بەختیار عەلی خەبەری بووەوە
28/10/2019, 14:40 (GMT+1)

بەختیار عەلی چاوەڕوانی عەزفی فلوتی دەکرد هەتاوەکو بگەڕێتەوە، دڵی شکاوی ئاشت بکاتەوە. خۆ هیچ کەسێک ناتوانێت بیسەپێنێت بەسەر نووسەر و هونەرمەندەکاندا تا هەڵوێستیان هەبێت لەسەر رووداوەکان، ئەگەریش نوسین و ڕۆمان و بەرهەمەکانیان پەیوەندیەکی راستەوخۆیان بەو چەمکەشەوە هەبێت ، بەڵام وەک بینیمان لە دوای بێدەنگییەکی دوور و درێژ، دوای ئەوەی کە قوتابیەکانی پۆلی سەرەتایی لە ئەفغانستان هاتنە سەرجادە بۆ بەرگری کردن لە ڕۆژاڤا، بەختیار عەلی خەبەری بووەوە، نەک بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژاڤا، یان خەباتکردن هاوشانی ئەوان، نەخێر تەنها لەبەر ئەوەی نەوەکا لە کاروان دواکەوێت و خەڵکی لە دواڕۆژدا ڕەخنەی لێ بگرن، گوایە کە ئەو وەک نوسەر هەڵوێستی نەبووە.
باشتر وابوو کە بەختیار عەلی وەک حاجی کاروان بیوتایە، کە ئەو باسی سیاسەت ناکات، چونکە وەک بینیمان لەبەردەم میکرۆفۆنێکدا وەک ئەوەی بەرپرسێکی باڵا زۆری لێکرابێت لەسەر باسێک بدوێت، بەناچاری وشە و رستەکانی بە مسقاڵ خرابونە ناو تەرازویەکەوە، بە وتارێکی چەقبەستو، نەوەکا وشەیەک بەلاسەنگیدا بیبات. وەک ئەوەی، کە ئاگای لە کوردانی باکوریش نەبێت، کوردانی وەک دەمیرتاش و ئەحمەد تورک و بایدەمیر... تاد، کە خەباتێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە پەیڕەوی دەکەن وەک ڕۆژئاڤا دەڵێت:

- ئەزمونی رۆژئاڤا ئەزمونێکی گرنگە لەهەمو ڕوویەکەوە بۆ ئێمەی کورد........ رۆژئاڤا گێڕانەوەی حورمەتە بۆ ژیان بۆ بوونی مرۆڤی کورد......... هەمو ئەو بزووتنەوانەی، کە لە باکور و باشور و رۆژهەڵات هیچیان نرخی راستەقینەی بەرگری بەرجەستە نەکردۆتەوە،... بەهۆی ڕۆژاڤاوە دەمامکی فاشیسمی تورکی بۆ هەموو جیهان ئاشکرابو... یەکەم جارە کە کورد مۆدێلێک پێشکەش دەکات... مۆدێلێکە بۆ پێکەوە ژیان.. بۆ پێکەوە ژیانی بیروڕای جیاواز...سوپاس .
کاک بەختیار شتێکی نوێمان پێ ناڵێت، ئەمانەی کە بەختیار عەلی باسیان دەکات هەموو مرۆڤێکی کورد دەیزانێت، بۆیە دەبوایە ئەگەر بیویستایە وەک نووسەرێک هەڵوێستی هەبوایە، بەشداری بکات لەو شۆڕشەی ڕۆژئاڤادا، دەبوایە هانی خەڵکی بدایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، بۆ نمونە، یان سەردانێکی ڕۆژئاڤای بکردایە لە کاتێکدا زۆر لە نووسەر و ئەدیبەکانی جیهان سەردانیان کردون و بەرهەمی ئەدەبی و وتارو فیلمیان لەسەر کردون و بەجیهانیان ناساندون، بەڵام پێدەچێت وتارەکەی ژیژەکی فەیلەسوفی بەرچاو کەوتبێت و دڵی لەخۆی دامابێت کە زوتر ئەو دەستپێشخەریەی نەکردووە.
دەبێت ئەو راستیە بزانین، کە کوردستانی باشور نەک مۆدێلێکی سیاسی بۆ ژیان و پێکەوە ژیان بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو مۆدێلێکی بۆ نوسەری راستەقینە و بەهەڵوێست بەرهەم نەهێناوە .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان




