<

دۆسیەی دەڵاڵەکانی قوباد تاڵەبانی و ئیدارەی گشتی یەکێتی لە سلێمانی

10/08/2026, 19:22 (GMT+1)
سەرەتا پێش ئەوەی ئەم راپۆرتە هەواڵە بخوێنیتەوە، ئاگاداری سەرجەم خوێنەران دەکەین، کە وشیاری بدەن بە هاوڵاتیان، کە هیچ متمانەیەک نەدەن بەو کۆمپانیایانەی هاوشێوەی فۆرێکس لە کوردستان، پارەکانیان بە ناوی مامەڵەکردن بە پشککڕینەوە لەوێ دانەنێن، چونکە سەرەنجام هەرچییەکیان هەیە هەمووی دەبرێت و دەچێتە گیرفانی دز و بەرپرسەکانەوە.
پێش ماوەیەک کەسێک پەیوەندی پێوە کردین بە مەبەستی پێدانی زانیاری لەسەر شوێنێک، کە کاری دراو و پشککاری دەکات، کاری ئەم شوێنە هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی، بەڵام بە بەرگی فەرمی و کۆمپانیاوە، کە پارە لە خەڵک وەردەگرن و دەیانڕووتێننەوە.
سلێمان هەڵشۆیی، ئەو کابرا ساختەچیی و دەستبڕە بوو، کە لە ساڵی 2020 لە دەڤەری ڕاپەڕین و پشدەر، پەیدا بوو بڕی سەروو 500 دەفتەر دۆلاری لە هاووڵاتییان کۆکردەوە. دواجار مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووری خستە ناو خێزانەکانەوە،  زیاتر لە 1050 سکاڵای لەسەر تۆمارکرا، هەڵبەت چەند بەرپرسێکی لە پشت بوو، کە پارەکانیان لە نێوان خۆیاندا دیزە بە تەرخونە کرد، دواجار (سلێمان هەڵشۆیی)یان لە دادگایی و مەترسی سزادان قوتارکرد. ئێستا هەمان سیناریۆ بە بەرگی فەرمی و لە ژێر ناوی کۆمپانیاکانی پشککاری دووبارە دەبێتەوە، ئەویش بە کردنەوەی کۆمپانیاکانی مامەڵەی دارایی و بۆرسە (وەک فۆرێکس).
کوردستانپۆست ئەم راپۆرتە هەواڵەی بەو مەبەستە ئامادەکردووە، تا تیشک بخاتە سەر ئەم دیاردە ترسناکە و هاوڵاتیانی کوردی لێ ئاگاداربکاتەوە، تا مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا نەکەن، چونکە دەستی دەسەڵاتی دزەکانی لە پشتە و هەرچییەک دابنێن، سەرەنجام بە مایەپووچ لێی دەردەچن.

سلێمان هەڵشۆیی

وەک تیمی ڕۆژنامەوانی کوردستانپۆست پاش ئاگادارکرانەوەمان لەسەر ئەم دۆسیەیە ئێمەش دەستمان کرد بەدواداچوون لەسەر ئەو کۆمپانیا نوێیەی ئیدارەی گشتی کە لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ئەنجامدا ئەم زانیاریانەمان لەسەر ئەو شوێنە و شێوازی کارەکانیان کۆکردەوە.
ئەم شوێنە بە ناوی INVESTMENT SPOT دوو لقی هەیە:
لقی یەکەم لە بازاڕی شەوکەتی مەلایە لە سلێمانی دووکانی ژمارە 12
لقی دووهەم و سەرەکی لە سلێمانی لە شەقامی سالم و بە دیاریکراوی بەرامبەر بە لقی 4 ی پارتی بەم ناونیشانە:
HC4M+F2Q Near Rotana Hotel, Salim Street, Sulaymaniyah, Kurdistan, 46001, Iraq








شوێنەکە کەوتۆتە خوار کارگەی جگەرە لە بەشی قوتابخانەی فریشتەی کچان و لە تەنیشت نووسینگەی دراوی خەفاف.
نهۆمی یەکەم: گەنجیکی سەنگاویان داناوە لەگەڵ خانمێکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
نهۆمی دووهەم: کۆمەڵێک لە خانمی گەنج و خاوەن دکتۆرای فەلی وڵاتانی ئەوروپا دانراوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ئەم کۆمپانیایە، لە ناوەوە شاشەیەکی گەورەی لاکێشە کە نمایشی نرخی کاڵا و شمەکە جیهانیەکانی لەسەرە.
بەڕێوبەرانی ئەم کۆمپانیایە بریتین لە

بەڕێوبەری گشتی : نەورۆز هادی
بەڕێوبەری جێبەجێکار : ئەحمەد جاف
بەڕێوبەری خزمەتگوزاری و ڕاژەی بەشداربوان :
کاری سۆشیال میدیا و ڕیکلام : سارەوان یوسف
گرافیک دیزاینەر : دانیاڵ ئەسکەندەر
وەک لە داتای بڵاو کراوەی کۆمپانیاکەدا هاتووە ئەم کۆمپانیایە بە چەند ناو تۆمار کراوە.
پاش گەڕان و بەدواداچوون لە داتای تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
سەرەتا ئەم کۆمپانیایە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی سەربەست جەلال حەمە ئەمین بە ناوی (ئینڤێستمێنت سپۆت) تۆمارکراوە و بە بەهای 100 ملیۆن دینار و بونی 100 ملیۆن پشک لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی عیمادەدین سەڵاحەدین خەلیل لە 20 - 08 - 2008

دواتر ئەم کۆمپانیایە ناوەکەی گۆڕدراوە بە (ئینڤێستمێنت سپۆت) بەڵام بە شێوە نووسینی ئینگلیزی واتە بە INVISTMENT SPOT و لە ساڵی 2014 بۆ 2020 بە ناوی کەسێکی تر تۆمار کراوە، هەروەک لە ووتەی پارێزەرانی کۆمپانیاکەدا کاتێک پەیوەندیان پێوە کردین بە ناوی (ڕێبوار محمد) لەگەڵ پارێزەرێکی تر بە ووتەی خۆی بە ناوی پارێزەر (محمد.....) کە بە ئاگاداری خۆیان دەنگیان تۆمار کراوە، دەڵێن ئەم سەربەست جەلالە کە لە ڕابردوودا بەڕێوبەری کۆمپانیاکە بووە ئیفلاسی کردوە و ئێستا دۆسیەی لەسەر کردونەتەوە بە ووتەی پارێزەرەکانی کۆمپانیاکە ئەم کەسە ناویان دەزڕێنێت، تەنانەت بە پێچەوانەوە خۆیان تۆمەتی داعشیان خستە پاڵ سەربەست جەلال و چەند کەسێکی تری خێزانەکەی، بەڵام پاش بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت، کە لە ڕاستیدا سەربەست ئیفلاسی نەکردوە، بەڵکو لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە دەستگیراوە و دەست بە سەر موڵک و ماڵی سەربەستیشدا گیراوە، ناچاریان کردووە تا واز لە کۆمپانیاکەی بهێنێت بۆ کەسێکی تر بە ناوی نەورۆز هادی.

دواتر ئەم کۆمپانیایە بە ناوێکی تر، بەڵام بە 2 شێوەی تر تۆمار دەکرێت
لە داتای کوردستان بەتەنها بە ناوی INVESTMENT SPOT بەڵام لە بڵاوکراوەی کۆمپانیاکەدا بە شێوازێکی تر نووسراوە
Investment Spot Co. For Financial Services Ltd. خۆی تۆمار کردوە بە ژمارە تۆماری
Registration No. 2025-00351 (FSRA)
کە بارەگاکەی لە سانت لوسیای فەڕانسیە وەک لە بڵاو کراوەی کۆمپانیاکە لە ماڵپەری سەرەکی کۆمپانیاکە بڵاو کراوەتەوە

بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کۆمپانیا و داتایەک لە سانت لوسیای فەڕانسی بەو ناوەوە بوونی نیە و ئەو ناوە خەیاڵییە و درۆیە، بەمەش دەردەکەوێت ئەساسی ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی شێڵییە و یاری بە پارەی هاوڵاتیانەوە دەکات، هەر کەسێک دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ بڵاو کردنەوەی ئیفلاسی ئەم کۆمپانیایە و پارەکانیان بڕوات.
ئەم کۆمپانیایە
بە ووتەی چەند کەسێک کە هاوپشک و هاوبەشی یەکێک لە کۆمپانیاکانی کاری پشککاری و قوماری قوبڕسە، کۆمپانیایەکی جۆری شێڵییە واتە ئەوەلیاتی نادیارە و زیاتر ئەم جۆرە کۆمپانیایانە بۆ کاری سپیکردنەوەی پارەی سەرمایەداران و دەستڕۆشتوەکان و لە هەمانکاتدا کاریان هەڵخەڵەتاندن و دەستبەسەراگرتنی پارەی هاوڵاتیانە بە ناوی بازرگانیپێکردن کردن بە پارەکانیان لە بازاڕە جیهانیەکان بە قازانج وەرگرتن بەکار دێت، بەڕێوبەرەکەی هاوڵاتیەکی خەڵکی سلێمانیە بە ناوی نەورۆز هادی، ئەم.کەسە لە ڕابردوودا لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کاری کردوە و دواتر لە بازاڕی شەوکەتی مەلا دوکانی ژمارە 12 ی هەیە، دواتر خۆی لە دلێری سەید مەجید کردۆتەوە، کەدلێر وەکو هەموو کەس دەزانێت بەڕێوبەر و سندوقی ڕەشی ئیدارەی گشتی یەکێتییە، یەکێکە لەو کەسانەی کە کار بۆ ئیدارەی گشتی دەکات و داهاتێکی بێشوومار بۆ ئیدارەی گشتی خێزانی تاڵەبانی پەیدا دەکات، لە هەمانکاتدا ناوبراو "نەورۆز" بەڕێوبەری کارە داراییەکانی قوباد تاڵەبانیە بۆ بازاڕی بۆڕسە.
ئەم کۆمپانیایە لە داتای فۆرێکسدا بەڕێوبەرەکەی بوونی نییە و وونە، واتە بەشێوەی نادیار کار دەکرێت و هەرکات پارەکەت دەستی بەسەردا گیرا لە دادگاکانیش ناتوانیت مافی خۆت وەرگریتەوە لەبەر ئەوەی لەداتاکانی خۆیاندا نووسیویانە کە خاوەنی کارکردنی IB کورتکراوەی Introducing Broker بە واتای نێوەندگیری ناساندنی کڕیار بە بروکەرێک (دەڵاڵێک)ی تر.
بەمشێوەیە ڕیبا یاخوود سوو دەچێتە سەر، تۆش بە بێ ئەوەی پێ بزانیت دەبێت ڕیبا بدەیت، ئەوەی گرنگە کە تۆ کاتێک IB دەکەیت واتە تۆ دەبەستێتەوە بە لایەنێکی نادیارەوە، کە نازانیت کێیە و زانیارییەکان داتاکان هەموویان وونن، بەو واتایەش وەک ئەوەی تۆ لەگەڵ IB یەکی ئەفریقا یا چین یاخوود ئوستوڕاڵیا کار بکەیت، کە نەدەزانیت کێیە و نە دەشتوانیت بزانیت کێیە!!
ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەشیانە ئەم داهاتە بێشومار و سوود و ڕیبا زۆرە کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت، چونکە لە هیچ داتایەکی هەرێمدا تۆمار نەکراوە، تەنانەت بەڕێوبەرایەتی باج و دەرامەت نازانێت پارەکە بۆ کوێ دەچێت!
بەپیی یاسا بەرکارەکانی عیراق و زۆریک لە وڵاتان ئەو مامەڵەیەیان قەدەغە کردووە، تەنها لە.هەرێمی کوردستان نەبێت، کە ئاسایی مامەڵەکانی خۆیان دەکەن، جگە لەوەی سوویەکی زۆر لەخەڵک وەردەگرن و لە ماوەیەکی کورتیشدا ئیفلاس بەخەڵک ئەکەن.
هەروەها بەپێی زانیاریەکان کە بەدەستمان گەیشتووە ئەم کۆمپانیایە هیچ مەرجێکی تەمەن پەیڕەو ناکات و بەو پێیەش چەندین کەس کە تەمەنیان خوار 18 ساڵە کار و مامەڵەیان لەگەڵ ئەم کۆمپانیایەدا هەیە لەبەر سەلامەتی ژیانیان ناوەکانیان پارێزراوە و خۆیان داوایان کردووە کە بەر مەترسی بۆ سەر ژیانیان ناویان نەهێنرێت، هەر وەک لە بڵاو کراوەیەی ئەم کۆمپانیایەدا هاتووە دەڵێت تۆ دەتوانیت تەنها لە ڕێگەی مۆبایلەکەتەوە هەژمارێک بکەیتەوە، کە بە هیچ فلتەرێکدا تێناپەڕێت واتە کەسێکی تەمەن خوار 18 ساڵیش دەتوانێت بەڵگەنامەی باوکی یا کەسێکی گەورە بهێنێت و بە چەند هەنگاوێکی ئاسان هەژمارێک بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە پەیوەندیی ژن و خێزن و منداڵیان تێکداوە و وێرانیان کردووە، لە هەندێک حاڵەتدا کار گەیشتۆتە ئەوەی کەسەکان هەوڵی خۆکوشتن بدەن.
هەروەها چەندین دۆسیەمان بۆ هاتووە، کە هەندێک لەو کەسانەی کە لەم کۆمپانیایە بەشداریان کردووە پارەیان قەرز کردوە و لە دواتردا مایەپووچبون و کە بووە بە هۆی ئەوەی سکاڵا و دادگا و هەڕەشە و شەڕ و ئاژاوەی نێوان قەرزار و خاوەن قەرزی لێبکەوێتیەوە.
شێوازیێکی تری کارکردنی ئەم کۆمپانیایە :
شێوازی هێنانی کڕیار و دەستبڕینەکە ئەمەیە، کە لەلایەن تیمێکی خۆیانەوە پەیوەندی بە سەرمایەداران و پارەدارانەوە دەکەن و دەیان پەیج و ئەکاونتیان کردۆتەوە بە پیشاندنانی ئۆفەر و پاکێجی ئیغراکار بۆ ڕاکێشانی کڕیار و مامەڵەکاران و لە هەمانکاتدا پڕوپاگەندەی مایە بەرامبەر قازانج ئەدەن بە گوێی خەڵکدا بۆ نموونە گوێ لەم بڵاوکراوەیەی خۆیان بگرن، کە چۆن بە پاکێج و ئۆفەر دەیانەوێت تۆ ڕا بکێشنە ناو ئەم بازرگانیەوە
واتە ئەمان وەک برۆکەرێک ( دەڵاڵێک) خۆیان دەناسێنن، کە دەبنە نێوەندگیرێک لە نێوان سەرمایەدارەکە و بازاڕەکانی جیهاندا و کار بە پارەکەتەوە دەکەن، گوایە تۆ لە ماڵەوە دادەنیشیت و ڕۆژانە و مانگانە لە ڕێگەی ئەنجامدانی مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە قازانجێکت بە دەست دەگات، کارێکی دیکەشیان کارکردنە بە ناشارەزایانە لە بازاڕی بۆرسە واتە تۆ دەچیت و دەڵێت 100 کیلۆ ئاڵتون دەکڕم، کە لە ئەساسدا هەم ژمارەکە و هەمیش بەرهەمەکە تەنها ژمارەیە و هیچی دیکە، واتا تەنها ژمارەکان لە سەر شاشەن ئەگینا بونیان نییە
بە بەڵگەش لە هەموو ماڵپەرە فەرمیەکان وەک ویکی فیکس و ویکی بیت wikifix & wikibit کە زانیاری دەربارەی ئەم بازاڕانە بەدەست دەخەن و ڕای بەکارهێنەران و گەڕانی سێرڤەرەکان دەکەن، پاش گەڕانمان دەرکەوت ئەم کۆمپانیایە هیچ مۆڵەتێکی کارکردنی نییە، هیچ سێرڤەرێکی جیهانی و تەنانەت ئاگاداری لەسەرە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە نەکرێت بە هۆکاری تۆقێنەر و مەترسیدار وەک لەو 2 وێنەیەی خوارەوەدا دەیبینن


بۆیە تۆی قوربانی ئەم بازاڕە سوود لە زیاد و کەمی نرخی بازاڕ دەکەیت واتە بۆ نموونە تۆ کیلۆیەک بە 10 دەفتەر دەکڕیت لەم.ساتەدا دوای چەند چرکەیەک نرخی بازاڕی زێڕ دابەزێت تۆ زیان دەکەیت، ئەگەر بەرز ببێتەوە تۆ قازانج دەکەیت واتە وەک قومار وایە هەر لە بەدواداچونەکانمان ووتەی چەند شایەتحاڵێکمان وەرگرت، کە ئەم بازاڕە لەلایەن چەند کەسێکی سەر بەو کۆمپانیایە لەلایەن پەیج و ئەکاونتەکانیان، تەنانەت لە گروپێکی تیلیگرام بە هەمان ناو زانیاری بەرز و نزمی بازاڕ بڵاو دەکرێتەوە بۆ ئەوەی وات لێبکەن تۆ مامەڵەیەک بکەین، بۆ نموونە دەڵێن ئێستا باشترین کاتە بۆ کڕینی زێر لەبەر ئەوەی نرخ نزمە کاتێک دەیکڕیت ئەوان یاری بە بازاڕ دەکەن و نرخی زێڕ دوای کڕینەکەت لە کاتێکی دیاریکراو دادەبەزێت و تۆ زیان دەکەیت، ئیتر باڵانسەکەت سفر دەبێتەوە کۆمپانیاکە لە دوو لا قازانج دەکات لە کڕینەکەت کە بۆ هەر کڕینێک کۆمشن یاخوود تاکسی خۆی وەر دەگرێت لە سفر بۆ نەوەی باڵانسەکەش کە پارەکە دیار نییە بۆ کوێ دەچێت قازانج دەکەن. بە واتایەکی دیکە ئەمە وەک تەڵەیەک وایە کە تۆ بەدەستی خۆت دانەوێلەکەی تیادەنێیت و هەر گیرفانی تۆ بەتاڵ دەکاتەوە، هیچ دەستکەوتیكی بۆ کەس تێدا نییە، چگە لە خۆیان نەبێت.
وەک لە بڵاوکراوەکانی خۆیان دەڵێن کە تیمەکەیان کار بۆ ئەوە دەکەن باشترین کەسەکان بهێنن کە کاری شیکاری پێشکەش بە مامەڵەکاران بکەن
ووتەی یەکێک لەو کەسانەی کە قوربانی ئەم کۆمپانیایە و زیانی بەرکەوتوە و دەڵێت:
لەماوەی 30 خولەکدا زیاتر لە 300 هەزار دۆلارم دانا، هیج بەهاو ریتمیکی ئەخلاقی نیە، تەنانەت ئیشەکەیان پیچەوانەی یاسایە و لە کاتی ئیفلاسی خەڵکیدا وەک ووڵاتانی دنیاش کار ناکەن کە تەنانەت تاکس(باج) هەیە کاش باک دەگێڕنەوە، بەڵام ئەمان ئەوەش بۆ خەلکی ناگێڕنەوە و دەیخۆن.
ئیشەکەیان پێی دەگوتریت ستۆک مارکێت، بەناوی دەڵاڵ و کارگێڕی کار لە هەولێر و لە دهۆکیش لقیان هەیە فۆریکسە وەکو مۆنیتا مارکیت و ئین گۆت و چەندانی دیکە ...
ئەم بازرگانیە بە واتای ئەوە دێت، کە مایە سەری قازانج دەخوات، چونکە مایەی دیار نییە، هەر کات خاوەن کۆمپانیا ویستی دەتوانێت ئیفلاسبوونی خۆی ڕابگەیەنێت بە نموونە:
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا چەند دەڵاڵ (برۆکەر)یکی دیاریکراو هەیە، کە دروستکراوی خۆیانەو زۆرجار خەرجی جەنگەکانیش بەم بازارە دابین ئەکەن، بەنمونە شەوێک پیش جەنگی ئیران بە دیاریکراوی لە 29 -1 - 2026 نزیکەی ترلیۆنیک دۆلار لەماوەیەکی کورتدا لەم بازارە کێشرایەوە و سەدان و هەزاران کەس ئیفلاسیان پێکرا، لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بۆ 360 ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی تەنها 8 برۆکەر هەیە، بەڵام لە کوردستان 850 برۆکەر بۆ 5 ملیۆن هاولاتی بوونی هەیە، ئەم.گروپە چەندین ناوی تریان هەیە لە ژیر ناوی (ئای بی) و (مامۆستای فۆریکس) و (مامۆستای بازارە داراییەکان) و دەیان و سەدان پەیج و ئەکاونتیان هەیە، ریکلام بۆ ئەم کارە دەکەن لە سۆشیال میدیا و نێچیری خۆیانی لە ڕێگەوە دەدۆزنەوە.
قازانجی ئەم دەڵاڵانە بەم شێوەیە، کە بۆ هەر 10 دەفتەر دۆلار نزیکی 2 دەفتەر دۆلار کۆمیشن و باج لە پارەکە دەبەن، کە گێڕانەوەی نییە، وەک خۆیان دەڵێن بۆ ئەوەیە کە دەڵاڵ یاخوود سەرپشککراوی مامەڵەکان پارەکەت بخاتە کارەوە و قازانجت بۆ بهێنێت .
ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەوەیە ئەم کۆمپانیایە بۆ خۆتۆمارکردن تیایدا لە داتای کۆمپانیەکە دەڵێت: دەبێت کارتی نیشتیمانی و چەند بەڵگەنامەیەکی تر بهێنیت و واژۆی گرێبەست دەکەیت و تیمەکەمان هەموو کارەکانت بۆ ڕادەپەڕێنن لەمەشدا پاش بە دواداچون دەرکەوت خەڵکانێک هەن، کە بەبێ واژۆ و بەڵگەنامە هەژماریان بۆ کراوەتەوە و لە هەمانکاتدا هەموو ئەو کەسانەی کە پەیوەندیمان پێوەکردوون و قوربانین دەڵێن زیان و مەترسیەکانی ئەم کارەیان لەلایەن هیچ کارمەندێکەوە بۆ ڕوون نەکراوەتەوە، هەتا ئێستا نازانن کێ بەڕێوبەرە و پارەکە بۆ کوێ دەچێت و چی لێدێت!
سەرەتاش کە دەست دەکەیت بەم کارە بۆ ئیغراکردنی نێچیرەکە لەلایەن کۆمپانیاکەوە قازانجێکی بێ وێنەی پێ ئەدرێت بەڵام تەنها بۆ یەکجار یاخوود دووجارە لە دواتردا تۆ دەکەویتە زیانەوە و پارەکەش هیچی دیار نامێنێت.
هەر بە پێی زانیاریەکان ئیدارەی گشتی و بە دیاریکراوی قوباد تاڵەبانی لەبوارە جیاجیاکاندا نزیکی 460 برۆکەر (دەڵاڵ)ی هەیە و لەو ڕێگەیەوە هەموو مانگێک داهاتی دەگاتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار، کە پشکی شێری تەنها لە بواری بۆرسە و ئاڵوگۆڕی درا و سپیکردنەوەی پارەدایە.
سەرنجی کوردستانپۆست :
ئێمە وەک کوردستانپۆست هەموو ئەم لایەنانەی خوارەوە بە بەرپرسیار دەزانین، کە بوونەتە پاڵپشت و دروستبوونی ئەم جۆرە کۆمپانیا وەهمیانە، کە دەیان خێزانیان سەرگەردان و وێران کردووە.
- هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری ماوە بەسەرچووی سلێمانی.
- بەڕێوبەر و بەڕێوبەرایەتی باج و دەرامەتی سلێمانی
- سەرۆکوەزیرانی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان
- سەرۆکی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان
- پەرلەمان و پەرلەمانتاران و لیژنەکانی ئابووریی و بازرگانی پەرلەمانی کوردستان
- بەرپرسانی ماوە بەسەرچووی ئیداری سلێمانی و هەولێر و دهۆک
- وەزیر و وەزارەتەکانی دارایی و کار
- بەڕێوەبەر و لیژنەکانی ژووری بازرگانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک
هەموو ئەمانە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ تاوانبارن لەم دزیی و دەستبڕینە، کە گەورەترین کێشەی کۆمەڵایەتیی لێکەوتۆتەوە.
ئەم بابەتە درێژەی دەبێت
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست