شیکردنەوەیەکی دەروونی و لۆژیکی بۆ زمانی جنێوفرۆشێک لە گفتوگۆی سیاسیدا
05/04/2026, 19:51 (GMT+1)

"باشە هەی بچووک، دەروون نەخۆش، عەقڵ دۆگما، کۆیلەی کۆیلەکان، ئێوە خێزانەکانی خۆتان بۆ بەڕێوە نەبرا، ئێوە چیین تا هێرش بکەنە سەر بەڕێز ئۆجەلان؟".
ئەم قسەیەی سەرەوە قسەی کەسێکی بازاڕی نیە بەڵکو قسەی هاوسەرۆکی حزب و بە ناو شیکەرەوەی سیاسی پەکەکە و تەڤگەری ئاپۆچیە، کە لە واڵەکەی خۆی لە فەیسبوکدا دایناوە، جنێو بەو کەسانە دەدات، رەخنە لە ئۆجەلان دەگرن، ئەم جنێوە تەنیا ئاراستەی یەک کەسی نەکردووە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەیە کە هەڵوێستی جیاواز و نەرێنییان لەسەر پەکەکە و ڕێبەرەکەی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" هەیە. ئەمەش بەتایبەتی دوای ئەو گۆڕانکارییانە دێت کە کاتێک ئۆجەلان دەستبەرداری خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی بوو و بانگەشەی بۆ مانەوەی کورد لە نێو چوارچێوەی سنوورەکانی تورکیا و چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک کرد، بانگەشەی بۆ برایەتی کورد و دوژمنانی کورد لە ناویاندا تورک کرد ، داوای کرد پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو قۆناغە نوێیەدا خەباتی خۆی دابڕێژێتەوە .
سەرەتا با ئەو قسەیە بخوێنینەوە کە ئاراستەی ڕەخنەگرانی کراوە:
ئەگەر بمانەوێت جنیوی هاوسەرۆکی حزب و بە ناو شیکەرەوەی سیاسی پەکەکە و تەڤگەرەکەی وەک هەڵسەنگاندێکی زمانەوانی، تەواوی ئەو خەسڵەتە نەرێنییانە پێچەوانە بکەینەوە بۆ واتا ئەرێنییەکەی دەبینین واتایەکی دیکە بە دەستەوە دەدات، کە ئەوە دەگەنێت، تەنها ئەو کەسە رێگا پێدراون کە گەورەن و عەقڵ کراوە و ئازیخوازن، خێزانەکانیان بە باشی بەڕیوەدەبەن، ئەوانە بۆیان هەیە قسە لەسەر ئۆجەلان بکەن. ئەمە پێمان دەڵێت چەند گرنگە کەسێک کاتێک دەنووسێت یان بەرگری لە بیروباوەڕەکەی دەکات، پێشوەخت دەبێت قسەکانی هەڵبسەنگێنێت و لە دەرئەنجامی لۆژیکیی وشەکانی تێبگات، بۆ ئەوەی پێچەوانەی قسەکانی نەبێتە تگاڵتە و ەنزێک بەسەر خۆیدا بشکێتەوە ...!!
کاتێک کەسێک بەم زمانە هێرش دەکاتە سەر بەرامبەرەکەی لە کاتی بەرگریکردن لە سەرکردەیەک یان ئایدۆلۆژیایەک، پێویستە لە گۆشەنیگای دەروونی و لۆژیکییشەوە شیکردنەوە بۆ بیرکردنەوەکەی بکەین، چونکە ئەم دەربڕینانە کۆمەڵێک خەسڵەتی دیاریکراو لە هەڵگری بیرکردنەوەکەیدا دەردەخەن:
- یەکەم: پیرۆزکردنی سەرکردە و بچووککردنەوەی ئەوانی تر : ئەم جۆرە دەربڕینانە نیشانەی بوونی جۆرێک لە پیرۆزکردنی سەرکردەیە، کاتێک کەسێک سەرکردەکەی لە ئاستێکی زۆر باڵا و بێگەرددا دەبینێت، ئۆتۆماتیکییانە دەیەوێت هەموو ڕەخنەگرەکان لە ئاستیدا بچووک بکاتەوە. لای ئەوان، سەرکردە بێ هەڵەیە، بۆیە هەموو ڕەخنەیەکی فیکری یان سیاسی بە هێرشێکی شەخسی و سووکایەتی تێدەگەن و بە زمانێکی توند و ڕەتکەرەوە وەڵام دەدەنەوە.
- دووەم: ئیفلاسی لۆژیکی و پەنابردنە بەر هێرشی کەسی: لەبری ئەوەی وەڵامی ڕەخنە و ئارگومێنتە سیاسی و فیکرییەکان بدرێتەوە، ئەم جۆرە کەسانە پەنا دەبەنە بەر هێرشکردنە سەر خێزان و ژیانی تایبەتی بەرامبەرەکەشیان (بۆ نموونە، کاتێک دەڵێت "خێزانی خۆتان بۆ بەڕێوە ناچێت"). لە ڕووی زانستی لۆژیکەوە ئەمە پێی دەوترێت لادان لە بابەتەکە و پەلاماردانی کەسەکە. ئەمەش نیشانەی لاوازیی ئارگومێنتە و دەری دەخات، کە کەسەکە لە ڕووی فیکرییەوە توانای وەڵامدانەوەی نییە، بۆیە دەیەوێت بە لێدان لە کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی بەرامبەرەکەی، شکستی ئارگومێنتەکەی خۆی داپۆشێت.
- سێیەم: بیرکردنەوەی ڕەش و سپی : ئەوانەی ئەم جۆرە وشانە بەکاردەهێنن، عەقڵیەتیان بەسەر دوو جەمسەری ڕەهادا دابەش بووە: ڕەش و سپی. واتا لای ئەو لەم جیهانبینییەدا خەڵک تەنیا دوو جۆرن؛ ئەگەر تۆ بەتەواوی لەگەڵیاندا بیت و هەمان بۆچوونت هەبێت، ئەوا مرۆڤێکی تەواو، ئازاد و دەروون تەندروستیت. بەڵام ئەگەر بچووکترین ڕەخنەت هەبێت، ئیتر تۆ "نەخۆش، کۆیلە و دۆگما"یت، خیزانەکەشت تەواو نییە). ئەم عەقڵە لە بیرکردنەوە، ڕێگریی لە هەموو جۆرە دیالۆگێکی تەندروست دەکات، چونکە هیچ ناوەندێک یان فرەڕەنگییەکی تێدا قبوڵ ناکات.
- چوارەم: میکانیزمی بەرگرییکردن : بەکارهێنانی وشەی زبر وەک "بچووک، عەقڵ دۆگما، کۆیلە" لە ڕووی دەروونناسییەوە زۆرجار میکانیزمێکی بەرگرییە پێی دەوترێت "تۆمەت هۆنینەوە" ، کە زۆرجار مرۆڤ ئەو هەستانەی لە ناخی خۆیدا هەیەتی (وەک هەستکردن بە دۆگمابوون یان شوێنکەوتەیی کوێرانە) بە شێوەیەکی نائاگایانە خۆی ئەوەی تێدایە ، بەڵام دەیکاتە بەرگی دژی بەرامبەرەکەی. ئەو دەنگە بەرزە و هێرشە توندە، لە ڕاستیدا شاردنەوەی ئەو هەستە ناوەکییەیە بە تێکشکان یان لاوازیی خۆیان، کە لە کاتی ڕووبەڕوبوونەوەی ڕای جیاوازدا تووشیان دەبێت.
لە کۆتاییدا، گفتوگۆی تەندروستی سیاسی و فیکری پێویستی بە ململانێی تەندروست هەیە، نەک ململانێی جنێو و هێرشی شەخسی. هەر ئایدۆلۆژیایەک نەتوانێت بە هێمنی گوێ لە ڕەخنەگرەکانی بگرێت، پێش ئەوەی بەرامبەرەکەی بشکێنێت، لاوازیی کەسایەتییەکان دەسەلمێنێت و لە هەمانکاتدا پێمان دەڵێت کە ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە دەرفەتی ئازادی تەسک دەکاتەوە و بیرە جیاوازەکان دەخنکێنێت .
ئەم فەرهەنگی ناوزڕاندن و ڕەتکردنەوەی بەرامبەر و لەهەمانکاتدا بێ پەروەردەیی حزبی بە تایبەت حزبێک کە بانگەشەی مۆدێرنیەت دەکات و خۆی جیا دەکاتەوە لە حزبی تەقلیدی لە ئاکار و ووتاریدا و هەردەم بانگەشەی ئازادی بیر و ڕاکان دەکات پێمان دەڵێت ئەم گرووپ و تاقمەی کە ناویان تاقمی ئاپۆچیە لە فەرهەنگی حزبی تەقلیدی و دواکەوتووی نەچۆتە دەر و نەیتوانیوە کادرێکی ئازاد درووست بکات کە بابەت بە بابەت وەڵام بداتەوە نەوەک بە دەستبردن بۆ باسی خێزانی و ناوزڕاندن و تەشهیر .
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان

