<

تێڕوانین و ڕامان لە نووسراوەی بەرێز قادر نادر، لە ژێر سەر باسی، " کێ مێژو دەنوسێتەوە، قانع فەردەکان یان دەسەڵات"!

21/08/2010, 12:00 (GMT+1)

بەڕێز قادر نادر لە نوسراوەیەکدا، رێکەوتی ١٨/٠٨/٢٠١٠ باس و لێدوان لە ڕووداوەکانی هەنوکەی کوردستان لە پێوەندی وتاری عەرفان قانعی فەر لە ژمارە ١٣٤ی لڤی و قسەکانی پێشمەرگەیەکی بێ ناو لە کوردستان پۆستا و نووسینی مێژوو لە ڕەوانگایەکی ئەکادیمی دەکات.

بەرێز قادر نادر ئەو شێوە بۆچوونانەی عرفان قانعی فەرد و پێشمەرگەیەکی بێ ناو وەک شێوازی نوێ و هەنگاوی یەکەم بۆ گفتوگۆ کردنی سیمبولەکانی کورد ناو دەبات و پێوایە کە ئەو شێوازە هەڵسەنگاندی مێژژو واتە، قسەکردن لەسەر سیمبولەکانی کورد بەشێوازی نوێ دەبێتە هۆی مشت ومڕی گەرمی سیاسی وەک مەسەلەی فایلدارەکان.
بەر لە باسکردنی لەسەر ئەو مەسەلەیە، جێی خۆیەتی لە بەرێز قادر نادر سپاس بکرێت بۆ ئەوەی هەڵسنگاندی ڕووداوەکانی هەنوکەی کوردستان لە مەر ڕەووشت وڕەفتاری سەرکردەکانی کورد لە دیدگایەکی ئەکادمی دەخاتە بەر دەستی خوێنەرانی کورد و وەک دیاردەیەکی نوێ باسی دەکات.
هەرچەند کاری ئەکادمی پێویستی بە چوارچێوەیەکی شارەزایی و ڕێگای زانستی تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام دەبێ بە وەش ئاماژەبکرێت کە هەنوکە بەشێک لە مەلپەڕەکانی کوردی وەک هاندەر و دەستپێکرێکی بەنرخ قۆڵیان لە کردنەوەی دەرگای ڕەخنە و پیداهاتنەوەی مێژووی گەلەکەمان هەڵ ماڵیوە کە هەم لانی موسبەتی هەن و هەمیش دەتوانی هەندێک رووخساری مەنفی تێیدا بن.
لەوەڵامی بەرێز قادر نادر " کێ مێژو دەنوسێتەوە، قانع فەردەکان یان دەسەڵات"! روون و ڕاشکاوە ئەو بەشە لە مێژوو نوسێنەوە کە پێوەندی بە قانعی فەر و پێشمەرگەیەکی بێ ناوەوە هەیە و هەوڵی ئەوەی دەدەن کە وەکوو ڕێبازی و شێوازی نوێ مێژوو نوسینەوە پێناسین و پێشکەشی بکرێ، بەتەواوی لە ژێر ڕکیف و دەسەڵاتی جەمهۆری سێداری ئیسلامی شیعەی ئێران دایە.
من نامهەوێت تۆمەت هەڵبەستم و کەسێک تاوانبار کەم، بەڵام ئەوەی روونە و شاراوە نیە ئەوەیە، کردەوە و ڕەفتار و ڕەووشتی عەرفان قانعی فرد و پێشمەرگەیەکی بێناو ڕێک وێنەی دەقاودەقی سیاسەتەکانی جەمهۆری سێدارەی ئیسلامی شیعەی ئێرانە. لە هیچ کەس شاراوە نیە هەڵبەستنی تۆمەت و درۆی ناڕەوا و نانەوەی ئاژاوە یەکێکە لە سیاسەتەکانی هەنوکەی جەمهۆری سێدارەی ئیسلامی شیعەی ئێران.
لە لایەکەی دیکە کەسێک کە ئازادانە بتوانی ئارشیوەکانی نیزام سیدارەی شیعەی ئیسلامی ئێران سەردان بکا و بەڵگەکانی ساواک و ساوامای بە ئارەزووی خۆی هەڵبژاردن کا و لە نووسراوەکانی دا بڵاویان کاتەوە ئەو پرسیارە درووست دەکا چۆنە قانعی فەرد ئەو مەجالە دراوەتێ ئەو کارە بکا بڵام کەسێکی تر ئەو دەرفەتەی بۆ ناخۆڵقی.
وێنەگرتن لە گەڵ سەرانی رژیمی سێدارە و دامەرزاندنی مەڵپەڕی دیار و نادیاری سەر بە سازمانی جاسووسی ئێران و شێوازی تۆمەت لێدان و هەڵبەستنی درۆ لە سیمبولەکانی کورد هیچ شتێکی جگە لە سیاسەتەکانی نیزامی سێدارە راڤەناکا و ڕێک لە گەڵ سیاسەتەکانی جەمهۆری ئیسلامی ئێران دێخوێنێتەوە.
هەڵبەت ‌مێژوو به‌شێکی هه‌ره‌گرینگی پێناسینی میللەتێکە و هاوکات ئاوینەی رابردوو و وێژه‌رێکی بێ ده‌نگی ڕووداوه‌کان و به‌سه‌رهاته‌کانی نەتەوەیەکە‌‌ لە قۆناخەکانی تێپەربوو دایە و له‌‌هه‌مانکاتێشدا مێژوو ڕاگه‌ر ودرێژه‌پێ ده‌ری زمان و ژێوار و پێکهێنری مێراتی نه‌ته‌ه‌وییە، بێگومان دژمنانی داگیر کەری کوردستان لە هەموو ئمرازێک بۆ بە هەڵەبردنی مێژوو نووسان ئیستفادە دەکەن و بەردەوامیش هەوڵ بۆ بە لاربردنیان دەدەن.
من پێموایە لە نووسینی میژوو دا، گرێنگ ئەوەیە موشەخەس به‌کرێ ‌میژوو له‌کێو و چوون و له‌ڵاین کێ وبه‌چه‌مه‌به‌ستی ده‌نوسرێ‌، هەڵبەت جۆری دەسەڵاتی ناوەندی و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی بێ شوێن لە نوسینەوەی مێژوو نێن. دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت نێوان مێژوو نوسینەوە و ڕۆژنامەوانی هەڵاوارد و جیاوازی یەکجار زۆر هەیە.
بەرێز قادر نادر لە پێوەندی نوسینی مێژوو باسی قانعی و فرد و پێشمەریەکی بێناو دەکا و لەو باوەڕە دایە کە "پێشمەرگەیەکی بێ ناو" زانیاری سەرنج ڕاکیشی لە سەر شەهید قاسملۆ باس دەکات، و دەڵێ بەداخەوە زۆرینەی هەوادارانی حزبی دیموکرات، بە تۆمەت و هەلچون و سۆزداری بۆ قاسملۆ و دور لە وەلامی دۆکۆمێنتی وەڵامی دەدەنەوە!؟
ئەوەی بەرێز قادر نادر ئیشارەی پیی نەکردوە و جێی پرسیارە ئەوەیە کە ئایا "پێشمەریەکی بێ ناو" قسەکانی لە سەر ئاساسی بەڵگە و دۆکۆمێنتی بوو کە وەڵام دەرانی بە بەڵگە و دۆکۆمێنتەوە بەرپەرچی دانی ئەو بن؟. بەداخەوە قسەکانی پێشمەرگەیەکی بێ ناو لە تۆمەت هەڵبەستن و درۆ فرۆشی شتێکی دیکە تێیدانیە.
بەرێز قادر نادر باس لە دیاردەیەکی نوێ نوسینی مێژوویی و هەڵسنگاندنی سیمبولەکانی کورد لە لایەن قانعی فەرد و پێشمەرگەیەکی بێ ناو دەکا وە پێوایە کە ئەو جۆرە ڕێبازانە شێوازی نوێ و هەنگاوی یەکەم بۆگفتوگۆ کردن لە سەر سیمبولەکانی کوردە، و وەک هەڵسنگاندی ئەکادیمی ئاماژەی کردون.
من پێموایە کە بەر لە باس کردن لە شێوازی نوێ و هەنگاوی یەکەمی هەڵسەنگاندنی و وەک دیاردەیەکی نوێ نوسینی مێژوو بە جێیە لێکدانەوەی ئەوە مەسەلەیە بکرێت کە ئەو کەسانە، واتە قانعی فەرد و پێشمەگەریەکی بێ ناو بۆ کێ و بەداوای کێ بەتەمای نوسینەوەەی مێژوون.
هەروەها راڤە بکرێت ئایا شێوازی نووسینی و قسەکرنی پێشمەرگەیەکی بێ ناو و قانعی فەرد لە چوارچێوەی هەڵسەنگادندێکی ئەکادمی دایە و دەگەڵ ڕێبازی زانستی و شارەزایی ئەکادیمی دێخوینێتەوە، و ئەو بەشە لە زانیاری کە لە لەلایەن ئەو کەسانەوە دەخرێتە بەردەستی خوێنەر و کۆمەڵگا ئەساسێکی ئەکادمی هەیە؟.
هەروەها کام بەش لە زانیاری کە لە لایەن دەسەڵات دراوەتە دەستی قانعی فەرد و پێشمەرگەیەکی بێناو لە گەڵ ڕاستیەکانی مێژوویی دێخوینێتەوە و ئاساسی هەیە و دەتوانری میمانەی پێی بەکرێت؟.
هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و توێژێنەوەی مێژوو لە چوارچێوەیەکی ئەکادمی لانی کەم دەبێ لە ڕێبازێکی علمی و زانستی تەواو و بنەماکانی توێژینەوەی ئەکامی پەیڕەوی بکا و دور لە هەموچەشنە تۆمەت هەڵبەستن و درۆ کردن بێت وهەروەها پیداگری لە سەر ڕووداوەکانی مێژوویی پێویستی بە نیشاندانی بەڵگە و دۆکۆمێنتە، نەک لە خۆرا قسەکردن و تۆمەت لێدان لە سیمبولەکانی کورد.





ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست