<

هەموو کێشەکان ئیمریالیزم و زایۆنیزمە

23/06/2025, 21:56 (GMT+1)
لە سەردەمی سەدام حسەینا ئەو پەیکەرانەی کە دەستیان بە ئاراستەی ئیسرائیل ڕاکێشابوو دژی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم وەک دوژمنی سەرەکیی، کاتێک جەنگی نێوان ئێران و ئێراق هەڵگیرسا ئاڕاستەیان گۆڕا ڕووەو ئێران. بەڵام هەنێ لە ڕۆشنبیرانی کورد لەم جەنگەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاراستەی پەنجەیان لەگەڵ پەنجەی نەفامەکاندا ڕوەو ئیمپریالیزم و زاۆیۆنیزم ڕادەکێشن وەک چۆن باوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەموو نەهامەتیی و هەژاریی و بێ توانایی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ئەوان.
هەقیقەت تاڵە. بۆ دەستنیشانکردنی پێویستمان بە ژیرییە.
جیهان لە ململانێدایە، لە ململانێی جەنگی نێوان دیموکراسیی و دیکتاتۆریا کە بنەمای گۆڕانکارییە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی و ئابوریا. بەشێوەیەکی گشتیی دیموکراسی لیبراڵ زاڵە. وەک بینیمان لە ئیسرائیل خەڵکی هاتنە سەر جادە دژی جەنگ و تەنانەت داوای لێبوردنیش لە ئێران، بەڵام یەک تاکی ئێرانیی نەی دەتوانی بە ئاشکرا دژی جەنگ بوەستێتەوە، ئەمەیە جیاوازیەکە.
لە سیستەمی دیموکراسیا هزر چەق بەستوو نییە، هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، هەموو توانای خۆی وەدەستدەخات، بەو پێیەش گێل نیە لە بۆچوونەکانی و هۆکاریی نەهامەتیەکانی.
((خۆت بناسە))
کاتێک وتارێک دەنوسیت دژی تورکیا و ئێران چۆن خاکی کوردان وێران دەکەن، هێندە کاریگەریی و لایکی نییە لە واتارێک کە دژی زایۆنیزم و ئیمریالیزمە. ئەمەش ئاستی ژیریی و هۆشمەندی ڕۆژهەڵات دەستنیشان دەکات. تەنانەت ئەوە ئەوان بوون کە خومەینیان سەپاند بەسەر ئێراندا.
کەس ناتوانێت حوکمێک بسەپێنێت بەسەر وڵاتێکدا ئەگەر تاکەکانی ئامادەییان تێدا نەبێت. وەک بینیمان بە ملوێنەها کەس پێشوازیان لە خومەینی کرد و بە فەتوای ئەو سنگی خۆیان دەدایە بەر فیشەک. تەنانەت میشێل فۆکۆش لەسەرەتادا دیاردەی گەڕانەوەی خومەینی وەک ڕووداوێکی مەزن دەبینی؛ وەک ئەوەی ئیدی ڕۆژهەڵات شوناسی خۆی دۆزیبێتەوە؛ ئەو شوناسەی کە گەیاندینی بە میزی حوشتر و ئاوی زەمزەم و گەڕانەوەی مەهدی، لە چاوەڕوانیدا پەچە و بورقە بوون بە مۆدێلێکی جیهانیی، ئیدی ئیمپریالیزم چ دەکات لەژێر بورقەوە؟ خۆ فۆکۆ زایۆنیزم نەبوو!!!! ئیدی مەڵێن ئیمپریالئزم خومەینی گەڕاندەوە.
دەبێت ئەم دیاردانە وەک ململانێی هێز ببینین.
ئەوەتا ئەمڕۆ لەبەر نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر و ڕەوا وەک هێز ی جێگرەوە، بەچکە شا خۆی ئامادە کردووە بگەڕێتەوە. بۆیەکا ئیمپریالیزم و زایۆنیزم ناتوانن ڕێژیمی ئێران بگۆڕن. هەنێ ڕۆشنبیریش دەڵێن ئەمەریکا نایەوێت ڕێژیمی ئێران بڕوخێنێت لەبەر ئەوەی ئێرانێکی لاواز و پڕ لەکێشە بە بەردەوامیی لە قازانجی ئەوانە. ئەمەیە لێکدانەوەی پرانۆیاک. لێکدانەوەی مرۆڤ لە سیستەمی نادیموکراسیدا بە گشتیی.
کاکی ڕۆشنبیر لەبری ئەوەی پەنجەت ئاراستەی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم بکەیت وەک ئەو خەڵکە نەفامە، باشتر وایە شیکارێکی ژیرانەیان بۆ بکەیت کە چۆن یاسر عەرەفات لەبری ئەوەی فەلەستین ئاوەدان بکاتەوە، ملیاڕەها دۆلاری یارمەتی فەلەستینەیەکانی خڕکردبوەوە لە بانکەکانی ئەوروپا، لە نەبوونی دیموکراسیدا پاڵی لێبدابویەوەو خەڵکە نەفامەکەش کە لە برسا دەمردن پەنجەی هەڕەشەیان دژی زایۆنیزم و ئیمپریالیزم ڕادەکێشا .
تۆی ڕۆشنبیری کوردیش با ئاراستەی پەنجەت ڕووی لە خێڵی بارزانی بێت کە ئەو خەڵکەی بێ مووچە کردوە و خۆیان لێی دەلەوەڕێن، ئیتر ئیمریالیزم چی بکات؟ خۆ ئەوە ئیمریالیزم نییە کە مەسعودی کرد بە کەڵەگا لە کوردستان. ئەوە ئیمپریالیزم نییە داوا لە کەسێکی خێڵەکی وەک مەسعود دەکات سەرۆکایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات، ئەوە ئاپۆیە کە دژی زایۆنیزام و ئیمپریالیزم دەدوێت. خۆ ئەگەر ئەمەریکا ئەو داوایەی بکردایە دەیان گووت ئەمەریکا لایەنگری ڕێژیمی خێڵەکییە.
نمونەی ئەزموونی ڕۆژاڤا هەموو تیۆریەکانتان دەڕەوێنێتەوە.
ژنێکی بەرەی چەپی کوردی تورکیاش کوتوپڕ بەهۆش خۆیدا دێتەوەو دەڵێت ئێستا تێ گەیشتم؛،من وەک مرۆڤ دەچەوسێمەوە نەک وەک کورد بۆیەکا خەباتی من خەباتە دژی چەوساندنەوە لەلایەن سەرمایەدار و ئیمپریالیزمەوە  و ئیدی باسی چەوساندنەوەی خۆی ناکات وەک کوردێک. بەڵام کرێکارە ئێزیدییەکان لە ژێر دەسەڵاتی حوکمی بارازانی، وەک کرێکار و وەک ئێزیدی دەچەوسێنەوە؛ بۆیان نییە وەک ئێزیدیەک بە ئازادیی هاتوچۆ بکەن جگە لەوەی خەڵکی موسڵمان نانی دەستیان ناخۆن. لە کاتێکدا کرێکارە فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل ئەو مافەیان لێ زەوت نەکراوە لەژێر حوکمی زایۆنیزما.
من لە نهۆمی هەرە بەرزی بینایەکی بەرەی چەپی ئێران بووم، لە تاران، کاتێک دیتم چەقۆ وەشێنەکانی خومەینی دەهاتن شەڕیان پێ دەفرۆشتن. ئێمە لای هەڤاڵانی بەرەی چەپی فارس وەک ماڵی خۆمان خزمەتمان دەکرا، بەڵام نەدەبوا شوناسی کوردبوونمان ئاشکرا بکەین، ئەمەش بەداخوازیی هەڤاڵە کۆمۆنیستە ئێراقیەکان بوو، خۆ منێکی دینداریش نەک نەدەبوا دژی ئەو بڕیارە بوەستێمەوە، بەڵکو (منی باڵا ) ڕێگەی پێ نەدەدام دژی بوەستێمەوە، وەک ئەو پیاوە ئیماندارەی سەری دەچێت و نوێژی ناچێ بەڵام لە کولەمەرگیدا دەژی، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ڕۆژێک شوکری خوا دەکات و دەڵت:
خوا لەبەرەی ئیماندارانە.
ئیدی ئەم قەوانە سوا و دەبێت بیگۆڕین ئەگەر دەمانەوێت بە ڕاستیی گۆڕاکاریی بکەین لە ڕۆژهەڵات.
..............
فۆتۆگرافیەکە، ژنێکی ئێرانییە، دواجار ئێسکی کوڕەکەی دەدۆزێتەوە لە کوێ نێژراوە. لە پەیجی بەڕێز چیا کەمال (Chia kamal)  وەرگیراوە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست