<

پارادایمی پەکەکە

06/06/2026, 22:55 (GMT+1)
کاک کەمال جەمال موختار چەند بابەتێکی دوور و درێژی لەسەر پارادایمی (عەبدوڵا ئۆچ ئالان) لە کوردستانپۆست و واڵی فەیسبووکەکەی بڵاوکردۆتەوە. ئەمەی من لەبارەیەوە ئەمەوێ بدوێم، تەواو جیاوازە و لێرەدا تەنها گەرەکمە لایەنی دووەم وەربگرم،ئەویش خودی ئەو بزووتنەوەیەیە کە هەر لەیەکەم ساتەوە تا ئەو کاتەی لە زیندانیش بەندە (ئاپۆ) ڕابەرێتی.
ئەڵبەت ئەو کاتەی ئاپۆ لەساڵی ١٩٩٩ لە نایروبی دەست بەسەر ئەکرێ و ئەیهننەوە بۆ تورکیا و لەوێش بەرەو زیندانی ئیمرالی، ئێدی لەو ساتەوە پەکەکە دروشمێکی بەرز کردۆتەوە تیایدا جەخت لە ئازادی ڕێبەرەکەیان ئەکاتەوە و هەموو جاریك و لە هەموو بۆنەکاندا گرنگی بەوە ئەدا کە پێوستە ئاپۆ ئازاد بکرێ. وەك خۆیان ئەڵێن(بێ ئازاد کردنی ئاپۆ،پەکەکە واز لەخەبات ناهێنێ) وەیان لە شوێنی تردا ئەڵێن(ئازادکردنی سەرۆك بەرانبەر بە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریە لە تورکیا)..هەندێك لەوە دوورتر ئەڕۆن و ئەڵێن (یا مردن یا ئازاد کردنی سەرۆك).
گەر زۆر بەووردی لەو درۆشم و بەڵێنانە هەڵبسەنگێنین تا بزانین پەکەکە چەندە پابەندە بەو پارادایمەی بۆ هەوادارن و باوەڕپێکراوەکان بەیان کردوە، ئەبینین هەر وەك چۆن (ئاپۆ) لە پەرادایمەکەی خۆی ڕاست گۆ نەبوو و تەنها هەوڵی فریودان و لەخشتەبردنی کورد بوە، ئەوا خودی بزووتنەوەکەی بەهەمان شێوە پارادایمەکەی وەیان ئەو بەهەشتەی وێنای کردبو بۆ گەریلا و ووڵاپارێزان و لایەنگرانیان سەبارەت بە ستراتیژی بزووتنەوەکە ، هیچ کات ڕاستگۆ نەبوون و نەیان توانی ئەو ئامانجە بهێننە دی وەك ئەوەی داوای ئازاد کردنی سەرۆك و سەربەستی تەواو بۆی. پەکەکە ئەبوو زۆر بە گرنگیەوە وازی لەخەباتی سیاسی و سەربازی نەهێنایە تا ئەو کاتەی (ئاپۆ) ئازاد ئەکرا، لێ ئەوەی بینیمان هەر لەیەکەمین پەیامی سەرۆکەکە زیندانی کراوەکەیان بەبێ هیچ مەرجێکی پیشوەختە ئاگربەستیان ڕاگەیاند و کەوتنە خۆ هەڵوەشاندنەوە و لە ئەشکەوتی جاسەنە کۆمەڵی لە هەڤاڵەکانیان هاتن و چەکەکانیان ، سووتاند.
هەر دوای ئەم هەوڵەی پەکەکە ، دەرکەوت کە سەرکردایەتی پەکەکە و خودی (جەمیل بایك و موراد قەرەیلان) کە دوو بڕیار بەدەستی پەکەکەن ، نەك هەر سیاسی نین، بەڵکە سەربازیش نین. بۆ؟ لەیەکەمین پەیامی ئاپۆ کە باس لە پرۆسەی ئاشتی ئەکا لە تورکیا ، دەوڵەت ئەو پرۆسەیەی ناو لێناوە(پرۆسەی کۆتایی هێنان بە تیرۆر) وەیان (تورکیایەکی بی تیرۆر)، واتە هەرگیز تورك و دەوڵەت هیچ کات ئاماژەیان نەداوە بە پرۆسەیەك ناوی (ئاشتی)بو بێ. ئەمەی ئاپۆ تەنها لای خۆی و پارتی دەم پارتی و پەکەکە وەك پرۆسەی ئاشتی بانگەوازی بۆ ئەکەن، دەنا لای برای قارداش و لە ئەنکەرە تەواو پێچەوانەکەیەتی.
بۆچی پەکەکە پارادایمەکەی کورتی هێنا؟ ئەمە هەم پرسیارە و هەم ئەنجامە..لە وەڵامدا ئەتوانین زۆر بەئاسانی بڵێین ئەوە فشاری سەربازی دەوڵەتی تورکە کەوای لە پەکەکە کرد هەر زۆر بە زوویی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و دەنگی چەکەکانیان بێ دەنگ بکەن. بیرمان نەچی هێزی سەربازی تورکیا بەتەواوی گەمارۆی هێزەکانی پەکەکەیان لە شاخەکانی جودی و مەتنیا و زاب داو هەرچی بەرزایی و تەپۆڵکەکان بوو ساترو ڕەبایەیان لێ چەقاند و کەوتنە تەقاندنەوەی هەر کون و قوژبن و ئەشکەوتێك لەو ناوچانە..کەواتە ئەبێ ئەو ڕاستیە تاڵە بڵێین کە پەکەکە وەك لایەنی سەربازی دۆڕا و چیتر نەیتوانی بەرخودان و بەرگری بەردەوامی ، پێبدات. لەبەرئەوەی وەك ئاشکرایە لە زانستی سەربازیدا باشترین ڕێگە بۆ پارێزگاری و بەرگریکردن، هێرش کردنە.. پەکەکەش ئەو توانایەی نەبوە کە هێرش بکات، بەڵکە خۆی لە تونێل و ئەشکەوتەکان قایم کردبوو کە ئەمەش هەمان ئەو جۆرە بەرگریکردنەیە لە هێزێکی وەك بزووتنەوەی حەماس کردی دژ بە ئیسرائیل و دەرئەنجامەکەیمان بینی کە شکستێکی گەورەی سەربازی دوای خۆی هێنا. کە ئەمەش شکستی سیاسی بەدوای خۆیدا هێناو ئەو بزووتنەوەیە ، نەما.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست