مەملەکەتێکی پڕ لەکڕوزانەوە و بێباکی دەسەڵات
31/08/2020, 9:27 (GMT+1)

لێرەدا دەپرسین داخۆ کێ بەرپرسیارە لە دروستکردنی ئەو کەشەدا کە میللەتێک هێندە داماو بکات ؟
جەوهەری ئەم پرسیارە دەبەینە لای ڕۆژنامەنوس و نووسەری ئیتالی خانمی "ئۆریانا ڤالاچی" کە کاتێک کۆمەڵێک چاو پێکەوتن دەکات لەگەڵ تۆپەڵێک کەسایەتی جیهانی و سەرکردەی ووڵاتاندا، بەتایبەت دیتاتۆرەکان لە وڵاتەکانی جیهاندا، لەوێدا ڤالانچی دەگاتە ڕاستییەک، کە دەڵێت : " ئێستا گەیشتمە ئەو یەقینەی هەموو دەسەڵاتێک لەهەر ووڵاتێکدا ڕەنگدانەوەی خەڵکەکەیەتی " بۆیە لە دوا پرسیاریدا لە موعەمەر قەزافی دەپرسێت: سەرۆک تۆ بڕوات بەخوا هەیە ؟ قەزافی لەوەڵامدا دەڵێت : بێگومان بۆ دەپرسی ؟ ڤالاچی دەڵێ: ببورە وام دەزانی تۆ خۆت خوایت.
ئێمە ٣٠ ساڵە دەسەڵاتێک سوکایەتی بە تاک بە تاکی ئەم هەرێمە دەکات، بەڵام لەهەمبەر ئەمەدا خەڵکی هەموو جارێک دەچن بۆ دەنگدان و مۆری کۆیلایەتی و بێدەنگی خۆیان بۆ ئەو دەسەلاتە بێباکە نوێ دەکەنەوە. سەمەرە لەوەدایە کاتێک مایکرۆفۆنێک لەبەر دەم تاکی ئەم کۆمەڵگایەدا ڕاست دەکرێتەوە، ئیتر قسەکەر جگە لە کڕوزانەوە هیچی تر بەگەنج و پیرو ژن و پیاو ناڵێت، خۆئەگەر مرۆڤێک قسەیەکی باش بکات، یان حەماس بیگرێت و پەتی قسەکانی بپچڕێت، ئەوە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان تژی دەبێت لەقسەیەکی پوچ کە دەلێن:"قسەی دڵی هەموومانی کرد" دوایش خاوەن قسە دێت دەڵێت :"وام زانی ڕادیۆیە...! ئەگینا من قسەی وام چۆن دەکرد!، ئەم حکومەتە نەبێت، ئێران و تورکیا دەمان خوات". مێژوو ئەوەی سەلماندوە کە سیستەمە زاڵمەکان تەنها ڕێگەیەک هەیە بۆ نەمانیان ئەویش تەنها بە شەڕ و گیان فیدا کردن دەتوانیت بەرامبەریان بوەستیت و تێکیان بشکێنی، دەنا نە کڕوزانەوە، نە دەستپانکردنەوە، نە نزای مزگەوتەکان کە مەلا ی مینبەرەکان موچە لە دەسەڵات وەردەگرن، ئەو سیستەمانەی پێی نالەقێت.

لێنین دەڵێت:"هەتا ناعەدالەتی هەبێت تارمایی شۆڕش هەمووڕۆژێک خۆی نیشان دەدەت "، بەڵام پێدەچێت ئەو تارماییە لای ئێمە ڕەویبێتەوە، ئەگینا چۆن خەڵکی ئەو هەموو پاشاگەردانی و هەرەس و تێکشکانەی بەسەردا دێت، هیچ شتێک بەرامبەر ئەم خائین و ناپاکانە ناکات! ؟ سەیر لەوەدایە ئەم دەسەڵاتە و ئەم خەڵکە نەخۆشە کە سیاسەتکردن وەک پیشە سەیردەکەن، لەچەنەبازیش ناکەون، چونکە وەک دەڵێن ئەوانیش فیکەی خۆیان دەناسن و دەزانن میللەتێک بەڕاستی خەسێنراوە، بۆیە ئەمانە شوڵیان لێهەڵکێشاوە. بۆ نمونە تەماشای ئەم قسەیەی ئەرسەلان بایز قس بکە، من لە جێگەی ئەو پیاوە هەست بەشەرم کردن دەکەم، دەڵێ هەرێمیان کردۆتە یابان. لەکاتێکدا لەجێگەی ئەم قسە پوچە دەبوو گەر یەک تۆز شەهامەتی تێدا بوایە داوای لێبوردنی بکردایە، یان گەر دوور بڕۆین باسی ئەو بێئەخلاقیەی تورکی بکردایە کە نیشتمانی خەڵتانی خوێن کردوە، یان باسی ئەو هەموو خەڵکەی بکردایە کە لە شەقامەکان وەربوون، خەریکی کوڕوزانەوەن لە دەسەڵاتێکی بەد، کە هیچیان جیاواز نییە لەگەڵ تورکاندا، تورک زۆر شەریفانەتر دەمان کوژێت، دەسەڵات سوک و ڕیسوامان دەکات، دوایش هێدی هێدی لەناومان دەبات.
ئەو کاتەی کە "ئاڵای شۆڕش "چەک کران، کاک "شیخ عەلێ" لەبارەگای کاک نەوشیروان بوو جارێ نەبرابوو بۆ زیندانی بەرگەڵو، ڕۆژێک منیش لەوێ بووم ئەرسەلان بایز و مامۆستا موحسین خانەقینی هاتن شەهید عەبدولڕەحیم مەرگەیش کە بریناربوو لەوێ بوو، ئەرسەلان هاتە ژوورەوە شیخ عەلی "خولە کەشکۆڵ، بە ئەرسەلانی ووت : ها ئەرسەلان پلایس، هەموومان پێکەنین، کە ڕۆیشتن، لە کاک شیخ عەلیم پرسی بۆ وا سوکایەتیت بەو پیاوەکرد، ووتی : لە تەمەنمدا پیاوی واسوک و دوو ڕوو و ترسنۆکم نەدیوە، ووتم ئەو هاتبوو بۆ لای تۆ. لەوەڵامدا ووتی ئەوە بۆ سیخوڕی هاتبوو تا بزانێت چی دەڵێم، تا دوایی بڕوات نان و پیازی پێوە بخوات. ڕەتڵێک تۆپ هات گفتوگۆکەی کۆتایی پێهێناین.
بەراستی ئێستا دەزانم ئەمانە لەو چیایەش هەروا سووک و هیچ بوون.
دواجار شەرم نییە مرۆڤ بەکەرامەتەوە نەژی و لەم بەشەرە پیسانە بکڕوزێتەوە ؟ لایەنی کەم گەر بەشدارییش ناکەیت لە ڕوخاندنی ئەم دەسەڵاتە بەدەی کە کورد هەیەتی، لێشی مەپاڕێرەوە. بەڕاستی ئەوانەی کە نیشتمانیان هەراج کردوە و ئێمەیان بەو دەردەبردووە شایەنی ئەوە نین کە لێیان ببورین و لێیان بپاڕێنەوە. ئێمە نەکڕوزێنەوە سنورێک بۆ چەنەبازی ئەمانە دادەنێین. دواجار ئەوەی ژیانی بوێت دەبێت خەباتی بۆ بکات. دڵنیابن لەناو پارتی و یەکێتیدا تۆوی ڕوخان بەدەر کەوتوە تکایە بەس بکڕوزێنەوە نەفرەت لەو مایکانە بکەن کە لەشەقامەکان ڕێگەتان پێدەگرن.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەت:
گشتی
بابەتە پڕبینراوەکان




