<

ئەگەر دەنگ بدەن بە من ببمە سەرۆكى هەرێم .ئەزانن چیتان بۆ دەكەم ؟؟

10/06/2010, 12:00 (GMT+1)

دەنگ دەدەن بە من ,یان كاك ئاكۆى نوسەرى بابەتى من عاشقى كورسیەكەى سەرۆكم,,یان مەسعود بارزانى ؟؟


بەڕێزان سڵاو ..
منیش بە نیازم ببمە ڕكابەرى بەڕێز كاك ئاكۆ كە بابەتەكەى بە ناونیشانى (من عاشقى كورسیەكەى سەرۆكم)نوسیبوو, هەروەها ڕكابەرى هەمووان مەسعود بارزانى بۆ ئەوەى خۆم كاندید بكەم بۆ پۆستى سەرۆكى هەرێم .,بەڵام یەك بەربەستى یاسایى لەبەردەممدا هەیە ئەویش تەمەنەكەمە كە من ئێستا تەمەنم تەنها 22 ساڵە .

وە چەند بەربەستێكى نیشتمانى و نەتەوایەتى ترسم هەیە بێتە ڕێم وەك ئەوەى جاشایەتى و خیانەت و شت نازانم چیە.كەسیش لە تورك و عەجەم ناناسم تا ببوبێتمە چاوساغ و ڕێنیشاندەرییان و دەستیان بگرم بیانهێنمە پایتەخت بۆ پەرلەمان بە خۆیان و دەبابەكانیانەوە .

وە شتێكى تریش كە لێى دەترسم كە ببێتە بەربەست لەبەردەم بونم بەسەرۆكى هەرێم ئەوەیە كە لە داستانى گەورەى 74 و 31ى ئابدا بەشداریم نەكردووە .چونكە لە 74 نەبوم لە دایك و لە 31ى ئابیشدا تەنها 8 ساڵ تەمەنم بووە .

جا مەعلومى جەنابیشتانە كە هەموو ئەو خاڵانەى لەسەرەوە عەرزم كردن ئەمانە پێیان دەوترێت (خیانەتى عوزما)كە لاى ئێمە واتە لاى بنەماڵەى بارزانى =شۆڕى عوزما و خەباتى نەتەوایەتى و نیشتمان پەروەرى پێ دەوترێت .


بەڵام ئەوەى كاك ئاكۆ بیرى چووە لەو كارنامە و بەرنامەیەى پێشكەش بەجەماوەرى دەنگدەر بكات ئەوا من بڕیارم دا بیكەمە خاڵى سەرەكى و جەوهەرى كارنامە و بەرنامەكەم بۆ پۆستى داهاتووى سەرۆكى هەرێم ئەگەر دەنگتان پێدام.

بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر متمانەى خۆتانتان پێبەخشیم بۆ ئەوەى بمكەنە سەرۆكى هەرێم ئەوا جگە لەو خاڵانەى كاك ئاكۆ كە لە بەرنامەكەى منیشدا هەیە .دەبێت كە چوومە سەردان بۆ دەرەوەى وڵات جارێ یەكەم كارم بێم بۆ تەلەبە عاقڵەكانى پەرلەمان وتارێك بخوێنمەوە لە بەردەم ئەو شوێنەى ناوى پەرلەمانە و بە ئەندام مەكتەب سیاسیەكەشم بڵێم كە دەكاتە سەرۆكى پەرلەمان ڕۆژێك پێشتر لەگەڵ سەرۆكى فراكسیۆنەكانى ناو پەرلەمان بەتایبەت ئۆپۆزسیۆنە ئێسك قورسەكان كۆ بێتەوە و پێیان بڵێ بە هیچ جۆرێك كەس بۆى نیە و حەدى نیە فزە بكات و لە ئاست مندا بڵێت لەل و بە تەنها ئەبێت وەك تەلەبەیەكى عاقڵ دەست بخەنە سەردەمییان لەسەر ڕەحلەكانى پەرلەمان .

دواتر دەچم بۆ ئەو شوێنەى كە خەڵك پێى دەڵێت پەرلەمان و وتارەكەم دەخوێنمەوە بەڵام وەك وتم كەس حەدى نیە قسە لە قسەمدا بكات و كفرى وا بكات پرسیار بكات بڵێت ئەرێ بۆ كوێ ئۆغر دەكەیت و بۆچى ؟چونكە هەمووتان باش دەزانن كە من بە پارەى چاپى نوێ لە 70%ى كوردستان (هەولێر و بادینان) تەزویریان عەفوەن دەنگیان پێداوم .

دواتر لە وتارەكەم تەنها بە دوو دێڕ دەڵێم ئەوە من دەڕۆم ,ئەوەى كە دەمێنێتەوە كۆڵێك قسەى سوك و جوێن و چاوسوركردنەوە و سنور بۆ كێشان دەبێت بۆ ئەو میدیایانەى كە بونەتە چقڵى چاوم و فەوزایان دروستكردووە ,ئەمە چیە پاشكۆى ناوى پارتەكەم دیموكراتى پێوەیە پێیان لێ ڕاكێشاوە بە ناوى میدیاى ئازادەوە هەرچى من پێم ناخۆشە دەیكەن و دەیڵێن .

وە لێرە بە سەرۆكى دیوانى چاودێریەكەم دەڵێم كەش و فش و هات و هاوارێك ساز بكات گوایە من وەك سەرۆكى هەرێم دەعوەتى كردوم توركیا,بەڵام كە گەیشتمە توركیا ئەوەى بیرم نەمێنێت و نەمابێت و بۆى نەچوبێتم مەسەلەى كوردە تەنها ئەوەندەم لە بیرن كە بە توركیاى دۆستى خۆم و باوكم و بنەماڵە و باوو باپیرانم بڵێم بۆ تەمێ كردنى ئەو كوردانەى لاى خۆتان واتە پەكەكە چییان لە دەست دێت بیكەن و درێغى نەكەن و كوێشیان دەوێت دەستنیشانى بكەن نەك تۆپباران حەزدەكەن قومبلەى زەڕەى پێوە بنێن .

گوێش نادەم بەوەى نەك هەر ئاڵاى كوردستان دانەنێن بەڵكو مەسینە و تەپڵەك و شتى وا بخەنە پشت سەرمەوە چونكە من ئەوەندە كۆڵم نە بە كوردستان وە نە بە ئاڵاكەیەوە هەڵنەگرتووە ,ئەگەر ڕۆژنامەنوسێكى دەمدرێژ و دەمدڕواى وەك ئەوانەى لاى خۆمان لەو میدیا ئەهلى و ئۆپۆزسیۆنانەى كە هەن لەوێش لوتى تەقى بە لوتما لە كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا پێى وتم بۆ ئاڵاى وڵاتەكەت لە پشتەوە نیە ئەوا ئاوڕ دەدەمەوە و خۆم گێل دەكەم وەك ئەوەى ئەو دەقەیە زانیبێتم .

بەڵام ئێوە نەخەڵەتێن وا تێبگەن كە من تەریق دەبمەوە بەو شتانە و تەڕ دەبم نا ئێوە نازانن ئێمە تەبیعەتى سۆندەى ئاومان هەیە تەڕبوون كارمان لێ ناكات هەربۆیە مەسینەشیان بۆ دانام چونكە چاك دەزانن عەیارە چەندم و هەر ئەوەندە دەهێنێت نرخەكەم .

وە بیریشتان نەچێت بۆ بەرژەوەندى ئێوەى دەنگدەر و ئازیز و نەتەوە خۆشەویستەكەم گشت سەردانەكانم دەخەمە ئەو كاتانەى كە وڵاتانى دۆست و دراوسێى ئازیزم دێنە كوردستان و ڕەبایە دادەنێن و ڕۆژانە هەزارەها لە دانیشتوانى ئەو گوندانە ئاوارە دەكات ڕە ز باخ و مەڕ و ماڵات و ڕۆحى ئەم خاكە دەكاتە قوربانى گوللە تۆپەكانیان ,ئیتر خەڵك كەیفى خۆیەتى چى لێ بەسەر دێت و كێ تۆپبارانى دەكات ئەبێت تێبگەن ئەو وڵاتانە دۆست و دراوسێمانن و ئەجریان ها بەسەرمانەوە و كەس بۆى نیە دڵیان بشكێنێت و پێیان بڵێت ئەوە چى دەكەن ؟منیش لە كەیف و سەفاى خۆم ناكەوم .هەرچەند داواش بكەن ئەو پەرلەمانتارە داماوانە كە بگەڕێمەوە وا كوردستان تۆبباران دەكرێت من بە كەیفى خۆم دەكەم نەك بە قسەى ئەملا و لا .

ئێستاش دەنگدەرە خۆشەویستەكانم دڵنیام كە بەڕێزتان دەنگ و متمانەى خۆتانم دەدەنێ .هەروەها ئەم پەیامەشم بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆن و میدیا ئەهلى یەكانە.لە داهاتووشدا دڵنیابن ناوەرۆك و خاڵى بەرنامەكەم بۆ پۆستى سەرۆكایەتى هەرێم بەو پەڕى شەفافییەوە دەخەمە خزممەتتان ئەمە تەنها تایبەت بوو بە سەردانەكانم بۆ دەرەوەى وڵات كە بەرنامەكەم ئەو خاڵەش لە خۆ دەگرێت بە شێوەى چڕ و پڕ تا دەنگدەر بەشەفافانە ئاگادارى كار و بارەكانم بێت .

كێ دەنگم پێ دەدات ئێستا ؟؟؟؟
 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست