ئاســـــۆ داخــــرا و نوخشەش لە رووداو
22/10/2011, 12:00 (GMT+1)

بەهەمان شێوە رۆژنامەى رووداو بە پالپشتى بەهێزى مادى نێچیرڤان بارزانى بە ناوى رۆژنامەى سەربەخۆ و ئەهلیەوە خۆى خزاندە سەرشەقام. خۆ ئەگەر بهاتبایەو ئەو رۆژنامەیە بە هەقیقەت رۆژنامەیەكى بێ لایەن بوایە و چاوشۆرى دەست حیزبێك نەبووایە لە مێژووى رۆژنامەگەرى كوردى شوێنێكى بۆخۆى دەكردەوە بەڵام لەبەر ئەوەى شێوەى كاركردنیان بەردەوام لە ئاستێكى جێگیر دانیە و لە هەندێك كاتدا ئەوەندە بە زەقى پاڵپشتى خاوەن ماڵەكەى خۆى دەكات كە زۆر بە زەحمەت بۆت جیا دەكرێتەوە لەگەڵ رۆژنامەیەكى وەكو رۆژنامەى خەبات كە زمانحاڵى پارتى دیموكراتى كوردستانە و تەنانەت بۆ سەرنج راكێشانى خوێنەرانى بە سەدان جار بە مانشێتى زۆر گەورە خوڵقێنەرى هەواڵى زۆر نا راست و دوور لە واقیع بڵاوكراوەتەوە كە بۆتە هۆى ساردبوونەوەى خەڵك لە چاودێریكردنى ئەو رۆژنامەیەى كە متمانەیان پێى هەبوو. ئەوە سەرەراى ململانێى سەرنووسەر و كادیرە دامەزرێنەرەكانى ئەو رۆژنامەیە لەسەر ئیمتیاز و داهاتە مادیەكان كە بۆتە هۆى كاڵبوونەوەى هێزى رۆژنامەكە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاى دروستبوونى. بەو بەڵگەیەى كە ناكۆكى نێوان نورەددین سەعید وەیسى دامەزرێنەرى رۆژنامەكە و ئاكۆ محەمەدى سەرنووسەرى رووداو چەندین هەقیقەتى دەرخست لەوانە گڵ دانەوەى زۆربەى ئەو میزانیەیەى كە بە 100 ملیۆن دینار مەزەندە دەكرێت لە مانگێكدا لەلایەن ئاكۆ محەمەدەوە بە سیفەتى سەرنووسەرى رۆژنامەكە كە راستەو خۆ لە مەكتەبى نێچیرڤان بارزانیەوە بۆیان رەوانە دەكرێت لە كاتێكدا كە زۆربەى هەرە زۆرى كارەكانى ئەو رۆژنامەیە لەلایەن بەرێوبەرى نووسین و چەند پەیامنێرێكى لێهاتوو بەرێوەدەچێت و هێزى رۆژنامەكە دەردەخەن.

لەبەر ئەوەى ئەو رۆژنامەیە لە پێشەوەى گەندەڵیەكانى هەرێمى كوردستانە بە بەفیرۆدانى 100 ملیۆن دینار لە مانگێكدا لە كاتێكدا ئەو رۆژنامەیە خۆى بە بێ لایەن هەژماردەكات و زۆربەى پارەكەش بۆ سەرنووسەرەكەی دەروات كە پشكى شێرى دزیەكانى ئەو رۆژنامەیە. بۆیە زۆر لەجێى خۆیدایە هاوشێوەى دكتۆر بەرهەم بەرێز نێچیروان بارزانیش هەڵوێستى جوامێرانەى خۆى نیشان بدات و واز لە تیرۆركردنى رۆژنامەى ئازاد بێنێت و رووى زەردى رووداو رەشكاتەوە و رۆژنامەكە دابخات.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









