لە گەنجێكى شەقامەكانەوە بۆ نەوشیروان مستەفا
16/09/2009, 12:00 (GMT+1)

گەورەترین هەڵەى جەنابت لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان، سەردانى نەكردنى جەنابتان بوو بۆ هەولێر، سەرەڕاى ئەم هەموو گومانەى كە راگەیاندنى حیزبەكانى دەسەڵاتدار لەنێو خەڵكى ئەم شارە دروستیان كردبوو لەبەرامبەر جەنابت، بۆیە بە نەهاتنت بۆ ئەم شارە بەشێك لە دەنگدەرى ئەم شارەت نائومێد كرد و گومانەكانیانت كردە یەقین، بۆیە ئەگەر دەتەوێت لە هەر هەنگاوێكى خوارى دەسەڵات خەڵك ئاگادار بكەیتەوە و خەڵك بێنیتە سەر شەقامەكان، ئەوا پێویستە كە سەردانى ئەم شارەبكەیت و هەم پەیمانى خۆت لەگەڵ دەنگدەرانت نوێبكەیتەوە و هەم گومانەكان بڕەوێنیتەوە تاوەكوو لە هەڵبژاردنەكانى ئەمجارە بزووتنەوەكەت كاراتربێت،دەشمەوێت شتێكت پێبڵێم كە بەرپرسانى لیستى گۆڕان لە هەولێر هەرگیز تواناى ئەوەیان نییە كە دەنگى خەڵك كۆ بكەنەوە، بۆیە پێموایە بەر لە هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێڕاق خۆت و ئەندامە جەماوەرییەكانى وەك فەرهاد سەنگاوى سەردانى ئەم شارەبكەن، بەم سەردانەشتان دەتوانن چەند مەبەستێك بپێكن كەپێموایە ئەرێنین بەلاى بزووتنەوەكەتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە بە كۆكردنەوەى دەنگدەرەرەكان و خەڵكە ناڕازییەكانى ئەم شارە هێزێك دەبەخشیتە ئەم شارە كە قەوارەى خۆیان بزانن و لەوە تێبگەن كە هاتنە سەرشەقامى ئەوان لە ساتە پێویستەكان هاوكێشەكان دەگۆڕێت، دووەمیش ئەوەیە كە حیزبى دەسەڵاتدار خۆى بە خاوەنى ئەم شارە نەزانێت، چونكە دڵنیام سەردانى تۆ بۆ ئەم شارە و كۆكردنەوە دەنگە زۆرەكەت لە هەیبەت و غرورى ئەوان دەدەیت، سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەم شارەدا رێژەیەكى زۆرى دەنگى خۆڵەمێشى هەن تەنانەت بەشێك لە خەڵكى توڕەش خۆیان ساغ نەكردۆتەوە كە دەنگیان بۆ كامە لایەنە، جگە لەوەى كە ئەم گومانەى راگەیاندنى پارتەكانى دەسەڵاتدار لەسەر جەنابت و لیستەكەت دروستیان كردووە پێویستى بەوەڵامێكى جدى جەنابت هەیە كە لە نزیكەوە و لە بەردەم جەماوەرەكەت بیبیستن.
جەنابى نەوشیروان مستەفا، لە ئێستادا بزووتنەوەكەت تەنیا بە باڵێك دەفڕێت و هەیمەنەى گۆڕان تەنیا لە شاری سلێمانییە، لە ساتى ئێستادا كادیرەكانى هەولێرت تواناى ئەوەیان نییە كە ئەو دەنگەى لە هەڵبژاردنەكان لە هەولێر بەدەستیان هێناوە بكەنە گوشار، لەوانەیە ئەمەش ئەوەندەى پەیوەندى بە سایكۆلۆژیا و سروشتى خەڵكى ئەم شارەوە بێت ئەوەندە پەیوەندى بە كارایی كادیرەكانى گۆڕان لەم شارەوە نەبێت.
لەبەر ئەوەى تۆ لەم شارەوە دووریت و لەوانەشە كادیرەكانى خۆت واقعى شەقامەكان وەك خۆى نەگەیەننە جەنابت یان وەك خۆى راستییەكان نەبینن، چونكە سروشتى سیاسییەكانى هەرێم وایە كە لەسەر بنەماى هەستەكانیان بڕیار دەدەن، من لێرەوە خوێندنەوەیەك بارودۆخى خەڵكى ئەم شارە بۆ جەنابت دەكەم ئەگەر تۆ بتوانیت كارى لەسەر بكەیت.
هەولێر تێكەڵیەكە لە تووڕەیی و گومان و ترس و خۆشباوەڕى و لایەنگرى، لە هەڵبژاردنەكەى رابردوودا تۆ بەشێكى زۆرى دەنگى تووڕەیی ئەم شارەت برد، بەڵام هەمووى نا، جگە لەمەش لەزۆر حاڵەتدا تووڕەیی و گومان جیاناكرێتەوە لەم شارەدا، تووڕەیی لە ناعەدالەتى و گومان لە فریادڕەسێك كە بتوانێت خەمى ئەم نەتەویە هەڵبگرێت، لە پێشتریشدا پێتم گووت كە كە بە ڕەواندنەوەى گومانەكان دەنگى گۆڕان لەم شارەدا زیاتر دەبێت، دەبێت ئەوەشت پێبڵێم كە زۆر جار ترسى خەڵك لە تووڕەییەكەیان زیاترە بۆیە دەرفەتى یاخیبوون لەم شارەدا بەبەراورد لەگەڵ سلێمانى كەمترە، بەشێكى زۆرى ئەم ترسەش بەهۆى ئەوەیە كە تاوەكوو ئێستا سەقفێكى بەدیلى پارتى و یەكێتیان نەدۆزیوەتەوە كە بتوانن لەژێر ئەم سەقفەدا لە شەڕ و بیانوو و نانبڕین و هەڕەشەى دەسەڵاتەوە بەدوور بن، بەشێكى دیكەى ئەم ترسە ئەوەیە كە هەتاوەكوو ئێستا هێزى خۆیان و قەبارەى خۆیانیان لێونبووە، بۆیە ئەو چەترەى كە دەبێت لەژێریدا كۆ ببنەوە لەم شارەدا تواناى تەحەفوزى ئەوانى نییە، بەجۆرێكى دیكە هەتاوەكوو ئێستا كادیرەكانى گۆڕان قەوارەى دەنگى هەولێریان وەك خۆى بە خەڵكەكە نەناساندووە، بۆیە بەردەوامى ئەم حاڵەتە لەم شارە دوور نییە ببێتە زیاتربوونى گومان و ترس لە نێو خەڵكدا، بێگومانیشم كە زیاتر بوونى ئەم دوانە بەسەر حیسابى تووڕەبوونیانە كە ئەمەش كاریگەرى بە سەر قووەت و دەنگى گۆڕانەوە دەبێت بە شێوەیەكى نێگەتیڤانە،كە لە ئێستادا من حەز بەوە ناكەم، هەرچى خۆشباوەڕی و لایەنگرى ئەم شارەیە، ئەوا هەوڵى زۆریان لەگەڵ مەدە، چونكە بەشێكیان چاوەڕوانى موچەى سەرى مانگن لە حیزبەكان تا شوكرانەى پێبكەن و هەندێكیش گوێچكەیان تواناى بیستنى وشەیەكى نوێى نییە، بۆیە پێموایە دەكرێت تەنیا لە ڕێگەى گوتارى نەرم و حەكیمانە و مەنتقیانە لەبەرەمبەر ئەم گڕوپەدا دەتوانیت باوەڕى پێبكەیت كە تۆ هەیت، ئەمەش بۆ ئێستا بەسە ئەگەر ئەم گڕوپە نەك دەنگت پێبدات بەڵكوو تەنیا پێت بڵێت بەڵى هەیت، بەڵام لەڕێگەى ئەم جۆرە گوتارانەوە بەشێوەیەكى نائاگاهى كاریگەریت بەسەر گومان و ترسەكانەوە زیاتر دەبێت.
تا ئێرە بەشێك لە واقعى شەقامەكانى ئەم شارەم كە هەولێرە بۆت خستەڕوو، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەى كە من خۆم دەمەوێت هێزەكەى تۆ لە هەڵبژاردنەكانى عێڕاقدا دەنگەكانى ئەگەر بەرز نەبێتەوە لە نزمى نەدات، چونكە غیابى هێزى سێیەم لەم هەرێمەدا موسیبەتێكى گەورە بوو و خەریك بوو دەبوو بە بەشێك لە كلتور لەم وڵاتەدا، تەنانەت بەشێك لە خەڵكى ئەم جڤاتە هەتاوەكوو ئێستا سوڵتە بە مافى ئەم دوو بنەماڵەیە دەزانن، لە ئێستاشدا بۆ ئەوە ئاگادارت دەكەمەوە تا غرورى نەتگرێت و ئاگادارى هەنگاوەكانى خۆت بیت، لەوانەیە لە كاتێكى دیكەدا لە زۆر شتدا ئاگادارت بكەمەوە، بەڵام هەرگیز ئەوە لەبیر نەكەیت كە من ئەندامى لیستەكەت نیم بەڵكوو تەنیا دەنگدەێ بووم، دەشێت ئاراستەى نوسینەكانم بەشێوەك بگۆڕێت ئەگەر بزانم هەنگاوەكانت تەندروست نین بۆ تەندروستى ئەم خەڵكە، بەڵام لە ئێستادا هەست بە گرنگى بزووتنەەكەت دەكەم، لە ئێستاشەوە كارى منە كە رەقیبێكى بەردەوامى بزووتنەوەكەت بم.
[email protected]
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

