تایبەتمەندى سەعدى پیرە یان سلێمانى؟ سلێمانى بەدمەستە یان سەعدى پیرە ؟
20/02/2010, 12:00 (GMT+1)

1- تایبەتمەندى خەڵكى شارى سلێمانى ئەوەیە كە مەشروبخۆر و مودمینن
2- ئەو كەرنەڤاڵەى كە لە سلێمانیدا هەیە پەیوەندى بە سەرخۆشى خەڵكەكەیەوە هەیە
ئەڵبەت پیرە یەكەمجارى نیە كە تەعنى خەڵكى شارى سلێمانى دەكات ، بەڵام پێم سەیر بوو كە نە لە لایەن مەم كە كەسێكى وشیارو كاندیدى لیستى گۆرانە و نە لە لایەن ئەوانەى پەیوەندیانكرد وەڵامێكى پێویست نەدرایەوە ، بۆ یە من بە پێویستى دەزانم وەك كوردێكى ئەو شارە وەڵامێكى بدەمەوە .
لە ئاستى یەكەمدا ئاشكرایە پیرە دەیەوێت ئەمجارە زۆر بێبایەخانەتر تایبەتمەندى خەڵكى ئەم شارە كورتبكاتەوە بۆ ئیدمان و مەشروبخواردنەوە ، نەك بۆ ئەوەى سلێمانى پایتەختى رۆشنبیرى هەرێمە و خسوسیاتەكەى لەوەدایە هەمیشە بە ماوەیەك بەر لە شارەكانى دیكە دەكەوێت لە شۆرش و روبەروبونەوەى زوڵم و خواستى گۆڕاندا ، سلێمانى تایبەتمەندە بە یاسا پارێزى ، بە رێزگرتن لە ئاوارەكانى وەك سەعدى ئەحمەد پیرە و كەسوكارەكەى ، بە رۆحیەتى ئازاد، بە نوسەر و رۆشنبیر و هونەرمەندى مەزن، بە نیشتمانپەروەرى و كوردایەتى ، زۆر شتى جوان هەیە لە تایبەتمەندیەكانی ئەم شارە دا كە پەیوەندى بە سروشتى خەڵكەكەیەوە هەیە ، خۆ ئەگەر تایبەتمەندى خراپى هەبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە زۆربەى هەرە زۆرى پەیوەندى بە پیرەو پواوەكانى دەوروبەریەوە هەیە ، راستە سلێمانى لە سایەى پیرە و پواوەكاندا تایبەتمەندى ترى لێپەیدا بوو وەك: بێ ئاوى ، بێكارەبایى ، رێگاوبانى خراپ ، راوو روتى كۆمپانیاكان ، فەسادى ئیدارى ، تەنانەت ئەگەر نارێكیەك لە خرۆشانەكەشیاندا هەبێت دیسان پەیوەندى بە خراپى ئەداى دەسەڵاتەكەى پیرەو هاوەڵەكانیەوە هەیە، چەندین خاڵى تر كە خاڵى رەشن بە ناوچاوى پیرە و دەسەڵاتدارەكانى وەك پیرە ، دەنا هەمیشە ئەم شارە لە رێى بابانیەكان و شێخ مەحمود و قارەمانەكانى ناو زیندان و شۆرشەوە لە رێى نوسەرو هۆنەرەكانى وەك نالى و سالم كوردى و حاجى تۆفیقى پیرەمێرد و لە رێى رێزو پێكەوە ژیان و چەندین شتى جوانەوە تایبەتمەندى خۆى دیارى كردووە نەك بەو شێوەیەى پیرە بۆى چووە ، پیرە پێویستە باسى تایبەتمەندى ئەمشارە نەكات بۆ ئەوەى باسى تایبەتمەندیەكانى خۆى نەكرێت ، هەر وەك خەڵكى سلێمانى دەلێَن ئەگەر ماڵت لە شوشە بوو بەردەفڕكێ مەكە ،ئەڵبەت من وەك كوردێكى شارى سلێمانى خۆم لەو ئاستەدا نابینمەوە و بگرە شەرم لەوە دەكەم فەزاحەت و تایبەتمەندیەكانى پیرە بژمێم ... لە كاتێكدا هەموومان زاناین بە تایبەتمەندىیەكانى ئەو .... من باوەرم وایە بە هۆى ئەوەى سەنگ و نفوسى خۆیان لە سلێمانیدا لە دەست داوە ئیدى تا هەڵكشێت زمانیان خراپتر بەرامبەر ئەم شارە هەڵدەسورێنن ، زیاتر جوێنى پێدەدەن و زیاتریش خوێنی تیادا دەرێژن .. ئەوە دەلالەت لەوە دەكات ئومێدێكیان بەم شارە نەماوە و چیدى ئەم شارە بەدەستناهێننەوە بۆیە هەموو بوغزو قینى خۆیان لەمشارەدا خاڵى دەكەنەوە ، ئەوە نیشانەكانى دۆڕانى ئەوان و گۆڕانى شارى سلێمانیە
لە مەوداى دووهەمى شەكرشكاندنەكەیدا ئەگەر لاى وابێت ئەو جۆش و خرۆشە پەیوەندى بە سەرخۆشى خەڵكى ئەمشارەوە هەیە ، ئەوە لە هەڵدێرێكى بەرزترەوە ساتمەى بردووە .. كێ هەیە ئەوەندەى پیرە گەمژە بێت نەزانێت ئەوشارە بۆ خرۆشاوە و نەبینێت كە لە مەغزاو ناوەرۆكى ئەو خرۆشانەدا چى هەیە ، ئەو هەموو پەراوێزخستنە، ئەو هەموو نانبڕاوە ، ئەو هەموو ئیهانەكردن و خوێنڕشتنە ، ئەو هەموو دزى و دەخالەتە، ئەو هەموو زوڵم و ناعەدالەتیە ، ئەو بیخزمەتیەى كە لەلایەن حكومەتەكەى پیرەوە بەرامبەر بەم شارەكراوە بایى ئەوەیە ڕاپەڕن نەك تەنها بخرۆشێن ، ئێمە دەپرسین ئەرێ بەڕاست ئەو بەد مەستە كە ئەم هەموو هۆكارە عەقڵانى و زانستیە نابینیت كە لە پشتى ئەو خرۆشانەوە هەیە یان خەڵكى سلێمانى كە ئیدراكیان لە هەموو كاتیك زیاتر چالاكترەو كەندەمووى گەندەڵیش دەبینن و قنج و دروست لەسەر راستەرێى گۆڕان بەرەو پێشەوە دەڕۆن؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

