دەسەڵات بایەخ نادات بە خۆپیشاندانەکان چوونکە دەیخاتە ئەستۆی گۆڕان و کاک نەوشیروان ....بۆچی؟
11/03/2011, 12:00 (GMT+1)

دەسەڵات زۆر بەگەرم و گووڕی هەوڵ دەدات کە گەورەیی و قووتی خۆپیشاندان کەمبکاتەوە بەوەی کە دەڵێن ئەمە دەستێکی لە دواوەیە، وە بە ئاشکرا وڕاستەوخۆ دەڵین ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات خواستی میللەت و کەسی سەرشەقام نیە بەڵکوو هەمووی فیتی ئۆپۆزیسۆنە بەگشتی وە بەتایبەتی ' گۆڕان'.
سەیرکەن چەند ئەقڵ تەسکە ئەم بەناوو دەسەڵاتە، دەسەڵات دەیەوێ ئاژاوەکە بخاتە ئەستۆی 'کاک نەوشیروان' بەتایبەتی بەو شێوەیە بڵێن کە هەڵەی کەڵەکەبووی کۆنی سەردەمی شاخ و شەڕی دووروودرێژی برا کووژیە ئێستا بۆیە گۆڕان لەو ڕێگەیەوە هەق لە دەسەڵات دەکاتەوە، واتا کورد وەتەنی 'شەڕ بە كۆنە قین دەکرێت'. بەڕاستی ئەمە شتێکی زۆر ترسناکە چوونکە دەسەڵات خەیاڵی هەر لای ئەوەیە، بۆیە بە هیچ جۆرێک ئەژمار بۆ خۆپیشاندانەران ناکات.
لەبەر ئەم هۆیە خۆپیشاندەران دەبێت زۆر بە کارامەییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵسووکەوتەی بەناوو دەسەڵات بکات، خۆڕاگرتن و بەردەوام بوون لەسەر ئەم ڕاڕەوە باشترین وەڵامە بۆ بەدرۆ خستنەوەی بەناوو دەسەڵات. هەر لەبەر ئەمەشە یەکیتی و پارتی بەهیچ جۆرێک نایانەوێ باسی خۆپیشاندان بکەن وە لێکۆڵینەوە لەسەر هیچ شتێک بکەن. بەهیچ جۆرێک نرخیان بۆ شەهیدەکان و بریندارەکان دانەناوە. لێکۆڵینەوە واتە کەشف بوونی دەستەکەیان کە ئەمە مەحاڵە، ئەوان کوژراوان و بریندارەکان بە ئەندامی بزتنەوەی گۆڕان لە قەڵەم دەدەن، وە کووشتنیان لە لای ئەوان شتێکی هەقوو بەجێیە چوونکە دەیانخەنە ئەو خشتەیەی کە ئەمانە هەموویان سەر بە نەوشیروانن. هەر بۆیە بەرهەم سالەح و نێچیرەوانش لەکاتی پرسیار کردن لێیان لەو ڕووداووە خۆیان لە گێلی دەدا.
بەهیچ جۆرێک لەو باوەڕەدا نیم کە هیچ کەسێک لەناوو ئەو دەسەڵاتەدا بە تایبەتی غەیرە بارزانی بێت و بتوانێ یان بوێرێ باسی لێکۆڵینەوە بکات. دەسەڵات ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکات کە چۆن قەناعەت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات کە ئەمەی ئیمڕۆ ڕوودادات هیچ نیە، هەر نەوشیروانە دەیەوێ هەقمان لێبکاتەوە هەر لەكۆنەوە، لەبەر ئەوەی پارەو پایەیان بە دڵی خۆی نەداوەتێ. ئەگەر تێبینی بکەن لە قسەکانی بەرهەم سالەح بەناوو سەرۆکی حکومەت ووتی شتم لایە 'واتا لەسەر گۆڕان و کاک نەوشیروان' ڕۆژێک لەڕۆژان منیش شتێک لەسەر کاغەز دەنووسم کە کەشفی هەموو شتەکان بکات، ئەمە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوتری ' Blackmail- بلاکمەیڵ' واتا 'ئەگەر تۆ ئەو شتە بکەیت منیش ئەمە دەکەم' . کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە بەرهەم سالەح لە نرخی پەیامی خۆپیشاندەرانی سەراکانی ئازادی کوردستان کەم دەنرخێنێ. وە هەمووی دەبەستێ بە ئەستۆی کاک نەوشیروانەوە. ئەمانە خۆی لەڕاستیدا هەر قسەی بەرهەم سالەح نین چوونکە وەک خۆی لە کاتی قسەکانیدا لە پەرلەمان ئاماژەی پێکرد، ووتی کە خۆی کۆبونەوەی لەگەڵ مەسعوود و پارتی کردوە پێش هاتنی بۆ کۆبوونەوەکەی پەرلەمان، کەواتە ئەمە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنی کە بەرهەم سالەح هەڵگری ئەو پایامە بوو کە هەردوو حیزبی دەسەڵات هەموو تێکڕا لەسەر ئەوە کۆکن کەئەمەی ڕوودەدا دەستی لە پشتەوەیە ' واتا نەوشیروان' ە.
ئەمە شتێکی زۆر ترسناکەو دەبێت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خۆپیشاندەران زۆربە ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. چوونکە دەسەڵاتدارانی ئێستا کە لە یەکێتی و پارتی پێکهاتوە هەوڵ و کۆشش دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بانگەوازی خۆپیشاندەران وە ئامانجەکانیان، بەو شێوەیە پاساوێك یان سیناروێیەک ڕیکبخەن بۆ شەرعیەتکردنی لێدانی ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوە.
بانگەوازم بۆ خۆپیشاندەران ئەوەیە کە زۆر بە ووشیاری و ئاگاوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵسووکەوتەی پارتی ویەکێتی بکەن، چوونکە ئەوان پلانێکی زۆر قووڵ و ڕەشیان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی ڕاڕەوی ئەم شۆرشە نێرگزەی ئێوە لەبار بەرن بەناووی ئەوەی ' کە دەستێکی لە پشتەوەیە'.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









