ڕاگەیاندنی؛ دەستەی ڕاپەڕینی هەڵەبجە و شارەزوور
31/01/2011, 12:00 (GMT+1)

خەلکی دادپەروەر و ئازادیخوازی کوردستان ئێمە کۆمەلێک لە خەڵکی ئامادەین بۆ ڕاپەرین و هاتنەمەیدان لە دژی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و خۆسەپێنی بنەماڵەی خێڵەکی بارزانی و تاڵەبانی. هاوکات دەستەی ڕاپەڕین لە هەڵەبجە و ناوچەی شارەزوور لە ڕێگەی ئەم بەیاننامەوە رادەگەیەنین.
ئێمە بانگەوازی خەلکی ئازادیخواز دەکەین لە هەموو کوردستان کە با هەموومان پێکەوە لەپاڵ بزووتنەوەی ئاڵوگۆڕ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی گەڕانەوەی حورمەت و کەرامەتی مرۆڤایەتی بێینە مەیدان و بەتەواوی ئامادەبین بۆ ڕاپەڕینیکی سەرتاسەری و کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕەش و گەندەڵ و دیکتاتۆری حیزبەکان ، بەتایبەت حیزبی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی.
با بێینەمەیدان و هاواری خۆمان لەدژی ستەمکاران بەرزکەینەوە، ئەو هاوارەی کە چەندان ساڵە لە ویژدانماندا پەنگی خواردۆتەوە دژی زوڵم و ناعەدالەتیەک کە بەرامبەر بە خەڵکی ئەم ناوچەیەکراوە. کات درەنگ بووە هیچ ڕیگایەک نەماوە کە سوودی هەبێت لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵەدا، دەبێت ڕاپەڕین و بێینەمەیدان و لە هیچ هەڕەشەیەکی دەسەڵاتداران نەترسین.
خەلکی کوردستان ئەوەتا گەردەلولی ئازادی و عەدالەتخوازی هەموو ناوچەکەمانی گرتۆتەوە و یەک لە دوای یەک ڕەشمالی ڕزیووی دیکتاتۆرەکان ڕادەماڵیت، هەرئێستا لە کوردستانی ئێمەشدا باشترین کاتە بۆ ئەوەی بەیەکجاری دەسەڵاتی خێڵەکی بارزانی و تاڵەبانی و ڕەشمالە بۆگەن و گەندەلەکانیان بە کەمترین ماوە هەڵپێچین. لەگەڵ ئەم روداوانەدا خەڵکی کوردستان دەبێت ئاگاداربن کە حیزب و لایەنە نۆکەر و خۆفرۆشەکانی ولاتانی ناوچەکە لە ژێر هیچ ناویکی دینی و ئیسلامیدا سواری شانی خەلک نەبن و خۆیان نەکەنە خاوەنی راپەرین. ئەو حیزبە نۆکەرانەی کە میدیا و بارەگاکانیان بە پوڵ و لیرە و ریاڵی دوژمنانی خەلکی کوردستان دامەزراندووە ئەوانیش دەبیت هەلپێجرێن، هەلپێچرانی ئەوانیش زەنگێکە بۆ دوژمنانی خەلکی کوردستان کە ئیتر بەسە سیدارە و کوشتنی رۆلەی خەڵکی کوردستان. خەڵکی کوردستان با ئەم ڕاپەرینە دەستپێبکەین بۆ ئەوی ئیتر بە ئاسوودەی بژین و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دامەزرێنین.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









