ئەگەر ئافرەتان شیرینی کراوە بن، ئاخۆ پیاوان مێش و مەگەز و بێ ڕەوشتن ؟
10/10/2025, 0:26 (GMT+1)

- ئایا ئافرەتان شیرینین و پیاوان مێش و مەگەز؟
- ئاخۆ دینبازەکان لە ناخ و پەروەردەی خۆیانەوە دەڕواننە پیاوان و ئافرەتان؟
- تۆ بڵێی سەرپۆش یان باڵاپۆشی ببێتە هێمای شەرەف؟
- ئاخۆ باڵاپۆشی ئافرەتان شەرەفە یان ترسنۆکی و دەمامکداریە بۆ دینبازەکان؟
- تۆبڵێی هەندێک لە پیاوان پێیان وابێت بە کۆنترۆڵکردنی ئافرەتان، شەرەفی خۆیان دەپارێزن؟
- بۆچی بارگرانی ئەخلاقی ھەمیشە دەخرێتە سەر شانی ژنان؟ ئەی ڕۆڵی پیاوان چییە؟
--------------------------------------------------
- ئایا ئافرەتان شیرینین و پیاوان مێش و مەگەز؟
ووتەیەک لای ھەندێک لە دینبازان و کەلتوری بیابانی ھەیە، کە ئێستا خەریکە تێکەڵی کۆمەڵگەی کوردی دەبێت، دەڵێت ( ئافرەتان وەک شیرینین، ئەگەر باڵاپۆش نەبن، ئەوا مێش و مەگەز تێیان دەدەن!) ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئافرەتان پێویستە خۆیان بە تەواوی داپۆشن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی سەنج ڕاکێشان وەسوەسە بۆ پیاوان!
ئەم ڕستەیە کە ژنان بە شیرینی و پیاوان بە مێش و مەگەز بەراورد دەکەن! ئەوە نەک هەر ھێرشکردن و سوکایەتییە بە پیاوان بەڵکو دەبێت گۆڕانکارییەکیش ڕوبدات لە عەقڵ و پەروەردە و بەرپرسیارێتی پیاواندا!
ئەم بەراوردکردنە، هەر زەلیلکردن نییە، بەڵکو قەیرانی قووڵی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیشمان نیشان دەدات!
لەم دواییەدا لە بەشێکی کۆمەڵگادا ئافرەتان ڕۆژانە ڕووبەڕووی بەزۆر سنووردارکردنیان دەبنەوە! کە زۆرجار ئەوەش بە بیرو بۆچون و ڕاگەیاندنی ئایینی دینبازە توندڕەوەکان ڕەوا دەبینرێت!
بەڵام ئەم بیروبۆچونە کۆنانە لەسەر ترس و کۆنترۆڵکردنی ئافرەتان بنیات نراون نەک لەسەر دادپەروەری و ڕێزگرتن! چونکە کۆمەڵگای کوردی بە کوێری لەدایک نەبووە! بەڵکو دینبازەکان دەیانەوێت کۆمەڵگە کوێر بکەن و بەکوێریش بیھێڵنەوە! وە دەیانەوەێت ئەنجامیشی بدەن، بە قسەی ڕق و ترس و نەبوونی گفتوگۆ! ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چاومان بکەینەوە و دەنگی عەقڵ و یەکسانی بەرز بکەینەوە!

- ئاخۆ دینبازەکان لە ناخ و پەروەردەی خۆیانەوە دەڕواننە پیاوان و ئافرەتان؟
لە ھەندێک ناوچەی کوردستاندا ئەو بیرۆکەیە زاڵە کە پێویستە ژنان بە تەواوی خۆیان داپۆشن بۆ پاراستنی لە شەرەفی خۆیان و خێزانیان و دڵنیابوون لە سەلامەتیشیان!
باوک و برا و مێردی ئافرەتان، دەڵێن ئێمە کچ و خوشک ژنەکانمان دەپارێزن لە سەیرکردن و ڕەفتاری نەگونجاوی پیاوانی تر! بەڵام کام پیاوان؟ واتە ئەو پاراستنە لە پیاوانی دراوسێ و خزم و برا و مێرد و تەنانەت هاوڕێکانیشیانە! بەڵام ئەگەر باش تێبینی بکەیت ئەوا ناوەرۆکی ئەو بیانووەت بۆ دەردەکەوێت کە پیاوان( دینبازەکان) متمانە و بڕوایان بەخۆیان و بە پیاوانی تری کۆمەڵگەش نییە! کەواتە لەم بارەدا، متمانەشیان بە ڕەفتاری پیاوانەی خۆشیان نەماوە! ئەمەیە ئەو کارەساتەی کە من دەمەوێت باسی بکەم!
بەبۆچونی من ھەر پیاوێک لە ناخی خۆی و پەروەردەی خۆیەوە، دەڕوانێتە ئافرەتان و کەلتور و کۆمەڵگە! وە لەم دواییەشدا دینبازەکان بەشێک لەو کلتورەیان تێکداوە! ئەویش بەتێکەڵکردنی لەگەڵ کەلتوری دوری بیابانیدا!

- ئەگەر کۆمەڵگایەک پێی وابێت کە کاتێک پیاوان ڕووخساری و لەشی ئافرەت دەبینن، وەک نێچیر دەیبینن و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن! ئەوا مانای تاوانی ئافرەتان نییە! بەڵکو کەمی پەروەردەیی پیاوانە! لەبری ئەوەی دەستەڵات کارێک بکات لەسەر دروستکردنی کولتوورێک کە پیاوان فێری ئەوە بکرێن کە چۆن بەڕێزەوە ڕەفتار لەگەڵ ئافرەتاندا بکەن! ئەوا بوارێک زیاتر دراوە و دروست بووە بۆ دینبازەکان ھەتا ڕێگەیەکی ئاسانتر بۆ پیاوان هەڵدەبژێرن ئەویش: ( ژنان دەبێت خۆیان بشارنەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێن! واتە بچەوسێنرێنەوە!)
- تۆ بڵێی سەرپۆش یان باڵاپۆشی ببێتە هێمای شەرەف؟
سەرپۆش یان باڵاپۆشی دەبێتە هێمای ترسێکی قووڵ لە ڕەفتاری ھەندێک لە پیاواندا! وە دان پێدانانێکی بێدەنگی کە لە مێشکی ھەندێک پیاواندایە کە ڕێز لە ئافرەتان ناگرن! چونکە فێر نەبوون و فێر نەکراون لەپەروەردەکردنیاندا! بەم جۆرە بیرکردنەوانە! نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئازادی ژنانیش سنووردار دەکات و قیبلەنمای ڕەوشتی پیاوانیش تێکدەدات و بەوەش کۆمەڵگە وێران دەبێت!
- ئاخۆ باڵاپۆشی ئافرەتان شەرەفە یان ترسنۆکی و دەمامکداریە بۆ دینبازەکان؟
تۆ بڵێی دینبازەکان بیانەوێت لەڕێگەی ئایینەوە، تاوان و ئەنجامی کارە قێزنەونەکانیان، بدەن بەسەر ئافرەتاندا؟
کە گوایە ئەوان باڵاپۆش نین؟ وە چاوی لێپرسینەوەیان بنوقێنرێت لەسەر کارە نابەجێکانیان؟ وە خۆشیان بە دەمامکی ئایینی لە ناوکۆمەڵگەدا بشارنەوە؟
- لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا، بناغەی کۆمەڵگە ڕوونە چونکە:
ڕێزگرتن شتێکە کە فێری دەبیت لە ناو خێزان و قوتابخانەکاندا! وە ئافرەتانیش ئازادن لە ھەڵبژاردنی ڕێچکە و چۆنیەتی ژیانی خۆیاندا! ئافرەتان ئەوەی خۆیان دەیانەوێت لەبەری دەکەن! وە دەچنە ئەو شوێنەشی کە خۆیان دەیانەوێت! وە پیاوانیش کە ڕەفتاریان جوانە بەڕامبەر ئافرەتان بە شتێکی زۆر ئاسایی دادەنرێت! ئەگەر لەڕۆژانی ھاوییندا لە ئەوروپا، بچیتە سەر کەناری دەریا، ئەوا دەبینیت کە ھەموو ئافرەتان و پیاوانیش بەجلی مەلەکردنەوە، بەشێوەیەکی سروشتی و سادە لەبەر ھەتاو پاڵ کەوتوون! بەبێ ئەوەی کەسێک ھەبێت بەشێوەیەکی بێ ڕەوشتی سەیریان بکات و سنوریان بۆدابنێت! ئەوەش نەک لەبەر ئەوەیە کە کولتووری ئەوروپی بە ڕەوشترە لە کەلتوری کوردی! بەڵکو لەبەر ئەوەی پیاوانی ئەوروپا لە تەمەنێکی بچووکەوە یان گەنجییەوە فێر دەکرێن کە سنووری خۆیان و بەرامبەرەکەیان بزانن و وە فێردەبن چۆن ھەڵسوکەوت لە گەڵ سنورەکانی مرۆڤەکان بەگشتی بکەن و چۆن بیانپارێزن! لە قوتابخانەکانی ئەوروپادا فێر دەکرێن کە مافی ژنان بەشێکە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی، وە لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئەوەیە کە ئازادی ئافرەتان وەک هەڕەشەیەک سەیر ناکرێت! بەڵکو وەک مافێکی بنەڕەتی ئافرەتان سەیر دەکرێت!
- تۆبڵێی هەندێک لە پیاوان پێیان وابێت، بە کۆنترۆڵکردنی ئافرەتان شەرەفی خۆیان دەپارێزن؟
بە ئازارترین دووفاقیش ئەوەیە، کە ئەو پیاوانەی دەیانەوێت کە ژنەکانیان لە پیاوانی تر بپارێزن، زۆرجار خۆیان بەشێکن لە کێشەکە! ھەندێک لە پیاوان پێیان وایە بە کۆنترۆڵکردنی ئافرەتان، شەرەفی خۆیان دەپارێزن! بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پیاوانە نازانن کە خۆیان بەرپرسیارێتی لە ڕەفتارەکانیان لە ئەستۆ ناگرن! کۆنترۆڵکردن یان باڵاپۆشی ئافرەتان، شەرەف نییە بەڵکو ئەوە ترسنۆکییەکی دەمامک دارە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەم تەوقە یان بەربەستە بشکێنرێت! نەک بەوەی کە ئافرەتان بێدەنگ بکەین یان باڵاپۆشی بکەین و بیانشارینەوە، بەڵکو بە دەنگێکی بەرزتر بانگی پیاوان بکەین و ڕاستیان بکەینەوە لەسەر ڕەفتارەکانیان!
- دەبێت منداڵان و گەنجان پەروەردە بکرێن بۆ ئەوەی کە دەبنە پیاو، تێبگەن کە پیاوەتی ڕاستەقینە پەیوەندی بە خۆگرتن و هاوسۆزی و ڕێزگرتنەوە هەیە، نەک دەسەڵات بەسەر ئەوانی تردا و بەتایبەت بەسەر ئافرەتاندا!
کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوە نییە، کە ئافرەت چی لەبەر دەکات؟ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، چی لە پەروەردەکردنی پیاواندا کورتی ھێناوە؟
- بۆچی بارگرانی ئەخلاقی ھەمیشە دەخرێتە سەر شانی ژنان؟ ئەی ڕۆڵی پیاوان چییە؟
بۆچی چاوەڕوان دەکرێت کە ئافرەتان دەبێت خۆیان لەگەڵ کەلتوری بیابانیدا بگونجێن؟ لە کاتێکدا پیاوان لە بەرپرسیارێتی خۆیان دەدزنەوە لەوەی کە بە ڕێزەوە ڕەفتار لەگەڵ ئافرەتاندا بکەن؟
بەراوردکردنی مێش و شیرینی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دینبازەکەن بوونەوەرێکی بێ عەقڵن، هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر پاڵنەرە سێکسیەکانیاندا نییە، وە تێڕوانینێکی سووکایەتی پێکردنیشە بۆ هەردوو ڕەگەزی ئافرەتان و پیاوان!
- ڕێزگرتن لە ئافرەتان، لە پیاوەوە دەست پێدەکات. نەک بەو پۆشاکەی کە ئافرەتان لەبەری دەکەن! بەڵکو بەوەی کە چۆن پیاوان سەیری ئافرەتان دەکەن و قسە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن!
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە نۆرمەکە لەداپۆشینی لەشی ئافرەتانەوە بگۆڕین بۆ پەروەردەکردنی پیاویان و دینبازەکان ھەتا بەڕێز و بە ڕەوشت بن!
باڵاپۆشی، بانگێشتن نییە بۆ ئاھەنگ! وە ئازادی ئافرەتانیش شەرمەزاری و تاوان نییە! چونکە لە کۆمەڵگایەکی ئازاددا، هەموو کەسێک، چ ئافرەت بێت یان پیاو ، دەبێت بتوانێت وەک کەسی خۆی هەڵس وکەوت بکات، بەبێ ترسی لە حوکمدان و توندوتیژی! ئەوە جل و بەرگی ژن نییە، کە دەبێت بگۆڕێت! بەڵکو نیگا و بیرکردنەوە پەروەردەی دینبازەکانە( پیاوانە) کە دەبێت بگۆڕێت!
- بەدڵنیاییەوە بۆ ھۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی دەستەڵاتدایە بەپلەی یەکەم، ئەویش بەگۆڕینی پەروەردە لە قوتابخانەکاندا ھەتا کۆمەڵگا مێشکیان بەزانست و تەکنولۆجیای سەردەم زیاتر کراوەبن! نەک مێشکی خۆیان بدەنە دەست دینبازەکان، ھەتا ئەوانیش بیانکەن بەعەبدی خۆیان و بۆ ھەزاران ساڵ بیانگێڕنەوە بۆ دواوە! بەوەش دینبازەکان ڕێگەیان پێبدرێت کە کۆمەڵگەیەک دروست بکەن کە تێیدا باڵاپۆشی دینبازەکان، مەرج بێت بۆ یەکسانی و ڕێزگرتن! بەڵام دەبێت ڕێزگرتن لە یاسایەکەوە هەڵقوڵێت کە ئازادی بۆ هەڵبژاردنی ڕێڕەوی ژیانی کەسەکان، ماف بێت بۆ ھەموان.
کەواتە کاتی ئەوە هاتووە چاومان بکەینەوە و دەنگی عەقڵ و یەکسانی لە ماف و ئەرک دا، بەرز بکەینەوە بۆ ھەموان! نەک هەر بۆ پیاوان!
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

