<

شەمەندەفەرەکە بەجێی هێشتن: وەڵامێک بۆ وەھمی برایەتی

02/02/2026, 23:22 (GMT+1)
لە سیاسەتدا دەڵێن کات زێڕە، هەندێک جار دەرفەتێک دێتە پێشەوە ئەگەر نەیقۆزیتەوە، ئیتر شەمەندەفەرەکە دەڕوات و تۆ بەجێ دەمێنیت. کاتێک سەیری ئەو وێنەیە دەکەین و گوێ لەو قسانە دەگرین، کە باس لە "برایەتی" دەکەن لەگەڵ تورک و عەرەب و فارسدا، هەست دەکەین ئەو قسانە هی سەردەمێک نین کە ئێمەی تێدا دەژین. ئەمە قسەیەکە کاتەکەی بەسەرچووە، وەک ئەوە وایە بە دوای شەمەندەفەرێکدا ڕابکەیت کە دەمێکە وێستگەکەی جێهێشتووە.
یاری بە کات و گاڵتەکردن بە برینەکان هەروەها ئەو قسانەی، کە  باس لە گفتوگۆ و برایەتی دەکەن بەتایبەتی لەم کاتە هەستیارەدا وەک ئەوە وایە (خوێ) بکەیت بە برینی 40 ملیۆن کورددا. چۆن دەکرێت باس لە برایەتی بکرێت لەگەڵ لایەنێکدا،  کە ئەو نەک تەنیا بوونی تۆ قبوڵ ناکات، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەت دەدات؟ ئەو پارت و لایەنانەی، کە ئەمڕۆ تورکیا هەڵیوەشاندوونەتەوە و یارییان پێ دەکات، کەچی دێن  باسی ئاشتی و برایەتی دەکەن! ئەمە تەنیا یاریکردنە بە کات و چەواشەکردنی خەڵکە. ئەو کەناڵە عەرەبی و تورکیانەش، کە ئەم لێدوانانە بڵاو دەکەنەوە، تەنیا چاوەڕوانی ئەوەن جارێکی دیکە کورد "ئاشبەتاڵ" بکاتەوە و دەست لە مافەکانی خۆی هەڵبگرێت.

ئێوە لە کوێی ئازارەکانی گەلدا بوون؟

کاتێک مرۆڤ سەیری ڕابردوو دەکات لە باشوور، پرسیارێکی لەلا دروست دەبێت، کە ئایا ئێوە لە کاتە سەختەکاندا  بەتایبەتی لە ڕووداوەکانی وەک 17 ی شوبات، خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ و ڕانیە،  ئێوە لە کوێی ئەو رووداوانەدا بوون؟ هەڵوێستی ئێوە چی بوو؟
بەداخەوە، لە بری ئەوەی پشتیوانی لە هاوڵاتی ستەملێکراو بکەن، کەچی زۆرجار پشتی دەسەڵات و ستەمکارانتان گرتووە. ئێستاش، وادەر دەکەوێت، دڵتان بۆ "خائینەکان" زیاتر لێ دەدات و پرسەنامە بۆ ئەوان دەنێرن، لە کاتێکدا گەلی خۆتان فەرامۆش کردووە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە ئەو سیاسەتەی هەتانە لە واقیعەوە دوورە و لە خەڵکی کوردستانیش دابڕاون.

کام برایەتی؟

100 ساڵە ئێمەی کورد دەڵێین برا، ئەوان دەڵێن دوژمن!
با ئێمە واقیعانە بیر بکەینەوە، برایەتی دەبێت دوو لایەنە بێت. ئاخر ناکرێت تۆ 100 ساڵە دەستت درێژ کردبێت بۆ برایەتی و بڵێیت "ئێمە براین"، بەڵام بەرامبەرەکەت پێت بڵێت "تۆ ئەولادی جنۆکەیت" و نکۆڵی لە بوونت بکات. ئێمە نابین بە برای تورک و عەرەب و فارس، نەک لەبەر ئەوەی ئێمە حەز بە ئاشتی ناکەین، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەوان برایەتی ئێمەیان ناوێت. ئەوان وەڵامی سڵاوی ئێمە بە بۆردومان و زیندان و سڕینەوە دەدەنەوە.
ئەو برایەتییەی ئێوە بانگەشەی بۆ دەکەن، برایەتییەکی "لەرزۆک" و بێ بنەمایە. ئەوان تا ئەم ساتەش بە چاوی دوژمن سەیری ئێمەی کورد دەکەن. بۆردومانەکانیان ناوەستێت، زەهرەکانیان هێشتا لە جەستەی خاک و خەڵکی ئێمەدایە. ئیتر بەسە، با واز لەم خەونە بەتاڵە بهێنین.
بۆ زانیارییتان، هیچ میللەتێک برای میللەتێکی دیکە نییە، بەڵکو ئەوە بەرژەوەندییەکی دوو جەمسەرەیە، کە دوو گەل، یان میللەت لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، هەرچەندە وا هەست دەکرێت کە ئێوە خۆشتان باوەڕتان بەو قسانە نییە، کە دەیکەن. ئەوە تەنیا قسەی ڕووکەشن بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەوان، بەڵام ئەوان هەرگیز لێتان ڕازی نابن. با ئەوان برای ئێوە بن و پیرۆزی یەکتر بن، بەڵام تکایە بەرۆکی میللەتی کورد بەردەن، ئێوە نوێنەری هەموو کورد نیین، ئەم گەلە پێویستی بە سەرکردایەتی و لایەنێکە، کە لە ئازارەکانی تێبگات، نەک لایەنێک، کە هێشتا خەون بە برایەتییەکەوە دەبینێت کە بوونی نییە.
ئیتر رامەکەن بە دوایدا،  تازە شەمەندەفەرەکە ڕۆیشت...نایگەنێ، تەنیا ئەوە دەڵێم، کە پیرۆزتان بێت ئەو برایەتییە یەکلایەنەی تەنیا سەرشۆڕیتان بۆ دەهێنێت.

تێبینی:

کاک رزگار رانگور لە واڵەکەی خۆیدا ئەو وێنەیەی دانابوو، چەند دێڕێکیشی لەسەر نووسیبوو، هەم وێنەکە و هەم ئەو چەند دێڕە سەرنجی راکێشام، لە کاتێکدا لەگەڵ رووداوەکانی رۆژئاو قسە و لێدوانی ئەم بەرپرسەی پەکەکە، تووشی شۆک بووم، لە ناخیشەوە توڕە ی کردم سەرەنجام ئەم نووسینەی بە دوادا هات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست