<

کوردستانیش پێویستی بە (عەلی)یەکە بۆئەوەی تەنوری دزەکان تێکبشکێنێ!

23/06/2026, 14:08 (GMT+1)
وادیارە بەرنامە و کاری سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی عێراق لەئێستادا باش ئەڕوات گەرچی بۆ خۆدەرخستنیش بێت.
نەهێشتنی هەڵواسینی وێنەی خۆی لەدام و دەزگاکان و گۆڕینی کۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران لە سێ شەممەوە بۆ شەممە لەبەر کاروباری هاولاتیان و بیانوو نەدان بۆ وەزیرە گەندەڵەکان بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە خۆیان بدزنەوە لە دەوام نیشانەی ڕیفۆرمخوازی ئەو پیاوەیە.
ئێستاش بەراست و چەپدا کەوتۆتە گیانی نابەرپرسە دزەکانی عێراق گەرچی لە وەسەت و بچوکەکانەوە دەستی پێکردووە و سەرەکە نەگەیشۆتە سەرە زلەکانی وەک دزی سەدە، بەڵام ئەم پەیامانە بۆ ئەوانیشە بە دزە گەورەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
هۆکاری ئەم دەسکراوەییەی لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێشینەی سیاسی نەبووە و دەستی نەبووە لە سەفەقە ژێربەژێرەکاندا بۆیە خۆی و دەستەی نەزاهەکەی وا بێمنەت کەوتۆتە وێزەی دزەکان.
بەڵام ئەو هاوکێشەیە بۆ کوردستان جیاوازە چونکە خودی دزەکان، سەری ڕمەکان و سەری مارەکانن و سەرچاوەی چەتەگەراییەکەن بۆیە هەر سزادانێکی خوار خۆیان ئەوا لەوانەشە مەرگی سیاسی و فیزیکی خۆشیان بێت بۆیە سەریان خستۆتە ناوگەڵیان و کەیسی گەورە دزەکان باس ناکرێت و دەستەی نەزاهەکەشی لەوان گەندەڵترن.
ئەم بابەتی ئاشکرابوونی دزی و چەتەییە ماددی و ئەخلاقیانە و گرتنی بەرپرسەکانی عێراق پرسیارێکی قورس و تاقەتپڕوێن لە مێشکی هەموو هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات. کاتێک لە عێراق بەڕێوەبەرێکی گشتی دەست بەسەر 76 ملیار دینار و چەندین ڤێلا و باڵەخانەیدا دەگیرێت و پێشتریش عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی نەوتی عێراق بە دەریایەک لەپارە و ئاڵتون و چەکی سوک و مامناوەندەوە دەستگیرکرا کە لە باخ و ماڵەکانیدا حەشاری دابوو. دواتر خوشکەکەی بری پێنچ ملیۆن دۆلار و چەندین بەڵگەنامەی سوتاند بۆ بەلارێدابردنی کەیسەکەی لە تەنورێکدا بەڵام ئەمە نەبووە شەفاعەت بۆ برا چەتەکەی. هەر ئەمرۆش کە ئەم نوسینە ئەنوسم چەتەیەکی تر دەستگیرکرا!
  ئەی دەبێت ژێرزەمین و خەزێنەکانی سەری ڕەش، دەباشان، گردەکان و کۆشکەکانی تری کوردستان چەند تەنوریان هەبێت و چییان تێدا بێت؟
ئەگەر فەرمانبەرێکی کارەبا لەبەغداد لەکاتێکدا کارەباش نیە یان بریکارێکی سادە ، بتوانێت لە باخ و ڤێللاکانیاندا سەدان ملیار دینار و دۆلار و چەندین کیلۆ ئالتون و چەق و تەقەمەنی بشارنەوە، ئەی کۆمپانیاکانی خێزانەکانی تاڵەبانی و بارزانی لەژێر ناوی حیزبدا کە مۆنۆپۆلی بازاڕیانکردووە لە نەوت، گاز، خاڵە سنوورییەکان، زەوی گشتی و تەنانەت لە قوتی ڕۆژانەی هاووڵاتیانیش پشک و سەرانە وەردەگرن خاوەنی چ دەریایەک لە پارەی دزراوبن!؟
ئەوەی جێگەی هەلوێستەکردنە، سەرەڕای بوونی گەندەڵی زەبەلاح لە عێراق ، کەچی جۆرێک لە هاوسەنگی هێز و ململانێی سیاسی هەیە کە وا دەکات دەستەی دەستپاکی (النزاهة) یان دەسەڵاتی دادوەری لەژێر گوشاردا بتوانێت دۆسیەی گەورە بجوڵێنێت. بەڵام لە کوردستان، دادگاکان، پۆلیس، دەستەی دەستپاکی و تەنانەت پەرلەمانیش کە پەکخرا بە تەواوی بۆئەوەبوو نەوەک پیاوێکی تیا هەڵکەوێت و شتێکیان لەسەر ئاشکرابکات .
لە کاتێکدا لە عێراق بەرپرسەکە دوای دەستگیرکردنی دان بە تاوانەکانیدا دەنێت، لە کوردستان تەنانەت کاتێک خیانەتی نیشتمانی، دزینی نەوت و سکانداڵی ئەخلاقی و ماددی بەرپرسان بە بەڵگەوە بڵاو دەبێتەوە، هیچ لێپرسینەوەیەک ناکرێت؛ چونکە دەسەڵاتداران پێیان وایە ئەوان خاوەنی ئەم خاکە و خەڵکەن، نەک خزمەتگوزار.
بۆیە  بێدەنگی و نەبوونی سزای یاسایی و ئەخلاقی بۆ دز و تاوانبارە ناوخۆییەکان، گەورەترین مەترسییە کە بنکۆڵی کۆمەڵگەی کوردی کردوو، و متمانەی هاووڵاتی بە چەمکی نیشتمان لاوازکردووە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست