<

ڕاپەرین تاکە فریادڕەسی میللەتە

06/12/2011, 12:00 (GMT+1)




دەسەڵاتی ئێستاو ٢١ ساڵی ڕابردووی کوردستانی باشوور تەنیا خۆی لە سەرانی یەکێتی و پارتی دا دەبینێتەوە، ئەوانیش درێژ کراوەی عەقلییەتی بەربەریی سەددام و حوسنی موبارەک و زەیندین بن عەلی و عەبدوڵڵا ساڵحن و دەبێت چارەنووسیشیان لەگەڵ ئەواندا بپێچرێتەوە، ئەوان نەك لەسادەترین بنەمای کۆمەڵگای مەدەنی حاڵی نین ، بەڵکو هیچ بنەمایەکی حوکمێکی هاوچەرخییان تیا نەهاتووەتە دی، هونەرمەندی کوشتارو تێکدان و نۆکەرایەتی و دزین و تەنانەت نەیانتوانیوە کارەبا دابین بکەن کە مافێکی زۆر سەرەتایی هاوڵاتییانە، تەنیا گوتەیەکیش کە لێی حاڵی دەبن بریتیە لە گورزی تۆڵەی میللەت، کە هەقی هەموو تاوانە یەکلەدواییەکەکانیان لێ بکاتەوەو چیدی نەهێڵن ببنە کەڵەگا بەسەر میللەتەوە، باوەڕ بکەن بەڕێزان جگە لەم ڕێگەچارەیە هیچ ڕێگە چارەیەکی تر نییە ئەگینا دەبێت چاوەڕوان بین نەوەکانیشیان وەک خۆیان بێن و بمانبڕن و بمانکوژن و ئێمەش چەپڵەیان بۆ لێبدەین. مرۆڤ یەك جار دەژی ئەو جارەش بە کەرامەت و ئازادیی بژی، یەکجاریش دەمرێت ئەویش لە پێناوی دادپەروەریی و ئازادییدا بێت.

وا ٢١ ساڵ لە دەسەڵات و حوکمی جەردەییان تەواو بوو کەچی هەر بەوە هەڵمان دەخەڵەتێنن کە گوایا حوکمەتەکەیان ساوایە؟ ئەمە بە ساوایی ئاوها زوڵم و ستەم دەکات ئەی ئەگەر گەورە بوو و پێی گرت دەبێت چی بکات؟. بەڵێ میللەت کردی و ئەوان خواردیان، کەچی ڕۆنی خۆمان ئەدەن لە سمێڵی خۆمان و ئەو خەباتەمان پێ دەفرۆشنەوە کە میللەت کردی و خۆیان ئەکەن بە خاوەنی، لە کاتێکدا لای زۆربەمان مەلەفی گەورەی خیانەتییان ڕوونە و سەری هەرکەسێکیش ئەکوتنەوە بیانهێنێتە ئاراوە.

ئەوە یاسایەکی لۆژیکییە کە هەر میللەتێك هەوڵ نەدات خۆی بگۆڕێت و مافەکانی بسەنێت ئەوا دەبێت هەر بە کۆیلەیی بمێنێتەوە لە کاتێکدا کە زەمەنی ئازادیی میللەتانە و زۆر کەم میللەت ماوە بەدەست دەسەڵاتی مافیاو گەندەڵ و خائینەوە بجەوسێنرێتەوە.

ئەی خوێنەری کوردزمانی خۆشەویست لەهەر کوێیەکی دنیاییت من ئەم وتارەم لە ناخی دڵەوە بۆ شاهێدیی مێژوو نووسیوە کە هیچ ڕۆژێك لەمڕۆ به هەلێکی باشتردانانرێت بۆ بڕینەوەی ئەم شێرپەنجەیەی تووشی جەسەدی میللەت بووە و کە خۆی لە دە سەڵاتی خێڵەکی مەسعوودو جەلالدا ئەبینێتەوە ، وە تا ئەو دوو میکرۆبە مابن هەرگیز میللەت پشوو نادات و ناگاتە هیواکانی، ئەوان لە هەموو بوارێکدا دۆڕاون و هیچیان پێ نییە لە ئیجابییات پێشکەشی بکەن و میللەتیش تا چاوەڕوانی ئەوان بێت ئەوا دەبێت هەر بە زەلیلی بمێنێتەوە.

توخوا دەستم دامێنتان با چیدی بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی نەکەینەوەو ئەوا وامان لێ نەکات قوڕو قەپ وەکو تەماشاکارێك دابنیشین و ئەو ازرگانانەی سیاسەت تەنانەت کەرامەتیشمان بفرۆشن، با هەموو میللەت دەست بخەنە دەستی یەك و وەکو میللەتە هوشیارەکانی دنیا هەرەس بە کۆشکی زوڵم و ستەمی مەسعودو جەلال بێنین و ئەوساش بە دادگای ڕەوای میللەتییان بگەیەنین، بارودۆخەکان هەمووی ئاماژەی تەقینەوەی ڕقی پەنگ خواردووی میللەت دەکەن بە ڕووی مافیاکانی دەسەڵاتدا، تۆش هاوڵاتی خۆشەویست ویژدانت مورتاح بکە لەو ڕاپەڕینەدا و خۆت مەخەرە بەر لێشاوی ڕقی میللەت و نەفرەتی مێژوو بەوەی کە ببیتە داردەستی ئەو دەسەڵاتە مافیایە، دڵنیابە ئەو موچەیەی وەریدەگریت نە خێرو سەدەقەیەو نە بەخشیشی دەسەڵاتە تا منەتت بەسەردا بکەن بەڵکو زۆر لەوەش زیاتر بەر هەر تاکێکی میللەت دەکەوێت لە بودجەی وڵات گەر بە شێوەیەکی دادوەرانە دابەش بکرێت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست