<

لە دایکبوونی نەتەوەیەک لای کاکە فاروق ڕەفیق

28/01/2026, 19:29 (GMT+1)
 لە پۆدکاستێکدا لەسەر پەیجی (Awaz Journal)، کاکە فاروق ڕەفیق باسی ئەم ڕەوشەمان لۆ دەکات؛ ڕۆژاوا و گەمژەیی ئاپۆ و ئیسلامی فاشیست و تۆم باراکی بێ مێشک و … تاد.
 ڕەخنەش لە نوسەرەکان دەگرێت کە لە پێناو فرۆشتنی کتێبەکانیان موجامەلەی عەشامات و مێگەل دەکەن بە بێ ئەوەی ناوی فەرهاد پیرباڵ و بەختیار عەلی بهێنێت. ڕەخنە لە شیعر دەگرێت ( شێعر وەک پەخشان و هۆنینەوە) کە ئەفڵاتون وای باوەڕە هیچ دامەزراوەیەک ڕوونادات بەبێ ڕەخنەگرتن لە شاعیر( شاعیری هۆنینەوە و پەخشان) بێ گوومان.
 کاکە فاروق گیان ئەزیزم هەموو قسەکانت جوانن بەڵام تۆ ناتوانیت هەقیقەت بدرکێنیت، چونکا ئەگەر تۆم باراک وەک خۆت ئێژیت گەمژەیەکی ئەمریکییە ئەوا ئەو ڕاست ئێژێت کە دەڵێت رۆژهەڵات خێڵایەتیە و دەبێت ئەم خێڵانە بچنە ژێر رکێفی دەوڵەتێک، چونکا ئەو سەرۆک خێڵەی کە تۆ لە تەکیا پۆدکاستە فەیلەسوفیەکانت پێشکەش دەکەیت چل ساڵە ئەمەریکا و ئەوروپا دەیپارێزن کەچی نەیتوانی کیانێکی نەتەوەیی بئافرێنێت لەبەر ئەوەی ئەقڵی خێڵەکی توانای پێکهێنانی دەوڵەتی نیە. چل ساڵە هەموو دەسەڵاتێکی بۆخۆی قۆستۆتەوە و بچووکی کردۆتەوە بە وێنای خێڵەکەی.

 پێم سەیرە فەیلەسوفێکی وەک تۆ باسی ئەم تەنگژییانە ناکات!

 کاکە فاروق ناتوانێت ئەم ڕاستیانە بدرکێنێت!!
تۆم باراک ئەگەر گەمژەش بێت هێندەی تۆ گەمژە نیە. چونکا ئەو ئیسلامە فاشیستەی کە تۆ باسی دەکەیت لە ژێر سایەی حوکمڕانی سەرۆک خێڵەکەت پەرەی سەند لە باشوور. باسی ئەوە ناکەیت کە بۆچی نەیتوانی لە ڕۆژاوا پەرە بسێنێت یان لای کوردانی باکور!!!!
 پێت خۆش بێت و پێت تاڵ بێت کاکە فاروق ڕۆژاوا بەرهەمی فکر و تێکۆشانی ئاپۆیە. ئەگەر ئاپۆ خەڵەفاوە و دەبێت کەسێک بەخەبەری بکاتەوە ئەوا دەبێت کەسێکیش بە شەپازلەیەک تۆش بەئاگا بێنێتەوە چونکا بە یەک وشەش ڕەخنە لە حوکمڕانی خێڵەکیی ناگریت!!! بەڵام کاتێک دێیتە سەر بیناکانی سلێمانی سەردەمی بەعس دەڵێیت ئێستا لە لایەن پاشاوە داگیرکراوە ( ئاوا موچەکەت حەڵاڵ دەکەیت).

 (گوێ لە ڕۆشنبیرێک مەگرن کە بە مووچەی زارۆکی سەرۆک خێڵێک دەژی.)

 کاکە فاروق، ئەگەر ئەمڕۆ لەم پەڕی دنیاوە بۆ ئەو پەڕی دنیا ژنان و کچان کەزی دەکەن تەنانەت هەنێ لە پیاوانیش بە ڕیشیان، ئەوا کەزی ژنان و کچانی سەرۆک خێڵەکەت نابینین، ئەو مۆدێلەیە کە پەرەی بە ئیسلامی فاشیست دا لە کوردستانی باشور و بۆگەنی کرد. 
کاکە فاروق بەیەک ووشەش باسی ئەم هەقیقەتە ناکات.
ئەوە ئاپۆ بوو ئەو کچانەی ڕزگارکرد و هەتا ئەم ساتەش لە بەندیخانەوە دووپاتی دەکاتەوە کە ئازادی گەلێک بەبێ ئازادی ژنان روونادات، بەڵام تۆ بە یەک ووشەش باسی ئازادی ژنان ناکەیت لە پۆدکاستەکەتدا کە ژیلەمۆی شۆڕشی ڕۆژاوایە، نەوەکا سەرۆک خێڵەکەت زویر بکەیت. 
ئەی نایان بینیت تەنانەت ژنە بەتەمەمەنەکانیشیان لە تۆ  جوانتر دەدوێن و لە تۆ ژیرتر و بەئاگاترن؟
ئیمراڵی گوێی گایەکە و ئاپۆ تێیدا خەوتوە و لە هەقیقەت لایداوە بەڵام تۆ خۆت لە هەقیقەت دەدزیتەوە. کە دەڵێیت (هەنێ ڕۆشنبیر سەرقاڵی پاککردنەوەی ئیسلامیەکان بوون بەوەی کە گووتیان ژینۆسایدی ئێزیدیەکان پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە، ئەمەش لاساییکردنەوەی ئەقڵی چەپی ئەوروپایی بوو) ڕاستە، بەڵام پەکەکە ئێزیدیەکانی ڕزگار کرد و سەرۆک خێڵەکەت دەرگای بۆ فاشیستی ئیسلامی واڵا کرد هەتاوەکو ژینۆسایدیان بکەن.
 ئێمە بۆمان هەیە ڕەخنە لە ئاپۆ بگرین و بە گژیا بچینەوە بۆ هەموو هەڵەکانی بەڵام تۆ ناماقوڵت کرد چونکا تۆ ئەگەر وەکو شاعیران (ئەو شاعیرانەی دەهۆننەوە) بە ئاشکرا سەروکڵاوی سەرۆک خێڵەکەت ناهۆنیتەوە ئەوا بەژیرانە دەیکەیت بە پاشای خۆت وەک فەرهاد پیر باڵ، بۆ ڕەواجی پۆدکاستەکانتیشت وەک بەختیار عەلی.

 تێگەیشتیت ئازیزم؟

 بەڵێ تێ گەیشتم بەڵا مەعیشەت گرانە ئەزیزم. 
راستە مەعیشەت گرانە بۆیەکا سەرۆک خێڵەکەت و گچکەکانی سەرۆک خێڵەکەت بە ملیارەها سەروەتی کوردستانیان لە بانقەکانی ئەوروپا خڕ کردۆتەوە وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان بەجۆرێک کە دزی و گەندەڵیان کرد بە مۆدێل و کردیان بە قوربانیی کوردپەروەریی و لەدایکبوونی نەتەوەیەک، بەڵام ئاپۆ ئەو مۆدێلەی بنبڕ کرد و بەو بۆنەیەوە ئیسلامی فاشیستیش، چونکا ئیسلامی فاشیست لەسەر خەون دامەزراوە ( بەهەشتی ئەوە و دنیا) کاتێک ژیانت لێ زەوت دەکەن و خەونی لەدایکبوونی نەتەوەیەک لەگۆڕ دەنێن، چارەی تری نیە پەنا دەباتە بەر خەونی ئەوەودنیا کە لەئیسلامی فاشیستا دەیدۆزێتەوە.
ئاپۆ بەسەر چوو بەڵام ئەو خزمەتەی ئەو کردی سەرۆک خێڵەکەت نەک لێی بێ ئاگایە بەڵکو فڕی بەسەریەوە نیە و تۆی ئازیزیش مەعیشەت کوێری کردویت. ئاپۆ بەسەر چوو بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ جیهان و رۆژئاوا ئەوە خەباتی ئاپۆ بوو نەک سیاسەتی سەقەت و جاشایەتی سەرۆک خێڵەکەت.
کاکە فاروقی ئازیز کورد لە تورکیا نەمابوون، تەنانەت سارکۆزی گووتی کورد لە تورکیا ئەسیمێلێ بوون و کێشەیان نەماوە. ئەوە ئاپۆ بوو کوردی زیندوو کردەوە بەڵام باشور لە لایەن ئەوروپا و ئەمەریکاوە پارێزرابوو، هەموو شتێک لەبار بوو، چاوەڕوانیان دەکرد بەڵکو شتێک بکەن بە شتێک، لە چاوەڕوانیدا باشور بوو بە دوو بەشەوە لە سایەی حوکمی خێڵەکەیی، بەڵام تۆ باسی ئەم هەقیقەتانە ناکەیت، هەموو ئەمانە جێی گومانن. 
باسی ئەفلاتونمان بۆ بکە بەڵام باشتر وایە کتێبێک یش بخوێنیتەوە لەسەر سیستەمی خێڵەکی و دەردەکانی، پۆدکاستێکمان لەسەر ئەو بابەتە لۆ بکەیت، ئەوسا گوێ بۆ ڕەخنەکانت شل دەکەین لەسەر ئاپۆ.
تێگەیشتیت ئەزیزم؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست