<

دۆنکیشۆتەکانی بەردەم کامێرا

28/01/2026, 20:34 (GMT+1)

ڕێبین هەردی له ڕەخنەیەکیدا بۆ دکتۆر عەلی قەرەداغیی، ئەڵێ : نەختێ بێدەنگ به، ئێمە خوێنمان لێ ئەچۆڕێ !! برا.

منیش لە کاک رێبین دەپرسم:
- بێ زەحمەت خوێنی چیت لێ ئەچۆڕێ ؟
- ئایا چەکت کردە شان و چویت بۆ ڕۆژئاڤا و بریندار بوویت وا خوێنت  لێ ئەچۆڕێ؟ 
- ئایا دوو سێ خێزانی ئاوارەی ڕۆژئاوات هێناوەتە ماڵی خۆتان و ..نان و داڵدەت بۆ دابینکردوون و چوویت بۆ کرێکاریی بۆ دەستخستنی داهاتێک بۆ خزمەتکردنیان و ..بلۆک لەسەر شانت ترازاوە و بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ ؟
- ئایا مانت لە خواردن گرتووە و لەبەردەم قونسوڵخانەی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکاندا وەک مێخ لە ژێر بەفر و شەختەدا خۆت داکوتیوە و ڕاوەستاویت ؟
- لاوانت کۆکردۆتەوە و بە پاچ و داس و خاکەناز و دار و بەردەوە ڕووە و ڕۆژئاوا بەڕێکەوتوون؟
- ماڵ به ماڵی شار گەڕاویت و ..سوتەمەنیی و ئازوقەت بۆ کۆبانی و حەسەکە کۆکردۆتەوە و لەو پڕۆسەیه بریندار و شەکەت بوویت و خوێن لە قامکەکانت ئەچۆڕێ ؟

- تۆ لە نادادیی و موچە بڕان و قەتڵ و عامیی ناوخۆی خۆماندا، بریندار نەبوویت و خوێنت لێ نەچۆڕا .
- کەرکوک تەسلیمکرایەوە، نەوت و غاز بە دێلیڤەریی نێردرانەوە، بریندار نەبوویت، ئێستا چۆن وا دوور بە دوور بۆ ڕۆژئاڤا بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟
لەو لایشەوە ئەبوبەکر هەڵەدنیی لە کوردستانی ڕۆژئاواوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کردووە، له شارێکی ئارام و پڕ سەوزایی و ڤێلای خۆش و مۆدێرن، وەک ئەوەی چوو بێت بۆ گەشت نەک بۆ پێشمەرگایەتیی، بەو جۆره ئەڵێت بەرپرسی ئەو شارەمان بینی کە غەریب حەسۆ بوو، پشتگیریی کوردستانی عێراقمان پێ ڕاگەیاندن !
یەعنی چی پشتیوانی کوردستانمان گەیاندە غەریب حەسۆ؟ واتا چۆن چۆنیی گەیاندتان ؟ چی بوو ئەو پشتیوانییە؟ بەڕوو بوو ؟ فیشەک بوو ؟ پشتیوانیی چییە ؟ گوڵە یەخەیە ؟ لەفەی قاورمەیە ؟ چییە ؟ 
پشتیوانیی ئەوەیە گەنجان و لاوان به چەک ودار و بەردەوە بچن به هانایانەوە ئەگینا وشەی پشتیوانیی و ئەو جۆره شتانە، تەنها کاتیان لێ ئەکوژێ و  خوێ ئەکەن بە برینەکانیانەوە ..وەک ئەوە وایە بچیت بۆ لای نەخۆشێک و وێنەی دەرمانێکی پیشان بدەیت و بڵێی ئەم دەرمانەی لەم ڕەسمەدایه زۆر باشە بۆ تۆ ..تەماشای کە، دەرمانێکی چەند چاکە !!.
بە کڵاو و جامانەی مل و ئەو شتانە نابنە پێشمەرگە، مادام گەیشتیتە ئەوێ، ئەبوو بەشداریی شەڕێکت بکردایه و وێنەی شەڕەکەت بۆ بناردینایەتەوە، نەک لەبەر چەپڵە و دەستخۆشیی، لە گۆشەیەکی ئارام و مۆدێرن و پڕ سەوزایی، وەک گەشتیارێک دەربکەویت نەک وەک پێشمەرگەیەک ..ئێوە ئەتانەوێ هیچیش نەکەن و چەپڵەیشتان بۆ لێبدەین،  شەڕیش نەکەن و پێشمەرگەیش بن، نەیشکوژرێن و شەهیدیش بن ..فیرعەونانە بژین و بیلالانەیش حەق و حیسابی قیامەتتان لەگەڵدا بکرێ ..ئەوەیشتان زەحمەتە دەست بدات بۆتان.
مەوزوعەکە خورمژەکەیه ، خورماتان ئەوێ و مێوژیش.. دنیا و ئاخیرەت و دین و عەلمانیەت و بۆینباخ و ڕەشماڵ و ڕیش و لاندکرۆزەر و ڤێلا و هەموویتان تێک ترشاندووە، مەگەر خوا بزانێ ئێوە چین و چیتان ئەوێ ..
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست