ئازادیی کورد بە پارتەکانی ئێستا نایەتە دی
22/12/2025, 15:14 (GMT+1)

بەڕێزێک بۆی نووسیوم، دەپرسێت: (ئامانجت لەو نووسینانە چییە، کە لەسەر پارتە کوردییەکان و لەم دواییەشدا ئەو زنجیرە وتارەشت لەسەر پەکەکە نووسی؟ ئایا بە دیوێکی تردا هەموو ئەمانە خزمەت بە دوژمن و داگیرکەران ناکەن؟)
منیش ئەو وەڵامەی خوارەوەم بۆ نووسی:
--------------------------------------------------------
بەرتۆڵد برێشت قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت: ("نەخوازراوترین ئازادی لەلای ستەملێکراوان، ئازادیی بیرکردنەوەیە، چونکە هەر کاتێک بیریان کردەوە، زنجیرەکانی دەست و پێیان دەبینن.").
منیش نووسینەکانم بەرەو ئەو ئامانجە دەبەم، تا خەڵکی بیربکەنەوە، بزانن بانگەشە... پەیمان... قسە و پەیامی ئەم پارت و رێکخراو و بنەماڵە و سەرکردانە چەند خیانەتکارانەیە! بزانن چۆن ناپاکیی بەرامبەر بە خاک و نیشتیمان و نەتەوەی خۆیان دەکەن. دەمەوێت مێژوو بخوێننەوە، تا بزانن جگە لە داگیرکەران ئەمانیش چ کارەساتێکییان بەسەر کورددا هێناوە. ئامانجی من وشیارکردنەوەیە، داوا دەکەم و دەڵێم پێویستە ئێمە لەبەر دەم ئەمانەدا هێندە ساویلکە نەبین، تەواو متمانەی خۆمان نەدەینە دەست هیچ سەرکردە و پارتێک، بەردەوام هەرچییەکیان کرد و هەرچییەکیان وت، بڕوای تەواویان پێ نەکەین، سەدان لێکدانەوە و پرسیاری بەدوادا بکەین، هەر قسەیەکی جوانیشیان کرد، یەکسەر چەپلەیان بۆ لێنەدەین، بیربکەینەوە، تا بزانن چەند لەگەڵ قسەکانی خۆیاندا راستگۆن، چەند دلسۆزن بۆ پەیامەکانیان، چەندە کارامەن بۆ کردارەکانیان، با کوێرانە دوایان نەکەوین، بەردەمی خۆمان بەباشی ببینین، چاومان نەنوقێنن و ئەوان دەستمان بگرن، با بە ترپەی پێکانی خۆمان بە ئاگابێنیەوە، نەکا هەنگاوەکانی ئەوان بەرەو هەڵدیرمان بەرن. با متمانەی تەواو بەوان نەکەین، کە باسی ئاشتیی و ئازادییمان بۆ دەکەن، دوژمن بە برای خۆمان نەزانین، کاتێک بانگی رزگاریی بە گوێماندا دەدەن، تەنیا گوێقولاغ نەبین و سەریان بۆ بلەقێنین، ئەوان راهاتوون لە درۆکردن و پاساوهێنانەوە شەرم ناکەن زۆر زوو پەشیمان دەبنەوە، هەزاران بیانوو بۆ رابردوو دەهێننەوە. ئەو هێز و توانایەی هەمانە، با بۆ وشیار کردنەوەی خۆمان و دەوروبەرمانی دابنێین.
کاتێک دەستم کرد بە نووسینی ئەو زنجیرە وتارە، هەر لە یەکەم قسەی ئۆجەلانەوە بڕیارم دا، بەتایبەتی کاتێک وتی: (کورد برای تورکە و کورد دەبێت تورکی لە خۆی خۆشتر بوێت)، ئەوە بۆ من بەس بوو، کە هەڵویستی لەسەر وەربگرم. ئاخر نابێت تۆ تەنیا قسە بۆ بەرژەوەندی خۆت بکەیت و هەرچیی لە رابردوودا روویان داوە، فەرامۆشی بکەیت، تەماشای دەوروبەر و خەبات و مێژووی نەتەوەکەت نەکەیت. من لە خۆم پرسی ئایا دەشێت بە گوێی بکرێت، ئەوەی لە رابردوودا روویان داوە فرامۆش بکرێت؟! لە برا ئێزیدیی و ئەنفالکراوەکانم روانی، تەماشای وێنەی عەفرینی کاولکراوم کرد، لاپەڕەی مێژووی دەرسیمم هەڵدایەوە، دەستم کرد بە ژماردنی شەهیدەکانی قەندیل، سواری سەری خۆم بووم و دەهری بووم، لە خۆمم پرسی: چۆن دەبێت، دەست بخەینە ناو دەستی بکوژی نەتەوە و داگیرکەری نیشتیمانەکەمانەوە و بە برای خۆمانی بزانین!؟ ئەوە خواستی ئەوانیشە، کە ئۆجەلان ئەو قسەیەیان بۆ بکات، پێیان خۆش بوو، کە تۆ وەک برا ئەوت بوێت، دوو برا یەک زمانیان هەیە گفتوگۆی پێ بکەن، نەک دوو، یەک مێژوویان هەیە شانازیی پیوە بکەن، نەک جیا، لەبەر ئەوەی برا گەورەیە، دەبێت تۆش برا بچوک بییت و بە زمانی براگەورەکەت بدوێیت؟ دەبێت برابەش بن لە میراتی خاک و خۆڵ و سامانی باوباپیرانت، دەبێت موڵکی هەر دوو برا بێت، ئەوەتا برا تورکەکەت میراتی خۆی لە باوباپیرانت وەرگرتووە، دەستی گرتووە بەسەر ئەوەی تۆشدا، چونکە تۆ برا بچوکی خۆتت پێ قبوڵە و ددانت پێدا ناوە، ئیتر داوای چی لە براکەت دەکەیت، بڕۆ لەگەڵیدا بە ئاشتی بژی، بۆ شەڕی لەگەڵدا دەکەیت!؟ ئەوەتا ئەم برایەتییە وای کرد، ئۆجەلان داوا بکات، کە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەک دابنێت.
کاتێکیش دەمانویست رەخنە بگرین، دەیانوت چاوەڕێ بکە، تا کۆتایی ئەم ساڵ هەموو شتەکان یەکلا دەبێتەوە! هەمووی بە خێر بۆ کورد دەشکێتەوە، تورکیا دەبێتە ماستی مەیو، دەستوری تورکیا دەگوڕین، کلیلی ئازادیی کورد لە ئێمیڕالییە وەردەگیرێت، بە مافی خۆمان دەگەین.
وا هەفتەیەکی دیکە سەری ساڵی نوێ 2026 دەست پێدەکات، هیچ رووی نەدا جگە لە شەرمەزاریی و چاوەڕوانیی!! هەوادار و لایەنگر و ئەندام و شوێنکەوتووەکانیان تازە باوێشک دەدەن، بیانوو دەهێننەوە، کە ئەو قسانە ئۆجەلان نەیگوتووە، دەستکاریی کراوە. ناڵێن ئەوە ئێمە خۆمان بووین، دەستکاری عەقڵ و زمانمان کرابوو لە گرێژەنە دەرچووبوو، ساویلکە و ناوشیار بووین، فڕمان بەسەر سیاسەت و تەکتیکی دوژمەنەکانمانەوە نەبوو، مێشکمان توانای بیرکردنەوەی نەبوو ، بە ئیستاشەوە هەموویمان خستە دەستی رێبەرێکی زیندانیکراوەوە و متمانەمان پێی کرد، ئەویش بەم دەردەی بردین، ئیستاش هەموو تاساون، نازانن، کە مێژوو لە کەس خۆش نابێت، نەوەی داهاتوو، ڕۆحی حەسەن خەیرییەکی دیکە زیندوو دەکاتەوە و دادگایی دەکات، تازە بە تازە شوێنکەوتووەکانیان دەیانەوێت پینەی بکەن.
نازانم ئەو بەڕێزانە کاتێک بە رێگادا دەڕۆن چۆن روویان دێت سەریان بەرزبکەنەوە، لە تێکشاوی خۆیاندا چۆن دەتوانن تەماشای ئەو زەوییەی بەردەمی خۆیان بکەن، کە هەنگاوە تێکشاوەکانیان ناچاری کردوون رێگای پێ بکەن، ئاوڕ لە دواوە نەدەنەوە!؟ چییان پێ ماوە بیڵێن و مێشکمانی پێ هەراسان بکەن.
من چەند ساڵە بێدەنگییم هەڵبژارد، هیچ قسە و رەخنەیەکم نەگرت، دەمگوت، با هەمووی نەچنە سەنگەری میت و دەزگای پاراستنی پارتییەوە، بەڵام کاتێک رێبەرەکەیان تونێلێکی دوور و درێژی لە ئێمیڕاڵییەوە بۆ ناو سەنگەری قەندیل و میت لێدا، ویستی هەردووکیان بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئیتر نووکی قەڵەمەکەم پژا، ئەمانەی لێدەرچوو، کە نووسیومن.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، کە ئازادیی کورد بە پارتەکانی ئێستا نایەتە دی، بەڵکو بە خواستی خەڵکی کوردستان دێتە دی، بە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئازادی فیکری بەدەست دێت. ئەو رۆژەی کورد بتوانێت بۆ خۆی بیر بکاتەوە، بەبێ ڕێگاپێدان و دەستتێوەردانی "دوکاندارە سیاسییەکانی کورد"، ئەوە ئەو رۆژەیە، کە سەرەتای ئازادیی ڕاستەقینە دەست پێدەکات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

