<

تێڕوانینی 30 ساڵ لەمەوپێشی ئۆجەلان سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد

31/05/2026, 14:41 (GMT+1)
هەوڵەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لانی کەم دەگەڕێتەوە بۆ 30 ساڵ لەمەوبەر. لەم چوارچێوەیەدا هەم لەگەڵ دەوڵەتی تورک و هەم لەگەڵ شاندە نێونەتەوەییەکاندا چەندین دیداری ئەنجامداوە. یەکێک لەم دیدارە گرنگانە، پرۆتۆکۆڵێکە لەگەڵ شاندێکی نێونەتەوەیی واژۆ کراوە کە لە ناو ڕای گشتیدا زۆر ناسراو نییە.
لەسەر بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندەکە لە 25-26 ئایاری  1996 چوونە دیمەشق، شاندەکە پێکهاتبوو لە: جێگری سەرۆکی ئەو کاتی یەکێتیی نێونەتەوەیی پزیشکان بۆ ڕێگری لە شەڕی ئەتۆمی پرۆفیسۆر ئولریچ گۆتشتاین، پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی پرۆفیسۆر نۆرمان پایچ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان ئولریچ ئەلبرێخت و هانس برانشایدت بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی مێدیکۆ. شاندەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دیمەشق بوونە میوانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لە ئەنجامی دیدارەکاندا پرۆتۆکۆڵێک ئامادە کرا و واژۆ کرا. لەو کاتەدا لە بەڵگەنامەکەدا بانگەواز و داواکاری ئاڕاستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، تورکیا و ئەڵمانیا کرابوو. سەرەڕای تێپەڕبوونی 30 ساڵ، ئەو داواکاری و بانگەوازانە هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و گرنگییان هەیە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەمیشە هەموو هەنگاوێکی بۆ چارەسەری بە ئەرێنی پێشوازی لێکردووە، بەڵام دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکان لە خاڵی بێچارەسەریدا چەقیون.
"پرسی تورک"
پێناسەکردنی کورد وەک "کێشە"، تێڕوانینێکە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان پەرەی پێدراوە. هەرچەندە پرسەکە تەنها بە کوردەوە سنووردار دەکرێت، بەڵام کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە کە لە پرۆسەی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا لەسەر ئەم جوگرافیایە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازی پەرەی پێدراوە، بابەتەکە دەچێتە ئاستێکی جیاوازەوە. کورد لە دژی ئەم تێڕوانینە سەپێنراوانە بەرگری کردووە، ڕاپەڕیوە و هەوڵی بۆ چارەسەری داوە. بەتایبەتی بە پەیمانی لۆزانی 1923، جوگرافیای کوردستان لەسەر بنەمای سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە" وەک "کێشەیەک" کۆتکرا. دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە و پەرەپێدانی پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆنی ناسنامە نەتەوەیی و کەلتوورییەکان، ئاڵۆزترین دۆخی کێشەکەی دروستکرد. لەم قۆناغەدا تورکبوون وەک ناسنامەی سەرەکی سەپێنرا. لێرەدا بابەتەکە لە "پرسی کورد" دەرچوو و شێوەی "پرسی تورک"ی گرتە خۆ؛ ناسنامەی کورد، زمان و کەلتوورەکەی قەدەغە کرا. ڕاپەڕینەکانی وەک شێخ سەعید، کۆچگیری و ئاگری لە ساڵانی 1920 و 1930 لە دژی ئەم سیاسەتانە سەریانهەڵدا.
"پشتیوانی دۆستان"
بەو تێڕوانینەی کە "توندوتیژی تەنها لە دەستی دەوڵەتدایە"، تێکۆشانی بوونی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سەرکوتکرا و ئەم تێکۆشانە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە تاوان ناسێندرا. نموونە هەرە کێشەدارەکانی ئەم تێڕوانینە کە قوربانیی گۆڕی بۆ تاوانبار، لە ئەوروپا و بەتایبەتی لە ئەڵمانیا پەرەیسەند. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتان، پشتیوانی دۆستانی گەلی کورد هەرگیز کەمی نەکرد. لە 26ی تشرینی دووەمی 1993دا لە ئەڵمانیا بە پاساوی قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەکەکە، داواکارییەکانی کورد بۆ مافەکانیان ڕووبەڕووی تاوانبارکردنێکی سیستماتیک بووەوە.
"گۆتشتاین پزیشکی ئاشتی"
پرۆفیسۆر دکتۆر ئولریچ گۆتشتاین، کە ساڵانێکی زۆر چالاکوانی ئاشتی بووە، یەکێک بوو لەو کەسایەتییە نموونەییانەی کە پشتیوانی گەلی کوردی کرد. گۆتشتاین بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە و گەیشتنی کورد بە مافەکانی تێکۆشا. کاتێک لەژێر چەتری ڕێکخراوی ئەڵمانی (IPPNW) کە سەرۆکی فەخری بوو چالاکیی دەکرد، لە مانگی ئایاری 1996دا لەگەڵ پرۆفیسۆر نۆرمان پایچ، پرۆفیسۆر ئولریچ ئەلبرێخت و هانس برانشایدت لە دیمەشق سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد. ئولریچ گۆتشتاین کە ساڵی ڕابردوو لە 30ی کانوونی یەکەم لە تەمەنی 99 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، وەک "پزیشکی ئاشتی" دەناسرێت.
"سڵاوم بگەیەنن بە عەبدوڵا ئۆجالان"
گۆتشتاین جگە لە کارە پزیشکی و ئاشتیخوازییەکانی، پشتیوانییەکی زۆری بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە و مافەکانی کورد پیشاندا. لە 17ی تشرینی یەکەمی  2014 کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، منی بۆ سیمینارێک لە ماڵەکەی خۆی بانگهێشت کرد. کاتێک لەوێ نزیکەی 40 پزیشکم بینی، سەرسام بووم. لەو شەوەدا کە پڕ بوو لە جۆش و پشتیوانی، باسی ئەو دیدارەی کرد کە لە دیمەشق لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامی دابوو. هەرکات وەک کەس یان وەک دامەزراوە داوای ڕاوێژ و پشتیوانیمان لێ کردبایە، بێ وەڵام نەیدەهێشتینەوە. لە نێوان ساڵانی  2018 - 2019   لە کاتی مانگرتن لە خواردن بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەگەڵ هاوڕێیەکم چووینە سەردانی تا باسی کارە پێویستەکان بکەین. باسی زۆر بابەتمان کرد. وتی: "نازانم لە بیری ماوم یان نا، بەڵام ئەگەر بارودۆخ گونجاو بوو سڵاوم بگەیەنن بە عەبدوڵا ئۆجالان". هەرچەندە دوای مانگرتنەکە هەندێک دیداری پارێزەران پێکهات، بەڵام لە ساڵانی دواتردا کە گۆشەگیری قورستر بوو، دەرفەت بۆ گەیاندنی سڵاوەکە دروست نەبوو. لە دیدارەکەماندا وتی: "عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردەیەکە کە زۆر کراوەیە بۆ چارەسەری" و جارێکی تر باسی دیداری ساڵی 1996ـی دیمەشقی کردەوە.
"بەڵگەنامەکە چۆن دۆزرایەوە؟"
گۆتشتاین لە گفتوگۆکەماندا ئاماژەی بەوە کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کردووە سیاسەت بۆ چارەسەری پەرەپێ بدات و کورد لە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی یاسادا خۆیان ڕێکبخەن، وتیشی کە دەقێکی واژۆ کردووە کە چەندین بابەتی تری تێدایە. کاتێک پرسیمان بەڵگەنامەکەت چی لێکردووە؟ وتی: "ئەو بەڵگەنامەیەی عەبدوڵا ئۆجالان واژۆی کرد، دوای گەڕانەوەم لە دیمەشق ڕادەستی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیام کرد، کۆپییەکی تریشم لە ئەرشیفی خۆمدا پاراستووە." بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەو کاتەش بانگەوازی بۆ دەسپێشخەری ئاشتییانە لەلایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە دەکرد. ئەم بەڵگەنامەیە کە 30 ساڵ لەمەوبەر واژۆ کراوە، هێشتا لە تێکۆشانی کورددا بابەتی ڕۆژە. سەرەڕای سیاسەتە بێچارەسەرییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا لە 30 ساڵی ڕابردوودا، تێڕوانینی چارەسەریخوازانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک خۆی بە گرنگی ماوەتەوە. تشرینی دووەمی ڕابردوو ویستم سەردانی بکەم و کۆپییەکی بەڵگەنامەکەی لێ وەربگرم، بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی دیدارەکە دواخرا. دوای کۆچی دوایی ئەو، بەڵگەنامەکە لە ناو ئەو دۆسیانەی کە خێزانەکەی ئەرشیفیان کردبوو بۆ من نێردرا.
"نۆرمان پایچ: هێشتا گرنگیی خۆی پاراستووە"
نۆرمان پایچ، پارێزەرێکی تەمەن 88 ساڵ و پرۆفیسۆری خانەنشینی زانکۆی هامبۆرگ کە لە شاندەکەدا بوو، ڕایگەیاند کە پشتیوانی خۆی لەگەڵ گەلانی ژێردەستە و بەتایبەت گەلی کورد بەردەوامی پێ دەدات. پایچ وتی: "ئێمە پشتیوانیمان خستووەتە چەقی ژیانمانەوە. لەگەڵ ئولریچ گۆتسیین و هاوڕێیانمان، لە تەنیشت گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادییان وەستاوین و لەم هەڵوێستەمان بەردەوام دەبین."

"بەڵگەنامەی دیدارەکە"
نۆرمان پایچ بەم شێوەیە باسی بینینەکانی خۆی دەکات: "کاتێک من و ئولریچ ئەلبرێخت و ئولریچ گۆتشتاین لە ئایاری 1996 بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجالان بەرەو دیمەشق بەڕێکەوتین، پەکەکە وەک ئێستا لەلایەن سیاسەت و میدیا و دادگاوە وەک 'ڕێکخراوێکی تیرۆریستی' و ئۆجالان وەک 'تیرۆریست' ناودەبرا. ڕای گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ هیچ کات سۆزێکی زۆری بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی ئەفریقا نەبوو. هەموو سەرکردەکانی وەک نێڵسۆن ماندێلا، سام نۆجۆما، ئاگۆستینهۆ نێتۆ یان لویس کابرال تا ئەو کاتەی ڕژێمە داگیرکەرەکانیان تێکنەشکاند و سەربەخۆیی وڵاتەکانیان بەدەستنەهێنا، وەک 'تیرۆریست' هەژمار دەکران. بۆیە ئەو کاتە وەک ئێستا، پەیوەندیکردن بەم جۆرە ڕێکخراوانە مەترسیداربوو. لەبەر ئەوە ئولریچ گۆتشتاین نەیویست ئەمە وەک پەیامێکی سیاسی لەلایەن ڕێکخراوەکەیەوە (IPPNW) بێت و ویستی بە نهێنی بمێنێتەوە. گۆتشتاین بیرمەندێکی ئازا و سەربەخۆ بوو، ئەو بیرۆکەکانی ئۆجالانی سەبارەت بە ئاشتی و یەکسانی و داهاتووی گەلی کورد بە بێلایەنانە وەرگرت. لە کۆتایی دیدارەکەدا دەقێکی کورت بە واژۆی عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەکرا. ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ئەو وەک بەڵگەیەک بوو کە ناوەڕۆکەکەی باسی ئاشتی، سەربەخۆیی، یەکسانی و داهاتووی گەلی کورد بوو."
"دوو بڕیاری عەبدوڵا ئۆجالان..."
پایچ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان ئەو کاتە دوو بڕیاری گرنگی دابوو: یەکەم دەستبەرداربوون لە ئامانجی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و دووەم دەستبەرداربوون لە تێکۆشانی چەکداری و وتی: "لەمەودوا دەبێت ئامانج ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری بێت لە ناو سنووری هەر دەوڵەتێکدا. ئەم دوو بڕیارە پەیوەندییەکی توندیان بەیەکەوە هەبوو.
ئۆجالان گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە گەلی کورد لە چوار دەوڵەتدا (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) دابەش بووە و هێشتا هەستێکی هاوبەشی ناسنامەی نەتەوەیی بەو ئاستە گەشەی نەکردووە کە ببێتە دەوڵەتێکی یەکگرتوو. ئەم تێڕوانینە لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا لەگەڵ بڕیارەکانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەفریقا (OAU) هاوتەریب بوو، کە پێیان وابوو مافی دیاریکردنی چارەنووس نابێت تەنها لە جیابوونەوەدا ببینرێت، بەڵکو دەبێت لە دابینکردنی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەریدا بێت.
ئۆجالان تێڕوانینی دەوڵەت-نەتەوەی کلاسیکی ئەوروپای ڕەتدەکردەوە و بەرگری لە کۆنفیدرالیزمی گەلانی سەربەخۆ دەکرد. هەروەها ئەو مەترسییانەی دەبینی کە ئەگەر کورد لە چوار بەش بۆ دەوڵەتێکی هاوبەش ڕاپەڕن، ئاشتی و ئاسایش ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە. ئۆجالان ئەم تێڕوانینە پێشکەوتنخوازەی تەنها لەو دیدارەدا باس نەکردبوو، بەڵکو تەڤگەری کوردیش بەردەوام دەریان دەبڕی، بەڵام میدیا و حکومەتەکانی ئەوروپا گوێیان لێ نەدەگرت، چونکە ئەمە دژی بەرژەوەندییەکانیان بوو لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ.
لانی کەم ئولریچ گۆتسیین زۆر کاریگەر بوو بەم تێڕوانینە و پلانی دادەنا پەیوەندی لە نێوان IPPNWی ئەڵمانی و دامەزراوە هاوشێوەکانی تورکیا دروست بکات. لە یەکەم سەردانیدا بۆ تورکیا منیش لەگەڵیدا بووم. ئەو بەردەوام بوو لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئاشتی و گەلی کورد، بەتایبەتی دکتۆر گیزێلا پێنیتکەر ڕۆڵێکی زۆری لە بەردەوامکردنی بیرۆکەکانی گۆتسییندا هەبووە."

ئەمەش دەقی پرۆتۆکۆڵەکەی نێوان ڕێبەر ئاپۆ و شاندەکەیە:
دیدار لەگەڵ سکرتێری گشتیی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان
1996-05-26، دیمەشق
سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێنین، بەڵام سوپای تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی." ئۆجالان ئەم قسانەی ڕۆژی شەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ زانایانی ئەڵمانی پرۆفیسۆر ئولریچ ئەلبرێخت، ئولریچ گۆتشتاین لە IPPNW، پرۆفیسۆر نۆرمان پایچ و هانس برانشایدت لە مێدیکۆ ئینتەرناشناڵ دەربڕی. ئۆجالان ڕایگەیاند کە پەکەکە بەدوای جوداخوازیدا ناگەڕێت. ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لە ڕووی ئابوورییەوە ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و "ڕێگە بۆ شەڕێک خۆش دەکات کە زیاتر لە سەد ساڵ بخایەنێت." وتیشی ئامانجی ئەو گەیشتنە بە یەکسانییەکی تەواوی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد لە ناو دیموکراسییەکی فیدراڵ و ئۆتۆنۆمییەکی کەلتووریدا. ڕایگەیاند کە بەم شێوەیە دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردی تێدا دەژین، "پردێکی فیدراسیۆن" دروست بکات.
ئۆجالان ستایشی دامەزراوە دیموکراتیکەکانی ئەڵمانیای فیدراڵی کرد و وتی لایەنگرانی پەکەکە بەرپرسیارن لەوەی بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە دیموکراتانەی لێی دەژین بجوڵێنەوە.
ئۆجالان بە جەختکردنەوە داوای کرد کە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی شەڕ لە تورکیا، دەبێت لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا دادگایی بکرێن. پەکەکە بە پێچەوانەی تورکیاوە، پرۆتۆکۆڵی یەکەمی 1977ی پەیماننامەی جنێڤی 1949ی واژۆ کردووە. ئۆجالان ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک هێرش ناکەنە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و پێویستە کۆمەڵکوژی دژی مەدەنییە کوردەکان و چۆڵکردنی گوندەکان لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت.
پەکەکە بۆ دروستکردنی دیالۆگێکی نێونەتەوەیی هەوڵ دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە باشترین ڕێگە سازکردنی کۆنفرانسێکی ئاشتییە سەبارەت بە کوردستان. هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و ئیسرائیل، هیوادارە نێوەندگیرییەکی نێونەتەوەیی ڕۆڵێکی چالاک بگێڕێت.
لە کۆتاییدا بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی تورکیا بەداخەوە وەڵامی ئاگربەستی پەکەکەی لە کانوونی 1995 نەداوەتەوە.
"من پشتڕاستی دەکەمەوە کە لێدوانە سەرەکییەکانم بە دروستی گواستراونەتەوە."
ع. ئۆجەلان،
1996-05-26، واژو
سەرچاوە: ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست

بابەتە پڕبینراوەکان