<

تانكەرى سنورەكان و بەرمیلى بەردەم بایەعەكان!!!

21/07/2010, 12:00 (GMT+1)

ئەم گەلە ستەمدیدەى ئێمە دەیان ساڵە لەخەبات و تێكۆشان و هەوڵ و ماندوبون و دەربەدەری گیان بەخت كردن و بەرەنگاربونەوەیە لەگەڵ دوژمنانوداگیركارانى ئەم هەرێمە ، زۆر بەداخەوە وێراى ئەو هەموو ناخۆشیەى كەگەلەكەمان بەسەرى هاتووە بەلام تائێستا ئۆخەى نەكردووە و ئەگەر سەرنج بدەینە ژیانى رۆژانەى ئەم میللەتە دەبینین پرە لەنەهامەتى سەختى و كوڵەمەرگى و ژیانێكە كەشایانى ئەو هەموو خەبات و ماندووبونە نیە و هەمووشمان دان بەوراستیە دادەنێین كەكاتى ئەوە هاتووە ژیانى ئەو میللەتە گۆرانكارى بەسەردابێت ، میللەتى كورد هەموو ژیانى لەسڕە و نۆرەگرتن دا بەسەر دەبات هەر لەنۆرەگرتن لەبەردەم نانەواخانەكان و فەرمانگە حكومیەكان و وەرگرتنى غاز و خۆراكى مانگانەو هتد..... ئەوى زۆر گرنگە كەتیشكى بخەمەسەرىكەبۆتەبنیشتەخۆشەى سەرزارى هەمووان هەر لەناوخۆ و هەر لەدەرەوە ئەویش مەسەلەى نەوتە !!! سەیرە ووڵاتان نەوتیان كردۆتە فاكتەرێك بۆبەرەوپێشبردنى ووڵات و بۆخۆشگوزەرانى تاكەكانى خۆیان بەڵام بەداخەوە سەرەراى ئەو هەموو نەوتەى لەعێراقدا هەیە بەتایبەت لەكوردستان بەڵام واخەریكە سەرى كوردستان و سەرى تاكەكانى كوردستان دەخوات لەبرى ئەوە ببێتە فاكتەرێك بۆخۆشگوزەرانى ، بەر لە2003 و روخاندنى رژێمى بەعس نەوتى عێراق و كوردستان دەفرۆشرا و دەكرابەتۆپ گوللە و بارووت و دەكرا بەقورگى تاكەكانى كوردستان و ئەنفال و كیمیابارانى پێ ئەنجامدرا ، بەڵام دواى 2003 وێراى سەدان ناكۆكى بەردەوام و ململانێى درێّژخایەن لەسەرمەسەلەى نەوت و گاز لەنێوان حكومەتى ناوەندو حكومەتى هەرێم كەتائیستاش بەردەوامە مایەى نیگەرانى هەموو تاكێكى ئەم ووڵاتەیە و بێزارى دەردەبرن و خۆزگە دەخواز ن كەئەونەوتە نەبوایە ، هەموو كێشەكانى ئەم ووڵاتەى ئێمە لەسەرزۆرى نەوت و داهاتە زۆرەكەیەتى ، كوردستان سەدان بیرەنەوتى تێدایە بەڵام زۆر بەداخەوە بەشێوەیەكى تەندروست بەكارناهێنرێت لەلایەن حكومەتەوە بۆخۆشگوزەرانى ئەم خەڵكە خێر لەخۆنەدیوە و بگرە وەكو سەرچاوەكان ئاماژەى پێدەكەن هەردووحزبى دەسەڵاتدارى كوردستان دەستیان بەسەر ئەوسەچاوە گرنگەدا گرتووە و داهاتەكەشى دەچێتە گیرفانى چەندكەسێك كەرەنگە تەنها بەپەنجەكانى دەست بژمێردرێت كەئەمەش كارێكى قێزەونە و لەلایەن هەموو تاكێكى ئەم هەرێمە رەتدەكرێتەوە ، ئێمەى دانیشتوانى كوردستان دەیان ساڵە بەدەست بێ نەوتیەوە دەناڵێنین و بەردەوام خەریكى كرینى نەوتین بەدەبە و جلیكان و بەرمیلە بەتاڵەكانیشمان ساڵ دوازدەى مانگ لەبەردەم بریكارەكانى خۆراك دا ریزكراون و لەچاوەروانى هاتنى نەوتدان كەئەمەش گەورەترین ئیهانەیە كەبەتاكەكانى ئەم هەرێمە دەكرێت لەكاتێكدا كوردستان لەئێستادا تواناى رۆژانەى بۆبەرهەمهێناى نەوت 100هەزاربەرمیلە ، بەرمیلەكانمان بەردەوام لەبەردەمى دوكانى بریكارەكان لەچاوەروانى هاتنى نەوتدان و بەوهیوایەن بەكەمێك نەوت قورگیان تەربێت ، هەرخێزانێكى دانیشتووى كوردستان لەساڵێكدا تەنها 600لیتر نەوتى پێدەدرێت بەبێ رەچاوكردنى ژمارەى تاكەكانى خێزانەكان كەئەمەش ئەوپەرى نارێكى و نایەكسانیە چونكە هەندێك خێزان هەیە ژمارەى تاكەكانى 10كەسە و خێزانیش هەیە 1تاكەكەسە بەڵام بەیەك شێوە بەشە نەوتى پێدەدرێت ، زۆر سەیرە من نازانم رەنگە موبەریدەكانى كوردستان بەنەوت كاربكات چوكنە نەوت لەكوردستان تەنها لەوەرزى هاویندا دابەش دەكرێت كەلەوكاتەدا هاووڵاتیان هیچ پێویستیەكیان بەنەوت نیە ، وێراى ئەو دەنگوباسە گەرمەى كەچەند رۆژێكە لەسەر بەتاڵانبردن و بەقاچاغبردنى نەوتى كوردستان لەرۆژنامە ناوخۆ و دەرەكیەكانەوە هاتۆتەوە كایەوە بەڵام تاكەكانى ئەم هەرێمە زۆر بێدەنگن و تائێستا نەرژاونەتە سەرشەقامەكان بۆئیدانەكردنى ئەو دیاردەیە ، بەرپرسانى هەرێم بەردەوام دەڵێن نەوت نیە تابیدەینە خەڵك بۆیە بەرمیلى هاووڵاتیان بەبەردەوامى و بەبەتاڵى لەبەردەم دوكانى بریكارەكانە لەكاتێكدا رۆژانە سەدان تانكەرى نەوت كەلەكێڵگەكانى هەرێمى كوردستانەوە دەردەهێنرێن ئاودیوى سنورى ئێران دەكرێت و كەسیش نازانێت داهاتەكەى دەچێتەگیرفانى كێ؟ بەردەوام بەرپرسانى هەرێم هەواڵًى بردنى نەوتى هەرێم بۆئێران بەتەنكەر بەدناراسا وەسف دەكەن بەڵام ئەو شتێكى راستە و هەڵبەستراو نیە چونكە شوفێر و خاوەنى ئەوتانكەرانە دۆست و خزم و برا و دراوسێى ئێمەن و خۆیان شایەتحاڵى ئەودیاردەن ، وێراى ئەوەى چەند رۆژێك لەمەوبەر بەبریارێكى حكومەتى هەرێمى بردنى ئەونەوتە قەدەغەكرا بەڵام میدیاكان تائێستاش ئاماژە بەوەدەكەن كەئاودیوكردنى ئەونەوتە بەردەوامە كەئەوش مایەى نیگەرانیە ، بۆیە پێویستە هەرچى زووە لەسەرحكومەتى هەرێم كۆتایى بەبردنى ئەونەوتە بهێندرێت و داهاتى ئەوهەموو نەوتەى كەلەمەوبەر ئاودیوكراوە ئاشكرابكرێت كەچۆتە گیرفانى كێوە ؟ وەپێویستە لەسەر هاووڵاتیانیش بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەودۆسیەیە بكەن بەتوندى بەگژ ئەودیاردەیەدا بچنەوە و نەهێڵن نەوت بەقاچاغ ببردرێت و خۆشیان بەرمیلەكانیان بەبەتاڵى لەبەردەم دوكانى بریكارەكانى خۆراكدا بمێنێتەوە .
 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست