<

وەزیری ناوخۆی تورکیا: ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین

03/10/2010, 12:00 (GMT+1)
تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی لە دژی بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد. پاش، دیدارەکان لە ئەمریکا، باشووری کوردستان و ئەنکەرە، 11 وەزیری تورکیا چوونە‌ سوریا. دوابەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ کاربەدەستانی سوریا، بەشیر ئاتالای وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکدا گوتی: ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدرێت.
ئەمرۆ، دووەمین کۆبوونەوەی باڵای هاوکاری نێوان تورکیا و سوریا لە شاری لازیقییەی سوریا‌، دەستیپێکرد. لەلایەن شاندی تورکیاوە، 11 وەزیر بە سەرپەرستی وەزیری ناوخۆ بەشیر ئاتالای ئامادەی کوبوونەوەکە بوون. هەردوولایەن، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ڕێکەوتنەکانی نێوانیان کرد و بۆ پێشەڕۆژیش باسیان لە نەخشەیەکی ڕێگا کرد. بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە‌کە، پەکەکە بوو. ئەمەو لەپاش کۆبوونەوەکە بەشیر ئاتالای وەزیر ناوخۆی تورک رایگەیاند: لایەنی سوری لە هەفتەکانی ڕابردوودا، هەندێ ئۆپەراسیۆنی هەستیاری ئەنجامدا. لە داهاتووشدا ئەگەری ئەوە هەیە، ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدرێن و ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکان هەموو بوارەکان دەگرنەوە. ئاتالای ئاشکرای کرد، لە هەفتەی داهاتوودا، بەهەمان ئامانج سەردانی ئێرانیش دەکات و ووتی: لەوانەشە دیسانەوە سەردانی سوریا بکەمەوەو پێداگیری لەسەر ئەوەش کرد کە لە ئێستادا هیچ گرفتێکیان لەگەڵ سوریادا نییە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست