت، پەنابردنى یەكێتى بۆ چارەسەرى سەربازى مایەپووچی سیاسى ئەم هێزەى سەلماند، لانیكەمی مایەپوچیەكەش حورمەتنەگرتن بوو لە ڕابردووى خۆى. پەنابردنە بەر چارەسەرى سەربازى لەلایەن یەكێتى بۆ سەركوتكردنى خەڵك واى لێكردین ئیدى نەتوانین لەمەودوا خاترى یەكێتى بگرین. چونكە هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە یەكێتى لە پارتى میانڕەوترە. پرۆسەی بە سەربازگەكردنی سلێمانى و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن وامان لێدەكات چیتر خەو بەوەوە نەبینین یەكێتى ڕۆژێك بێت لە پارتى باشتر بێت و هەلی گەڕانەوەی بۆ ناو جەماوەر تاقیبكاتەوە.
ئەگەر یەكێك لەو سەروەریانەى كە یەكێتیەكان باسى دەكەن ئەوە بووبێت كە ئەم هێزە بۆچوونى جیاوازى تیایە، دۆخى نائارامى ئەم دواییە و قورسى یەكێتى بۆ هەڵبژاردنى ڕێگەى مەدەنى یان سەربازى و دواتریش هەڵبژاردنى ئەگەری سەربازى، سەلماندى ئەوەى دەیەوێت لەناو یەكێتیدا بەدواى ڕێگەچارەى مەدەنیدا بگەڕێت تەنها خۆی ماندوو دەكات، یاخود دەیەوێت گیرفانی بژێوی خاڵی نەبێت و دەستی لە هەمبانەكە و پۆستەكان بەرنەبێت. چونكە هەر لە كۆنگرەى سێى یەكێتى و سەرخستنى باڵى سەربازى بۆ شوێنى بڕیاردان (مەكتەبى سیاسى) بەسبوو بۆ هەمووان لەو مەسجە بگەین، كە ئیتر یەكێتى بەرەو پارتێكى چەكدارى دەچێت و هەڵگرانى چارەسەرى مەدەنى لەناو ئەم ڕێكخراوەدا بەرەو كەمینە و پوكانەوە دەچن. ڕووداوەكانى ئەم دواییە و بێدەنگى هەموو یەكێتیش لەم دۆخە بەسە بۆ ئەوەى یەكێتى هەڵگرانى بۆچوونى مەدەنى و خەباتى شار بەیەكجارى لەژێر تفەنگى بەرپرسە سەربازیەكانیدا بكاتە بێژەر و وتەبێژی بەلاغە عەسكەریەكانی "جەنراڵە تۆقێنەرەكانی تاڵەبانی".
ئەوەى ئێستا بەرپرسە سەربازیەكانى یەكێتى دەیكەن و بێدەنگى قەڵەم و بەناو لیبراڵەكانیان سەلماندى كە ئەم هێزە ناتوانێت چیتر مەدەنى بێت. ناتوانێت چیتر سلێمانى بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخى جارانى، چونكە یەكێتى جڵەوى ئەم سەركوتكركردنەى داوەتە چەند بەرپرسێكى سەربازى كە بەبەرچاوى هەموانەوە خەریكە تابوتەكەی یەكێتى لە خەرەندێكى بەرزەوە بەردەدەنە خوارەوە و بەیەكجاری دەیكەنە شەریكی دراوسێ ستەمكارەكانی.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست