ئاینی ئیسلام لە دیدی ئۆجالانەوە
01/06/2026, 2:13 (GMT+1)

“ئاینی ئیسلام باش دەناسم، منیش ساڵانێک نوێژم کرد و ڕۆژووم گرت، ئەمانەش منیان بە سەربەخۆیی و ئازادیی گەیاند، پێغەمبەر محەمەد (د.خ) شۆڕشگێڕێکی گەورەبوو، ئامانجی گەورەی ئەوەبوو، کە مرۆڤایەتی لە جەهالەت و کۆیلایەتی ڕزگاربکات، کەواتە جەوهەری ئیسلامی ڕاستەقینە یەکسانی و ئازادیخوازیی و دادپەروەرییە”، ئەمانە وتەی ئۆجەلانە لە بارەی ئیسلامەوە.
زۆر کەس لەدوورەوە ئۆجەلان، وەک کەسایەتییەکی دژە ئیسلام دەبینن، ڕەنگە کەسانێک هەبن بڕوایان بەو تۆمەتە کردبێت، بەڵام تا ئەو کاتەی نەچیتە سەر نووسین و هەڵسەنگاندنەکانی لەبارەى ئاینى ئیسلامەوە، هەروا لەدوورەوە بڕوا ناکەی چەندە وردو شارەزایانە لەسەر ئیسلام دواوە، هەڵسەنگاندنی ئۆجەلان بۆ ئاینى ئیسلام ئەستەمە بەراورد بکرێت بەو هەڵسەنگاندنانەى پیاوانى ئاینی کردویانە بۆ ئاین، بەو مانایەى زۆر وردتر و زانستى تر نزیکبووەتەوە.
عەبدوڵا ئۆجالان، لە نووسینەکانیدا زۆرترین ڕاوەستەی لەسەر پێناسەکردن و هەڵسەنگاندنی ئاینی ئیسلام کردووە، لە پەیوەندی بە کۆمەڵگا و شۆڕش و نیشتمانپەروەرییەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی مرۆڤی موسڵمان دەستنیشان دەکات لە سۆنگەی ئیسلامی ڕاستەقینەوە، ڕۆژنیوز لەم راپۆرتەدا ئاینی ئیسلام لە دیدی ڕیبەر ئۆجالانەوە دەخاتەڕوو، بەپشتبەستن بە پەڕتووکی (ئیسلام و نیشتمان پەروەری).
ئۆجەلان خۆی بە موسڵمان دەزانێت و پێیوایە”ئیسلام گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشی مێژووی مرۆڤایەتییە، ئاینی ئیسلام باش دەناسم، منیش ساڵانێک نوێژم کرد و ڕۆژووم گرت، ئەمانەش منیان بەسەربەخۆیی و ئازادیی گەیاند، پێغەمبەر محەمەد (د.خ) شۆڕشگێڕێکی گەورەبوو، ئامانجی گەورەی ئەوەبوو، کە مرۆڤایەتی لە جەهالەت و کۆیلایەتی ڕزگاربکات، کەواتە جەوهەری ئیسلامی ڕاستەقینە یەکسانی و ئازادیخوازیی و دادپەروەرییە، لە منداڵییەوە ڕێزێکی زۆرم بۆ ئیسلام داناوە و ژیانم بەپێی ڕاستییەکانی ئیسلام پێوانە دەکەم، کاتێکیش سۆسیالیزممان بە بنەما وەرگرت، لەگەڵ ئیسلامی ڕاستەقینەدا یەکانگیرمان کرد”.
عەبدوڵا ئۆجالان، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی، کە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا لەبارەی دژایەتی دینەوە دەدرێتە پاڵ پەکەکە، دەڵێت: ” ڕێزداران، خوشک و برایانی ئیماندار: بزووتنەوەی ئازادی کوردستان هەرگیز خۆی ناخاتە ناو تەڵەی ئەو گومڕاییەی، کە سەرچاوەکەی بۆ دوو ناوەند دەگەڕێتەوە، ئەوانیش نەتەوەپەرەستی و عەلمانییەتی ئاینگەرای توندئاژۆن، لەهەمانکاتیشدا دەرفەتیان پێنادەین، ئەم بزووتنەوە ئازادییخوازییەی کە نوێنەرایەتی دەکەین، لەبەرامبەر هەموو جۆرە کردەوە و چەمکێکی لە جۆری نەتەوەپەرەستی، ئاینگەرایی، ڕەگەزگەرایی و بەناو زانستگەرایی تێکۆشان دەکات و دەبێتە خودی جوگرافییای ئازاد و دیموکراسی ڕادیکاڵ، بە مانای ئومەتی ئیسلامی هاوچەرخ، یەکیتی گەلان دەدۆزمەوە، وەک پێویستییەکی مانای یەکێک لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزە کە دەفەرموێت “وجعلناکم شعوبا و قبائلا لتعارفوا” کە گوزارشت لە یەکێتی گەلانی موسڵمان دەکات، کە ئازادیخواز، یەکسانیخواز، دیموکراسیخواز و فرە ڕەنگن.
هەروەها لەبارەی ڕۆڵی ئیسلام لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیدا دەڵێت: ڕێنسانسی ئیسلامی کاریگەرییەکی وەرچەرخێنەرانەی لەسەر تەواوی کەلتوور و نەریتی خێڵگەرایی و قەبیلە کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستمی شارستانییەت بەگشتی، کاریگەرییەکەی لە ئاستی شۆڕشدایە، لەوانەیە کاریگەرترین وەڵامی شۆڕشگێڕانەی ئەو قەیرانە بێت، کە بەسەدان ساڵ کەلتوری خێڵگەرایی و هۆز لە ئارادابوو، هۆزە عەرەبەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، بە درێژایی سەدان و هەزاران ساڵ، لە ناو خۆیاندا کەوتبوونە ناو شەڕ و پێکدادانێکی گەورە و بێ کۆتاوە، خراپەکارییەکی گەورەیان ئەنجام دەدا، ژن بچوک دەبینرا و مایەی سووکایەتیپێکردن بوو، کیژۆڵەکان هێند بێ نرخبوون لایان زیندە بەچاڵ دەکران.
دەشڵێت: دەستپێشخەرییە کرداری، ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)، لەو هەلومەرجەدا وەک دەرمان بە کاریگەربوو، سەرەکیترین خەسڵەتی شۆڕشی موحەمەدی ئەوەیە، بەبێ ئەوەی بکەوێتە ژێر فەرمانی هەردوو ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی و ساسانی تەنیشتییەوە، بوێری پێشخستنی سیستمێکی نوێی سیاسی کرد، کە هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە تێدەپەڕێنێت و خۆشی بۆ ئەوکارە گونجاو و دەسەڵاتدار بینیوە.
ئاینی ئیسلام لەنیوان شۆڕش و دەسەڵاتخوازییدا
ئۆجەلان قۆناغی پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر و سەرهەڵدانی ململانێی جێنشینەکانی، بە قۆناغێکی نوێ و جیاواز پێناسە دەکات لە ئاینی ئیسلامدا بەمجۆرە دەدوێت: ئەو دوالیزمەی لە مێژووی شارستانییەت بەسەر هەموو شۆڕشەکاندا هاتووە، بەشێوەیەکی بەهێز لە شۆڕشی ئیسلامیشدا ڕوویداوە، لە پاش هەڵگیرسانی شۆڕش لە بەردەم دووڕیانی دیموکراسی و دەسەڵاتخوازییدا بەرەو کامیان دەچێت؟
دەشڵێت: هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلامەوە هەردوو مەیل بەشێوەیەکی بەهێز دەرکەوتوون، چینی سەرووی قوڕەیشییەکانی قەبیلەی حکومڕان بە ڕێبەرایەتی مەعاوییە هەوڵیانداوە بەخێرایی ئیسلام بکەن بە سەڵتەنەت و دەسەڵاتخوازی، مەعاوییە هەوڵی داوە پێهەڵگرتنەکانی ئیمامی عەلی بەرەو دیموکراسی بەربەست بکات، بەهۆی ئەو ناکۆکییەی کە ئیمامی ئەبوو بەکر،عومەر و عوسمان لەگەڵ ئیمامی عەلی-دا هەیانبووە، دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر لە قۆناغی گوزەرکردندا لە (٦٥٦-٦٣٢زایینی)، کە بەدوای یەکدا خەلافەتیان وەرگرت، لەو قۆناغەدا ململانێیەکی بەهێز و توند لە نێوان ئیسلامی کۆمەڵگا کە ئیسلامی ڕاستەقینەیە لەگەڵ ئیسلامی دەسەڵاتخوازی کە ئیسلامی دەوڵەتە و ساختەیە.
ئیسلامی ڕاستەقینە چییە؟
ئۆجەلان چەمکی ئیسلامی ڕاستەقینە و ئیسلامی ساختە بەکاردەهێنێت و بەم جۆرە لەیەکیان جوێ دەکاتەوە و دەڵێت: با لەهەموو لایەنەکانی ئیسلامی ڕاستەقینە تێبگەین، بەگوێرەی ڕاستینەی ئەمڕۆی کوردستان جێبەجێی بکەین، خاوەندارێتی لەو ئەرکانەی بکەین کە فەرزی کردووە، تا ئێستا هیچ شۆڕشێک هێندەی ئیسلامییەت کاریگەری لەسەر ڕەوتی مرۆڤایەتی نەبووە، لەهیچ ئاینێکی تردا هێندەی ئیسلام ئەوەندە بە ڕوونی و ئاشکرا لەهەموو لایەنەکانی ژیاندا یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری تێدا بەدی ناکرێت، هەروەها لە هەموویان کاریگەرترە، هەر لەبەر ئەمەشە ئیسلام بووەتە سەرچاوەی گەلێک شۆڕشی دیکە، کە لەدوای ئەو هاتوونەتە ئاراوە.
ئیسلامییەتی ساختە چییە؟
ئۆجەلان باس لەو ساختەکارییەش دەکات کە بە ناوی ئیسلامەوە دەکرێت و دەڵێت: ئەمڕۆ لەژێر ناوی ئیسلامدا هەموو جۆرە بیروبۆچوون و چەمکێکی کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕش لە ئارادایە و لەدژی شۆڕشەکەمان بەکاریدەهێنن، لە بنەڕەتدا جەوهەری شۆڕشی ئیسلام، یەکسانی، ئازادیی و دادپەروەرییە، بەڵام بەداخەوە بە پێچەوانەوە بەکاردەهێنرێت، نکۆڵی کردن و تاریکی و کۆیلایەتی و نادادپەروەری پێ پەردەپۆش دەکەن، ئەمەش گەورەترین خراپەکارییە، بەرامبەر بە ئیسلام ئەنجامدەدەرێت و بەهیچ ڕەنگێک پەسەند ناکرێت و نابەخشرێت.
ئۆجەلان دەڵێت: دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانین کە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) شۆڕشگێڕێکی گەورەبوو، گەر وابەستەبوونت هەبێت بەم پێغەمبەرەوە دەبێت هەڵوێست و ڕەفتار و کردارت بەرامبەر بە مرۆڤ و وڵات و نەتەوە، بەڕەنگێکی یەکسان و ئازاد و دادپەروەرانە بێت، ئا لێرەدا ئۆجەلان دەپرسێت: ئایا دەشێت محەمەد (د.خ) بە پێغەمبەری خۆت دابنێیت و بە ناوی ڕێبازەکەیەوە نکۆڵی لە هەبوونی وڵاتێک بکرێت؟ کۆمەڵێک مرۆڤ بخرێنە ژێر زەبر و زەنگ و فشار و هەموو جۆرە ئەشکەنجە و داگیرکارییەک بەسەریاندا بسەپێنرێت؟ لەهەمانکاتدا بەناوی ئیسلام و فەرموودەی پێغەمبەریشەوە پشتگیری لەو دۆخە بکرێت؟ ئەمە گەورەترین خراپەکارییە و یەکێکە لە گەورەترین گوناهەکان.
ئۆجەلان ڕووی دەمی دەکاتە ئەو موسڵمانانەی، کە کوێرانە بە ناوی دینەوە پشتیوانی لە ستەم و داگیرکاریی و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران و دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکەن لەسەر گەلی کورد و دەڵێت: کاتێک ئیسلام دەرکەوت بزووتنەوەیەکی هۆشیاریی بوو لەدژی چینی باڵادەستی جاهیل (بتپەرەستەکان)، خودایەکی دادپەروەر دروستکردنی سیستمەکەی لەسەر ڕووی زەوی، ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە کۆیلایەتی و جەهالەت ئامانجی سەرەکییەتی، ئەمە ڕێگای ڕووناکییە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات، لەو سەردەمەدا خودی پێغەمبەر فەرموویەتی، کە عەرەب لە هیچ نەتەوەیەکیتر باڵاتر نییە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەندە ڕەش پێست و سپی پێستەکاندا نییە، ئەگەر نکۆڵی لەم ڕاستییانە ناکرێت، ئەی ئەمڕۆ چۆن ئەوەندە جیاوازی دەخرێتە نێوان، کورد و تورک و کورد و عەرەب و کورد و فارسەوە، تەنانەت ناوی کورد قەدەغە دەکرێت و نکۆڵی لێدەکرێت؟ ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی موسڵمانن، ئەوکات ئەو نادادپەروەرییە چۆن ڕوون دەکەنەوە کە لە ژێر ناوی ئیسلام دەیکەن؟ ئەم نا یەکسانییە چۆن ڕوون دەکەنەوە؟
ئۆجەلان دەپرسێت: چۆن ئەم نا یەکسانییە لەلایەن موسڵمانان و زانایانی ئاینی و مەلاکانەوە پەسەند دەکرێت؟ ئەگەر ئەمانە ساختە و دووڕوو و ڕیاکار و درۆزن نین و ئیسلام بۆ کۆکردنەوەی پارە بەکارناهێنن، ئەی ئەمانە کێن؟
ئۆجەلان پێیوایە ئاین و ئیمان بۆ ئازادیی بوونیان هەیە و دەڵێت: ئەوەی باش لە موسڵمانێتی تێدەگات و دەیناسێت، ئەگەر لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کار و خەبات نەکات ئەوا هەڵەیە، ئەوەی کە دەڵێت من کەسێکی ئاینیم و تەنها نوێژ دەکەم و ڕۆژی دەگرم بۆیە ڕاست و دڵسۆزم ئەوەش هەڵەیە، بەر لە هەموویان پێویستە کار و خەبات بۆ نیشتمان و وڵات بکرێت، بۆ سەربەخۆیی و شەرەفی مرۆڤایەتی، یەکەم دەرکەوتنی ئیسلامیش بەم شێوەیەیە، بەڵی مەزنبوونی موسڵمانێتیش لەوەدایە، شۆڕشی ئیسلام بۆ بڵند بوونی شەرەفی مرۆڤایەتی بوو، بۆ سەربەخۆیی و ئازادی مرۆڤایەتی بوو، لەدژی کۆیلایەتی و نادادی و ستەم و بوو، ئەم ڕاستییانە زۆربەیان لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکاندا هاتووە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتی دیکە
بابەتە پڕبینراوەکان




















