<

هاوکێشەی فشنبیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا (سفر)ی دا بە دەستەوە

28/07/2025, 20:41 (GMT+1)
فەرموودەیەکی مامۆستا مەسعوود محەمەد: " درۆکردن لەگەڵ میللەت بەلامەوە خیانەتی بێ تەئویلە".
ڕاستەقینەیەکی نەتەوەکە کە دەبێت هەموو دەستە و تاقم و خێڵ-حیزبی کوردی بیزانن: هەموو ئەوانە و یەک بەیەکی ئەوانە دەبێ ئەوە بزانن، کە ئەوان هیچ کامیان و هەمووشیان پێکەوە، نوێنەرایەتی نەتەوەکە ناکەن، یەکەم: هەموویان لەنەتەوەکە بچووکترن و کەمینەیەکی ناو نەتەوەکەن، دەووەم: تەنیا و تەنیا ئەوان وەک دەستەیەک دەتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، کاتێکیش خۆیان پێشکەش بەهەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک دەکەن: دەبێ بڵێن: ئێمە کەمینەیەکین لە ناو نەتەوەی کورددا و بیروڕاکانمان نوێنەرایەتی سەرکردەیەتی و ئەو کوردانە دەکات کە لەگەڵ ئێمە کەوتوون. ئێستا سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبی کوردی، وا وێنەی نەتەوەکە دەکەن دەڵێی گۆشتی قووربانی دەبەخشنەوە!...... 
هەر تاقم و دەستەیەک لە گۆڕەپانی تێکۆشانی نەتەوەکەدا خۆبەخشانە و بە ئەو پەڕی دڵسۆزییەوە نەی سەلماندبێ کە مەبەستی سەرەتا و کۆتایی هەوڵدانەکەی ڕزگاریی نیشتمانی کوردە، ناتوانێت و بۆی نییە خۆی بە ملی مەسەلەی نەتەوەکەدا هەڵواسێ و نوێنەرایەتی بۆ قووت بکاتەوە، جا ئەمە سەبارەت بەو کوردانەی لە ڕێکخراو، دەستە و تاقم و خێڵ-حیزبی کوردیدا کۆبوونەتەوە، ئێمە "نەتەوەکە" ناتوانین ڕەچاویان نەکەین، تەنیا لەبەر ئەوەی کە کوردن و هیچی تر. پاش سەدساڵ ئەزموونی پڕ لە ژانی نەتەوەکە لەگەڵ تاقم و دەستەکانیدا، کە زۆرجار تا لیواری مەرگییان بردووە و دەستیان بە خوێنی یەکتر سوور کردووە و بوونەتە کەوا سووری بەر لەشکری دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە بۆ سەردڵی نەتەوەکە یا بۆ سەر یەکتر، ئێدی ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە بە درووشمی قۆڕ و ڕەشکردنەوەی کاغەزی بێبایەخ و بەڵێن و گفتی ئەهریمەنیی نەتەوەکە چەواشە و سەرگەردانی ناو گێژاوی فڵان بەڵێنی داوە و لیستەی مافەکانی داوە بە فڵانە سیناتۆر و فیسارە میناتۆر. نەتەوەی کورد یەک لایەن و یەک مەسەلە نوێنەرایەتی دەکات: نەتەوەکە خۆی و نەکەسی تر و نەبەڵینی هیچ و پووچی تر، سەرچاوەی بڕیاری کۆتایی نەتەوەکەیە، دارێژەر و جێبەجێکاری هەموو هەنگاوێک نەتەوەکەیە. ئەوە چارەنووسی خۆیەتی بەدەستی خۆی دیاری دەکات. سەرکردەیەتی خێڵ-حیزبەکانی یا دەبێت ملکەچی مەرام و خواستی نەتەوەکە بن، یا فەرموون ئەو جێگایەی پێیان خۆشە هەڵی بژێرن. 
ئێستا ئێمە دەبینین لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بە تایبەت عەرەبی، فارسی و تورکییەوە، بە دەیان و سەدان، دکتۆر و موکتۆری شیکەرەوەی بە حساب سیاسەت و بارودۆخی ناوچەکە لەدەوری خانمێکی پێشکەشکار کۆدەبنەوە لەسەر مەسەلەی بەناو کەمینەکان، بێ ئەوەی نوێنەری گەلانی تر لە کۆڕەکەیاندا بن، تا قسەی دڵی خۆیان بکەن، خەریکی قاوەگرتنەوە و خوێندنەوەی جووڵەی ئەستێرەکانن، لەم ڕۆژانەدا کە مەسەلەکە لە سووریا و بەهۆی ڕەشەکوژیی درووزەکانەوە لەلایەن میلیشیاکانی محەمەد جۆلانییەوە، زیاتر باسوخوازیان لەسەر ئەو ناوچەیەیە، وەک بڵاوکردنەوەی تیرۆری دەروونی بۆ نەتەوەکانی تری سووریا، ئەم دکتۆر و مکتۆرانە، کە لە دەموڕاوێژیان ورد دەبیتەوە، یەکسەر بۆت دەردەکەوێت، لە گیرفانی کام دەسەڵات و حوکوومەتی دکتاتۆریی سەپێنراو ئاو دەخۆنەوە، ئەم بەناو زانایانەی کۆمەڵگاکان، هەموو ئەو نەخۆشیانەی تووشی فەرمانڕانەکان دەبێت، لە مانیشدا هەڵی داوەتەوە و جاروبار لەبەرئەوەی سیاسەتبازن و دەرسەکەیان خوێندووە، بە پێچ و پەنا و ڕێگای ناو داڵان و پشتی دیوارەکاندا، هەڵوێست و مەبەستە نامرۆییەکانیان دەردەبڕن، تیاشیاندا هەیە بۆ نموونە لە ناو توورکەکاندا جەنگیزخانێکن بۆ خۆیان!.
قسەکانم بە جۆرێک دەکەم کە ڕەنگە بۆ ئەو زانایانە ئەوە یەکەم جار بێت کەسێک پێیان بڵێت، پشتی چاوتان برۆیە! چوونکە وەک هەموو شتێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە سەقەتکراوە، ئەم جۆرە کەسانەش کە قۆناغێکیان لە دەرس و دەور خوێندوە، ئێدی دەبنە چینێکی جوودا و پێیان وایە کە باسوخوازی ئەوان ڕەتبوونەوەی بۆ نییە، لە حاڵێکدا کە یەکێک لە هۆکانی گرفتارییە بێکۆتاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕۆشنبیرەکانێتی، ئێمە ئاکامەکەی دەبینین، ئێران و ڕژێمی ئاخووندی و فەرمانڕانییەکەیان بۆ ماوەی چل و شەش ساڵ، نموونەیەکی زیندووی ئەو قسەیەی منن، من باوەڕم بەوە نییە کە گرفتەکە یەک لایەنی سیاسی هەبێت، لەبنەوەی گرفتارییە سیاسییەکانەوە، لێکدانەوە خوارەکانی ڕۆشنبیرانی زەمینەی گەشەکردن و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئامادە و خۆش دەکەن، لەم بارەیەوە دەتوانرێ زۆر بووترێ و بنووسرێ، ئەوە هەر سەرەتایەک و ئاماژەیەک بوو.
 قسەکانی من لەناو قووڵایی خەمی مرۆڤ و بەتایبەت نەتەوە بندەستەکانەوە دێتە نووسین و زۆر قووڵتریش خەم و حەسرەتی نەتەوەکەی خۆمە، خەمی کوردە، ئەو بۆ من لە ڕووی پلە بەندییەوە لە پلەی یەکەمدایە، نەک وەک نەتەوەیەکی کە ئیمتیازی هەبێت بەسەر مرۆڤەکانی تردا، بەڵکو لەبەر ئەوەی من زۆر بەسادەیی کوردم، ڕاستەخۆ لە ناو ئازار و حەسرەت و کۆمەڵکوژییەکانی ئەم نەتەوەیەدا لە دایکبووم و گەورە بووم، مەسەلەکەی بە بەشێک لە مەسەلە ئینسانییە گەورە چارەسەرنەکراوەکان دەزانم و ئازارەکەی بە بەشێک لە ئازارە ئینسانییە بێکۆتاییەکان دەزانم. 
زۆر دوور نییە و هێشتا دەنگدانەوەی لە بیرەوەریدانماندا دەزرنگێتەوە، کاتێک خومەینی لە نۆفل لۆشاتۆی فرەنساوە، ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی بە شۆڕشی فەرەنسا دەچوواند و بەڵێنی کارەبای خۆڕایی، نەوتی خۆڕایی و قسەی قۆڕی خۆرایی بە گەلانی ئێران دەدا، کە ئاکامەکەی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێی، زنجیرەیەک لە سێدارەدانی بەردەوامە بووە/دەبێت، جا  کام گەلە و کام خەڵکە لە ئێراندا باوەڕی بەو تووڕەهاتانەی ئەو کرد، ئەوە کێشەی خۆیانە، نەتەوەی کورد نە ئەوسا، نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ و نە سبەینێش، دەنگی بە ئاخووند نیشینەکەی ئەوان نەدا/نایدات، چوونکە گرفتی ئێمە کارەبای خۆڕایی نییە، سەرپۆش فڕیدان و لەسەرکردنی سەرپۆش نییە، ڕۆشتنی (ئاخووندێکی ڕیشدار) و هاتنی (سەرپۆشبەسەرێکی بێڕیش) نییە، ڕۆحی ئێمە دەبێت ئازاد بێت لە خاکێکی ئازاددا، لەسەر ئەو خاکە کورد خۆی دەبێت بڕیار لە سەر ئەوە بدات کە دەیەوێت و دەیکات، ئەگەر تاقم و دەستەیەکی کوردی پەڕاگەندەی دابڕاو کە لە خەیاڵاتی بەسەرچووی سەردەمەکانی تردا دەژین، لینکیان هەبێت کە دەیانباتەوە سەر ئەوەی ناوی( ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و شوورا و مقاوەمەت) و ئەم بابەتانەیە، ئەولینکە لە سنوورەکانی ماڵەکەی خۆی تێپەڕ ناکات و لە بازنەی حیزبەکەیدا دەخوولێتەوە، چ پەیوەندی بە کورد و خواست و مەرامی کوردەوە نییە، مەگەر لەوەدا کە دەیەوێت شوێنێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات لە حاڵی (چوونی) ئاخووندە پیاوەکان و(هاتنی) ئاخوندێکی ژندا، کە ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێت لە ئێستاوە بەربەست و تەگەرە بخاتە سەر ڕێگای بزووتنەوەی ئازادیی نەتەوەی کورد، ئەمە خوێندنەوەیەکی دوورە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ئێستا پلانی بۆ دادەنرێت، قابیلە کابرا یا ژابرا(بۆ ژن)هێشتا بستە دەسەڵاتێکی بەدەستەوە نییە، بە ڕێکخراوە ئەورووپاییەکان بێژێ: ئەگەر من لەسەر کورسی دەسەڵات ڕۆبنێن، هەموو دەنگێکی ناڕازی سەردەبڕم؟! بێگوومان دەڵێت، دیموکرات دەبم و مافی مرۆڤ دەپارێزم... ئەو دیمۆکراسییەی کە حەیا و شەرەفی چووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەدەست فەرمانڕانیی بنەماڵە و خێڵ-حیزب و فشنبیریی کاسەلێسەوە! ئەم یارییە منداڵانەیە چییە، فڵان وای وت و فیسار وای وت؟!. کورد لەناو خۆیدا تا ئێستا کەسێکی شایانی نەدۆزیوەتەوە کە بیکات بە سەرۆکی خۆی بە (ئاپۆ)شەوە، کە ئەو جوامێرێکی ڕێزلێگیراوی قەدرگران و هێژایە، بەڵام ئەو لەژێر چنگی ئەهریمەنی توورکدا گرفتارە، بۆ کورد هێمایەکی هێژای بەرخۆدانە. هەرگیزا و هەرگیزیش کورد نە دەیەوێت و نە ئەو مافە بەخۆی دەدات، سەرۆک و مەرۆک بۆ گەلانی تری بۆ نموونە ناو ئێران، هەڵبژێرێت، کورد باوەڕی بەو پراسیپە بنجییە هەیە و تێکۆشانی بۆ دەکات، کە دەبێت خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، هەر بەو جۆرە بۆ گەلانی تریش دەڕوانێ و باوەڕی وایە کە هەموو گەلانی ناو ئێران دەبێت خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسی ژیانی خۆیان بدەن. 
ئەمە هەر وێنەیەکی ئەو دیمۆکراسییەی(محەمەد جۆلانی)یە، کە بەبێ ئەوەی پرسیارێک لە خەڵک کرابێ، بۆ ماوەی پێنج ساڵ کابرای تیرۆریست، بوویە سەرۆک، بەرپرسی هەموو هێزی چەکداران و ئەرکی چەند وەزارەتی تریشی خراوەتە ئەستۆ...ئەی کوان ڕۆشنبیرانی سووریایی؟! من وای بۆ دەچم کە تاقیکردنەوەی ڕانانی (جۆلانی) لەسەر کورسی دەسەڵات، ئەزموونێکی نوێی هێزەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، کە بزانن ئاخۆ، ئاستی ڕۆشنبیرانی زماندرێژی لە خۆبایی تا چ ڕادەیەکە، ڕۆشنبیرانی قسە زۆر و کەمکار، چ کاردانەوەیەکیان دەبێت، ئەوە بینیمان چ کاردانەوەیەکی جوانیان هەیە و چۆن بە بەهانەی سەدان تووڕەهاتەوە، وەک یەکێتی خاکی سووریا، ساوابوونی حوکوومەتەکەی (جۆلانی) دەبێت چاوەڕێی بین دامودەزگاکانی ڕێکبخات و....ئێدی لەو خەڕەکە کۆنانەی بووە هۆی ئەوەی پەنجا ساڵ (ئەسەدەکان) سووریا و سوورییەکان، لوبنان و لوبنانییەکان لێبخووڕن، بۆ نا؟! ئێستاش دەتوانرێ ئەم سیناریۆیە لە ئێران بەرهەم بهێنرێتەوە و(ژابرا)یەک سوار کۆڵی ئازار و حەسرەتە هەرگیز بەدی نەهاتووەکانی گەلانی ئێرانی بکەنەوە، ئەم  ئەزموونی کوشت وبڕی شا و سەدامی هەیە و مووتوربەی کردووە بە ئەزموونی ئاخووندەکانیش!... ئەم جارە، دەسەڵاتی پیاوانە دەیانەوێ (ژن)یش بکەنە تاوانکار و بیانکەنە هاوشانی پیاوانی دەستبەخوێن و یارییەکە بەرێوەبەرن، هەڵبەتە مەبەستم ئەم ژنەی کە هەر لەپڕێ کرا بە سەرۆکی هەڵبژاردەی داهاتووی ئێران، کەسێک خۆی وەک سەرەک کۆماری خەیاڵی وڵاتێک هەڵبژێرێ، کوێی ئەم پرۆسەیەی پەیوەندی بە دیمۆکراسییەوە هەیە، جگە لە پەیوەندیەک بە دیمۆکراسیە ئابڕووتکاوەکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نەبێ؟! مەبەستی من ژنانی وەک ئەم (ژابرا) یەیە کە لەبازنەی دەسەڵاتی سەرۆکی خێڵ-حیزبێکدا دەخولێنەوە و هزرکردنیان و ڕوانینیان بۆ ژیان، بەتایبەت ژیانی میللەتانی دی، ڕەدووی بیرکردنەوەی خوێناوی پیاوەکانیان کەوتوون، دەنا نموونەی شایستەی ژنانی ژیر و شایان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ژنانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردن و ژنە دلێرەکانی ژن ژیان ئازادین. لە ڕۆژهەڵاتی فشنبیرانی زماندرێژدا، هەموو یارییەک گونجاوە و هەموو کراسێکی دەسەڵات، بەبەری دەبێت و لێی دێت و فشنبیرەکانی لێی دەهێنن و دەی گونجێنن، هەروایان کرد بۆ ناسر و بۆ سەددام و بۆ نەسروڵڵا و بۆ سنوار، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا خەڵک خزمەکاری حوکوومەتە، زۆرترین باسوخواز باسی حوکوومەتە، حوکوومەت سێبەری خوایە، زۆر بڵێی خواکە حوکوومەتە و حکوومەت خوایە، بۆ وایە؟! هەزار ساڵ و دووسەد ساڵە، ئەم سێبەرەی ئاسمان، لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی زەمینیدا، دراوە بە نوێنەرەکانی خوا لەسەر زەوی، کە پیاوەکانی ئاینن، ئەمانیش خستیانە بەردەست سیاسییەکان و فەتوایان بۆ دان هەرچی وەلی ئەمر دەیکات، ئاسمانییە و جێبەجێکردنی واجیبە، دەی نەتەوەگەلێک هەزار ساڵ لەم قوتابخانەیەدا فێری ژیان بووبێت، هەرچی بۆ بێنی: دێو، مێو، خێو، سێو، لێو، پێو، قبوڵیەتی و سەڵاوات لە دیداری دەدات، بۆ لە دیداری موبارەکی جۆلانی نەدات؟! ئەگەر پێجەوانەی ئەوەمان دیبا و بیستبا جێی سەرسووڕمان دەبوو، دەمانگووت شتێ ڕوویداوە و لە مێشکی عەرەبیدا هەڵگەڕانەوەیەک بووە، مەسەلەکە پەیوەندی بە پیلانگێڕییەوە نییە، بەڵکو گرێدراوی ونبوونی کلیلەکانی عەقڵی خەڵکە کە پشەکەی ئاین قووتی داوە. 

دیمەنێکی یارییەکە

ڕۆنانی محەمەد جۆلانی لەسەر کورسی دەسەڵات و تالیبانەکان لە ئەفگانسستان، جگە لە یارییە سیاسییەکەی کە بەهێزکردنی سوونەی توندڕەو و پشتێنێکە باوەش بە شیعەدا دەکات، بۆ چاوێکی وردبین و هزرێکی پەیجۆر، ئەفسانەی مافی مرۆڤ و پرێنسیپەکانی شۆڕشی فرەنسا و دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە هەمووشی گرنگتر، پڕۆژەی فشنبیریی ئێرانی و عەرەبی و توورکی و کوردیش، لەسەر تەرازووی(ئازادی یەکسانی برایەتی) سووک و ڕسواکردووە و تای ئەم وشانە لە سووکیدا وا لە ئاسمان و تای (کۆیلایەتی نایەکسانی و دژایەتی چارەنووسی گەلان) لەسەر زەویی سیاسەتی بەرژەوەندی خشەی دێت وهێندە بەرێز و لەبەردڵانە کە دەیان دەرگای وەک کۆشکی ئیلێزییە بۆ بکوژێکی دەستبەخوێنسووری وەک جۆلانی واڵا دەکات و سەرۆک و مەرۆکەکان بە دەست لە پشتدانی ئەو بکوژەی مرۆڤ، بە ئاشکرا و بە هەموو زمانەکانی ئاخێورا و دەڵێن: بکوژی دەیان مرۆڤی دوێنێ دەشێ ئەمڕۆ کوڕێکی هێندە چاک بێت، لە شیرینیدا بۆ خواردن دەست بدات؟!. ئەمەیە ڕاستەقینەکانی سیاسەتی مەیموونبازیی لە دنیای ئەمڕۆی دووندا. ڕۆنانی (جۆلانی) لەسەر عەرشی فەرمانڕانیی سووریا، ڕاگەێنراوێک بوو بۆ ڕۆشنبیرانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پڕۆژەکانیان، کە هەزار فاکتان بە فیکێکم!. 
سەبارەت بە کورد: هەموو ڕۆشنبیرێکی نەتەوەی سەردەست لە کوردستاندا، ئەگەر بە دەنگی بەرز مافی بێ قەید و شەرتی نەتەوە بندەستەکان لە دیارکردنی چارەنووسی خۆیاندا وەک خۆیان دەیانەوێت، هاوار نەکات، لەسەر هەر زەوییەک و لەبەر هەر هۆیەک، یا بە هەڵوەشاندنەوەی هەر دەوڵەتێک و دەسەڵاتێک تەوا ببێت، ئەوە فشنبیرێکی دژە مرۆڤە و لایەنە میدیایی و ڕۆشنبیرییەکەی دەسەڵاتەکان، ڕادەپەڕێنێ و بەرژەوەندییەکی کەسی ڕەچاوکردوە و مەرامی مسۆگەرکردنی ژیانی خۆیی و خێزانەکەیەتی، لێرەدایە کە ڕۆشنبیرییەکەی، ئەگەر هەڵگری دەیان تایتڵ و ناونیشانی دکتۆرا و پاش دکتۆراش بێت! ڕێگەخۆشکەری کابرای تیرۆریستە و چەقۆکەی بۆ تیژدەکات، چوونکە ئێمە خوێنەر و بیسەر و تەماشاکەری نووسینەکانی ئەوان و دەرکەوتنەکانی ئەوانین، هێندەمان لەم وشە بەتاڵ و بەڵینە پووچ و هەڵوێستە فێڵاویانە خوێندۆتەوە و بیستووە و بینیوە، کە لەبەر چاوماندا ڕووتووقووتن و هەرچی لەبەر بکەن، ڕووتییان داناپۆشێ، مەگەر سەربڕین باشی هەیە و خراپی هەیە؟! مەگەر کوشتنی مرۆڤ خاسی هەیە و بەدی هەیە؟!. تا کاکی ڕۆشنبیری فشنبیر چاوەڕێ بێت بزانێ (جۆلانی) کێ سەردەبڕێ و کێ دەکوژێ، جا هەڵوێست وەربگرێت، کە زۆرینەی فشنبیرانی ئەو نەتەوە سەردەستانە، بە بەهانەی پوچ هەڵوێستیان بەلای دەسەڵاتەکاندا خواردەبنەوە؟!...

شانۆیەکی ڕاستەقینە

لە سەردەمی چالاکییەکانی داعیشدا، لە مزگەوتی ئەم شارەی ئێمەدا، لە سوێد، بۆ هەندێ وردبوونەوە بۆ نووسینەکانی خۆم چوومە ناو مزگەوتەکەوە، لەو ساتەدا، پیاوێکی کوردی زۆر بەڕێز و مرۆدۆستم بینی لە خانەقینییە هێژاکانە، باوەڕداربوو هامووشۆی مزگەوتی دەکرد، بینیم لەسەر چۆک لەبەردەم ئیمامی مزگەوتەکەدا کە بێگوومان عەرەب بوو، دانیشتبوو، دیاربوو بە ئارامی و بیروباوەڕە مرۆییە بەرزەکانی خۆیەوە پرسیاری لە ئیمامەکە دەکرد، دانیشتنەکەی سەرنجی ڕاکێشام، دەستم دایە قورئانێک و لە نزیکیانەوە دانیشتم، لە پێشنوێژە عەرەبەکەی پرسی: ئایا ئەوە گوناه نییە بۆ نموونە: ئەو ئەندازیارە کۆریاییانەی لە عێراقدا خەریکی جادە و ڕێگا دروستکردنن داعیش بە ناوی خواوە دەیان ڕفێنێ و سەریان دەبڕێت؟! جا گوێ بۆ وەڵامەکەی کابرای پێشەوای خواناسیی بگرن، بە کوردی بۆتان دەنووسم، بە ئەرکی خۆمی دەزانم، بە کوردی بنووسم با قسەکە بە عەرەبیش کرا بێت:" هەذۆلە کەفەرە، وە ئیحنا نەرحەمهوم، نذبەحهوم بسەکین حاد"... " ئەوانە کافرن، ئێمە ڕەحمییان پێ دەکەین، بە چەقۆیەکی تیژ سەریان دەبڕین"، جا ئێستا دەزانن کاتێک مریشک سەردەبڕن، بۆچی چەقۆکە تیژ دەکەنەوە، ئەمە ڕیشەیەکی کلتووریی قووڵی لە بیرکردنەوەی ئەواندا دروستکردووە، کە بیروباوەڕێکی سەپێنراو کردوویە بە دەستوور، کە هەموو کەس ئەگەر وەک ئەوان نەبوو، بە چەقۆیەکی تیژ سەری ببڕن، میلیشیاکانی جۆلانی، هەر ئەو دەستوورەیان بەرانبەر بە عەلەوی و درووزەکان پەیڕەوکرد، ئاخر ئەوان گەرەکیانە بە سەربڕینی مرۆڤەکان، خودا لە خۆیان ڕازی بکەن!. یەپەگە، یەپەژە، یەژە ستار، ژنانی دلێری بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هێزەکانی سووریای دیمۆکرات، پایەدار و بەهێز بن، بەرانبەر بە چەقۆتیژەکانی میلیشیاکانی جۆلانی و قەڵەمە ژاراوییەکانی فشنبیرانی عەرەبی، فارسی و توورکی. 
دێتەوە بیرتان، لەو سەردەمە زووانەی کە مەلاییەکان و جەلالییەکان سوار کۆڵی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی کورد بوون و باشووریان دابەشکرد لە نێوان خۆیاندا بۆ دوو ناوچەی دەسەڵاتڕانیی بنەماڵەکانیان، لەو پارە زۆرەی کە (بریمەر) دەینارد بۆ سەرکردەیەتی ئەو حیزبانە، بەتایبەت قیادە بڕێکی باشی بۆ پڕوپاگەندە بۆ توورکەکان خەرج دەکرد، بە کڕینەوەی ئەو فیلمە تایبەتانەی کە میتی توورکی دەرهێنەریان بوو و باسیان لە بەهێزی و بێڕەحمی میتەکان دەکرد، کە چۆن تەنانەت خەڵکی کارکەری خۆیان لەسەر مێزی کۆبوونەوەکان سەردەبڕی و لە کەناڵەکانی قیادەوە پیشانی لاو و منداڵانی کوردیان دەدا، تا بوێری کوردستانیان تێکبشکێنن و لەسەر ئەوە پەروەردەیان بکەن کە ئەفسانەی میت هەرگیز تێکناشکێت، ئەوسا من لە کۆپلە شیعرێکدا نووسیم: کچێکی کورد سوارپشتی چیایەک بووە و جەندرمەکان ڕاو دەنێ، داربەڕوویەکی پیری قەندیلی بزە گرتی و چرپاندی بە گوێمدا، باوکیشیان هەروا حیزەڵە بوو؟!. 
ئێدی کاتی ئەوە هاتووە، کە دەسەڵات و حوکوومەت و ڕێکخراوی سیاسی پەڕپووت و خێڵ-حیزبی ماڵبات و دکتۆری فشنبیری درۆزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سووک بکرێن و تەنیا ئەو نرخەیان بۆ دابنرێت کە دەیهێنن، کەسگەلێک سەر بە بیرو باوەڕێک، ئاینی یا بێ بڕوایی، بە کوودەتایەک یا بەهۆی لینکی گوماناوییەوە، خۆیان بە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەواسن و چارەنووسی گەلێک لەو تاریکستانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا بەدەستەوە دەگرن و لەسەر کورسی فەرمانڕانیی دادەنیشن و دەبنە خودای بڕیاردەر لەسەر ژیان خەڵکەکەیان، چ فۆڕم، شێوە و توانایەک لە فەرمانڕانە کورد، عەرەب، فارس و توورکەکاندا هەیە کە جێگای تەشقڵە و گاڵتە پێکردن نەبن؟! دەزانم کە دنیای دوون چۆن مامەڵە دەکات، هەمیشە خڵتەی کۆمەڵگاکان دەبنە دەمڕاستی عاقڵەکان، چ مەسەلەیەکی جددی، یاساگەلێکی ئینسانی، پرۆژەیەکی مرۆدۆستانە، هوونەرێکی باڵا، نووسینێکی سەر بە ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەیان نووسیووە و داهێناوە، کە ڕێزیان لێ بگیرێت؟! بە پێچەوانەوە جێگای پێکەنین و مایەی گاڵتە پێکردنن. بێ توانترین، گەمژەترین، بڵحترین، گێلترین و بێسەلیقەترین مرۆڤەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوانەیانن کە سیاسەتباز و بە هۆی سیاسەتی مەیمونبازیشەوە بە دەسەڵات و پلەو پایەیەک گەیشتوون، گاڵتە و سووکایەتی بە خەڵکەکانی ژێر دەسەڵاتەکەیان دەکەن. 
قسەیەک دەکرێت ئەگەر ئەفسانەش بێت، دیوێکی ڕاستەقینەکان دەردەخات: دەڵین کاتێک کە ئەسکەندەری گەورە، ڕوو لە ناوچەی فراوانی نێوان چیاکانی زاگرۆس و ڕۆژهەڵات دەکات، سەری سووڕ دەمێنێ لە فراوانی ناوچەکە و سەختی فەرمانڕانیکردن بەسەر ئەو خەڵکەدا، نامەیەک بۆ ئەرستۆی مامۆستای دەنووسێ: خاکێکی گەلەک فراوانم داگیرکردووە کە پێموایە فەرمانڕانیی لێرەدا زۆر سەخت بێت، بۆیە دەمەوێ بەجێی بێڵم بۆ خەڵکەکەی خۆیان. پاش ماوەیەک وەڵامی مامۆستاکەی بەدەست دەگاتەوە بۆی نووسیبوو: بە پێچەوانەی ئەوەی تۆ بیری لێدەکەیتەوە، فەرمانڕانیی لە جێگای ئاوادا زۆر ئاسانە:
• کارەکان بە گەجەر و گوجەر، ئەوانەی شایان بەهیچ نین، بسپێرە، دەبینی خزمەتێکت پێدەکەن هەرگیز بە خەیاڵتدا نەهاتووە.
• خەڵکانی دڵسۆز و زاناش بەدەستی ئەمانە یا دەکوژرێن یا لە زیندانەکانیان تووند دەکەن تا دیق دەکەن و دەمرن.
• ئەوانەش کە دەمێننەوە یا بێدەگ دەبن یا بە ناچاری سەری خۆیان هەڵدەگرن و نیشتمانەکەیان بەجێدێڵن.
ئەمە وێنەی پڕواپڕی فەرمانداریی و فەرمانڕانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، جا ئێستا لەسەر کورسی بن، یا لە پێشەڕۆژدا لەسەری دابنیشن، ئەگەر گۆڕانکاری لە بیر و هزر و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکەکەیاندا ڕوونەدات و ڕۆشنبیرەکانی بە هاوار نەڵێن (نا) و خەڵکەکەش فێری وتنی (نا) نەکەن و بوێری توانای پرسیارکردن لە کۆمەڵگادا گەشە پێنەدەن.
ڕۆژی ٢٦/٠٧/٢٠٢١ لە وتاری ( ئەم فاکتانە، خاڵی حەوتەم) سەبارەت بە شانۆگەرییەکانی (مریەم ڕەجەوی)، کوردانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانم ئاگادارکردۆتەوە کە: " ئەو دەستە و تاقمانەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، بەهەر بەهانەیەکەوە بێت و بۆ هەر هۆیەک بێت، بەشداریی فێستیڤاڵەکانی( مریەم ڕەجەوی) بکەن، ئەوە سەرەتای شکاندنی کەسایەتی نەتەوەکەمانە و ڕازیبوون و مل کەچ بوونە بۆ فەرمانەکانی( سەرۆکی چنگ بە خوێنی) داهاتووی ئێران". لینکی وتارەکە
ڕووداوەکانی ناوچەکە هەموویان ئەوە پیشان دەدەن کە شانۆگەریی ڕانانی (جۆلانی) لەسەر کورسی فەرمانڕانیی، بەردەوامی دەبێت و ئەم کارەساتە، ڕەنگە بە شێوەکەی تری، ئەوەی (ژابرا) کە، لە ئێران دووبارە بکەنەوە و زۆر بەهاونرخی تری ناوچەکە، کە مەنجەڵێکی پڕ لە خوێنە و لەسەر ئاگردانی سەدان هێزیی دەسەڵاتخواز هێدی هێدی دەکوڵێت، ئەو بەهاو نرخە مرۆییانە ئەگەر بەلاوازیش مابن، بە تەواوی بیسڕنەوە. 
من لە وێنە و دیمەنێکدا، ئاستی ڕاستگۆیی و مرۆدۆستی فشنبیرانی دەرەوەی نەتەوەی کورد(عەجەم، تازی و ڕۆمی)یم لەم ماوەیەدا پێوا و ئاکامەکەی کە بەدەستم هێنا (سفر) بوو، بەدەر لە خۆمان، خۆمان خۆمان باش دەناسین، بەدەر لە سیاسەتی مەیموونبازیی، بەدەر لە خێڵ-حیزبی کوردی و کۆمپانیای حیزب کە ئەمڕۆ بە برەوترین کۆمپانیاکانن، من دڵنیام کە فشنبیرانی غەیرەکورد، نەتەوەی کورد و خەبات و بەرخۆدانی کوردیی و هوونەر و کلتوور و چاندەکەی باش دەناسن، هەتا ئێستاش قبووڵیان نەکردووە.
 مرۆڤێکی کورد، باسی سیاسەت بێت، سیاسییە، ڕۆشنبیریی بێت، ڕۆشنبیرە، پێوانەکۆنەکانی مارکسییەت و چەپ و چەپگەرایی بێت، بانگەشەی مارکسی بوون و چەپ و چەپگەرایی بووە، ئازادیخوازیی بێت، ئازادیخواز بووە لە پلە هەرە باڵاکەیدا، شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە بێت، شۆڕشگێڕ و بەرەنگارکارێکی سەرسەخت و دژواربووە، ئەگەر تەرازووەکەش  ستەم و ستەملێکراو و ماف و مافخووراویی بێت، هەم ستەمی لێکراوە و هەم مافی خوراوە، ئەمانە هەمووی ئەو وشە و زاراوە و گفت و قسە زۆرانەن کە ساڵ دوازدە مانگ لە سەر زار و لە ژێر قەڵەمی فشنبیرانی غەیرە کورددا، لە بەردەم مایکرۆفۆنەکانی کەناڵە زۆرەکانی غەیرەکوردیدا، دەیبیستین و سەدپاتەی دەکەنەوە، لەم ماوەیەی ڕابووردوودا، سەرەڕای ئەزموونەکانی ناو خۆیان، کەوتنە بەردەم ئەزموونێکی زۆر زەق و بەهاوار، ئەم پیاوە کوردە، لە زیندانی تەنیاییەوە، بانگێکی هەڵدا، بۆ هەموو نەتەوەکان، وتی شەڕ مەکەن، ئێوە دەتوانن پێکەوە بژین، هیچ بەهانەیەک بۆ شەڕ نییە و هەزاران بەهانە بۆ پێکەوە ژیان هەیە، تەنانەت من خۆم و بزووتنەوە فراوانەکەم، کە بووشەتە بزووتنەوەیەکی لە جیهاندا ناسراو، دەکەمە قووربانی بانگ و هاوارەکەم، هیچی نەهێشتەوە، کە تۆ بتوانیت، لەو درزەوە ڕەخنەی لێبگریت، ئێمە وەک کورد ڕەخنەمان زۆرە لێی، بەڵام من باسی پێوانەی ڕاستگۆیی دەکەم، باسی خەڵک و ڕۆشنبیرانی خەڵک دەکەم، باسی بانگەشەی فشنبیریی دەکەم، کە لە خشتە پێوانەییەکەی مندا، ڕەگەکەی چووەوە سەر شوڤێنییەتێکی مووتووربەکراو بە ئاین و ڕەگەزپەرستیی و دژە ئەویتربوون. دەنا ئەمەی ئەو وتی و کردی و سەلماندی کە لەگەڵ هاوارەکەیدا ڕاستگۆیە، ئەگەر چی زۆر لایەنی وا دێتە بەر چاو کە زیان لە بزووتنەوەی نەتەوەکەی خۆی دەدا، دەرفەتێکی هەرگیز پێنەدراو بوو بۆ فشنبیرە بانگەشەکەرەکانی غەیرە کوردیی، کە وەڵامی بدەنەوە و بیکەنە دەرفەتێک بۆ سەر لەنوێ پەروەردەکردنەوەی خەڵکەکانی خۆیان و ئەو ڕەگە کۆنە و نەعرەتە بەتایبەت (عروبەیە، چوونکە ئەوان زۆرترینن)، بپچڕێنن و هاوارەکەی ئەو بکەنە بزووتنەوەیەکی چالاک لە وڵاتەکانی خۆیاندا، جا بزانن کام عەرشە و کام دەسەڵاتە و کام ئابووری و کام هێز و سپای چەکدار، دەیانتوانی بەریان پێبگرێ و لەبەردەمیاندا نەلەرزێ؟! بەڵام چوونکە مەسەلەکە ڕووکەشێکی فشنبیرانەی ڕەگەزپەرستیی ئاودراوە بە ئاین و مەبەستگەلێکی ڕەگەزخوازیی لووتبەرزانەی عەرەبییەوە، نە دینداریان، نە باشیان و نە خراویان، نە مارکسی و نە ناسری و نە هەموویان، ئاوڕێکی مرۆدۆستی و ڕۆشبیرانەیان لە هاواری ئەم مرۆڤە جوانەی کورد نەدایەوە، کە دەشزانن توورکایەتی ئایندە و دەسەڵاتی توورکایەتی دەبێتەوە بە عوسمانییەکی نوێ بۆیان، کە دەیانتوانی بە وەڵامدانەوەی هاواری ئەو جوامێرەی کورد، هەموو یارییەکەیان لە دەسەڵاتدارانی مەغۆلی تێکبدایە، قەیدی چی دەکا، ئەو کەسەی ئەم هاوارەی بۆ کردوون، با کوردێک بێت؟! گرنگ ئەوەیە مرۆدۆست و ڕاستگۆ و دڵسۆزی مرۆڤەکان و میللەتانە و خەم لە پێشەڕۆژیی ژیانی داهاتووی منداڵەکانتان دەخوات...!. مەگەر ئەمانە ئەو وشانە نین کە ئێوە گوێی گەردوونتان پێ کەڕکردووە، دەی فەرموون ئەوە ئەرز و ئەوە گەز!.
لەبەر ئەوەش باسەکەم چووەوە سەر ڕاستگۆیی ڕۆشنبیران و فشنبیران، دەبێت ئاماژە بە تاکە مرۆڤێکی عەرەبی سووری بکەم مامۆستا(زەکەریا ئۆزۆن)، بارستاییەک لە هێمنی و ڕاستوێژیی و بوێریی و مرۆدۆستییە، ئەو تاکە ڕۆشنبیری عەرەبایەتییە، کە چەند جارێک لە کەناڵەکەی خۆییەوە لە یوتیووب، لێم بیستووە، کە هەموو کوشتنێکی ڕەتکردەوە و تەنانەت کوشتنی دوژمنانیشی ڕەتکردەوە و وتی سووکایەتی بە مرۆڤ بوون لەبەر هەر هۆیەک و هەر بەهانەیەک ڕەتکراوە و تاوانە، هەروەها باسی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژەم لێبیستووە و بەرخۆدانی ئەوانی بەرز نرخاند و باسی کارەساتی کوردە یەزیدییەکانی کرد و دژ بە کردەوەکانی (جۆلانی) و چەتەکانی دوا، ئەو بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە و ترس و بیم، دەڵێت: " ئایەتەکانی قورئان بۆ سەردەمێک و خەڵکێک و شوێنێک بووە و بەهیچ جۆرێک، بۆ سەردەم و ئێستای ئێمە قابیلی جێبەجێکردن نینین و وەک دەقێکی نووسراوەی دەستی مرۆڤ، دەبێت چاوی لێبکەین، نەک یاسای پەیڕەوکراو". 
هاوارەکەی ئاپۆ، موسڵمانەتی، باوەڕ و باوەڕداریی، بێباوەڕی، مرۆدۆستی و ڕاستگۆیی، چەپ و چەپگەرایی، فشنبیرانی (عەجەم، تازی و ڕۆمی)ی خستە تەرازووی مرۆڤ بوونەوە و(سفر)ی دا بە دەستەوە.... 
................

سەرنج

کابرا: بۆ هەموو پیاوێکی نەناسراو بەکاردێت، مانایەکی نایەتی(نێگەتیڤ) وێنە دەکات.
ژابرا: وشەیەکە، دامتاشیووە بۆ ئەم وتارە، نازانم بە پێی پێوانەکانی وشەسازیی دروستە یا نا، لەبەر ئەوەی ئەم وشەیەم نەدۆزییەوە لە ناو فەرهەنگەکاندا، وشەی (ژابرا) م بە بیردا هات، کە پیتی " ژ" ە کە بۆ ژن دەگەڕێتەوە، هەر ئەو مانا نایەتییە دەدات کە لە کابرادا باسم کردووە.  
کەواتە ئاوای لێ دێت: کابرا و ژابرا، ڕەنگە ك بۆ (کاک برا) گەڕابێتەوە، بە پێی پێشکەوتنی زمان کە بەرەو ساکاری دەچێت، پیتی (ک)ی دووەم  بێدەنگ کراوە و بۆتە کابرا، پێوانەکەم بۆ دروستکردنی (ژابرا) وشەی کابرا بوو.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست