<

بۆ شۆڕشگێڕەكانی دوێنێ: سەردەمی حیكایەتەكانی ئێوە بەسەرچوو، نۆبەتی ئێمەیە باسی ئێستە بكەین

23/02/2011, 12:00 (GMT+1)


ئەوەی تا ئێستە ئومێدێكی پێتان هەبوو كە چاكسازی بكەن و بتوانن كێشەكانی كوردستان چارەسەر بكەن. ئەوا لەدوای رووداوە جەرگبڕەكانی 17ی شوبات ی سلێمانی بەتەواوی لێتان بێئومێد بوو. چاكتر لەوە تێگەیشتین كە ئێوە نەوەیەكی بەسەرچوون و ساڵانێكە عەقڵتان لەبیركرنەوە وەستاوە و دەتانەوێ هەر بە هەمان عەقڵیەتی دوێنێ لێخوڕن.
كێشەی ئێوە ئەوەیە تێناگەن لە چ سەردەمێكدا دەژین. بۆیە ئەستەمە بتوانن گوێمان لێ بگرن، ئەستەمترە كە بتوانن لە نەوەی ئێستە تێبگەن. ئێمە نەوەیەكین رێزمان بۆ خەباتتان هەیە، بەڵام هەر خۆتان واتان كردووە گاڵتەمان پێتان بێت و بە گومان بین لە رابردووتان. ئێوە هێندەی خۆتان بە گێڕانەوەی رابردوو خەریك كردووە، هێندە ناتانەوێ لە ئێستە تێبگەن. ئیدی دەبێ ئێوە واز لە باسكردنی رابردوو بێنن. ئینجا نۆبەتی ئێمەیە كە لەمەودوا باسی ئێستە بكەین. رابردووی ئێوە بەسەرچوو. لەمڕۆوە ئێستەی ئێمە دەست پێ دەكات. ئەوەی دەبێ بیبیستن باس و خواسەكانی ئێستەمانە. كە ئێوەش ئامادەیی ئەوەتان نەبێ گوێ لە سەربووردەكانی ئێستەمان بگرن، فەرموون وەرنە خوارێ، با نەوەیەك دەسەڵات بگرێتە دەست كە لیاقەی ئەوەی هەبێ گوێ لە ئێستەی ئێمە بگرێت.
زۆر باسی ئێستەمان بۆتان كرد، كەچی لەبری گوێگرتن پێتان گوتین"دەستتان لەپشتە". زۆر باسی خەماكانی خۆمانمان بۆتان كرد، ئێوە پێتانگوتین"هێشتا زووە". باسمان لە بێئومێدییەكانمان دەكر، ئێوە دەتانگوت"ئەزموونەكەمان ساوایە و دەبێ ددان بەخۆتاندا بگرن". ئێمە دەمانگوت داواكاریمان هەیە، ئێوە گاڵـەتان پێمان دەكرد! كاتێكیش هاتینە سەر شەقامەكان پێتانگوتین "گێرەشێوێن، ئاژاوەگێڕ" بەوەش نەوەستان و جنێوتان پێداین و وتتان"لووسكەن".
كە ئەوە ئەخڵاقی سیاسیتانە و ئەو وشانە لە فەرهەنگی سیاسی ئێوە هەیە و ئامادەن بەرامبەر ئەوانە بەكاری بهێنن كە رەخنەتان لێ دەگرن و بە حوكوومڕانیتان قایل نین. دەبێ دابەزن و نەوەیەكی دەمپاك و بە ئەخڵاق دەسەڵات بگرێتە دەست. دەبێ نەوەیەك بێت خوێن ڕشتنی هاووڵاتی كوردستان لەلای هێڵی سوور بێت نەك رەخنە گرتن لە سەرۆك. دەبێ نەوەیەك دەسەڵات بگرێتە دەست كە لوولەی تڤەنگەكەی روو لە دوژمن بێ نەك لە گەلەكەی خۆی. ئێوە كە هەموو سنوورێكی رەوشتی سیاسی و كۆمەڵایەتیتان بەزاند فەرموون دابەزن. دابەزن ئێرە دوا وێستگەی ئێوەیە. دابەزن ئیدی كەس ئامادەنییە لەدواتانەوە بڕوا. كە خوێنی لاوانی كوردستان هێندە لەلاتان بێنرخە، چیدی شایەنی دەسەڵاتداری نین. ئیدی دەبێ نەوەیەك دەسەڵات بگرێتە دەست كە لە فەلسەفەی دادپەروەری تێبگات و دادپەروەر بێت.
ئیدی سەردەمی حیكایەتەكانتان بەسەرچوو، رۆڵی ئێوە لە دەمی تەقاندنی یەكەم فیشەكی 17 شوبات كۆتایی هات. خۆتان ماندوو مەكەن، لەمەودوا كەس گوێ لە حیكایەتەكاناتن ناگرێت.
زۆر گوتمان ناعەدالەتی هەیە، گوێتان نەگرت. گوتمان با یاسا بۆ هەموومان وەكو یەك بێ، واتان نەكرد. گوتمان ئازادیمان دەوێ، هەڕەشەتان لێ كردین، لێتان داین و سۆران و سەردەشتتان شەهید كرد.
ئیدی میلەت لێتان بێتاقەت بووە و دەبێ بڕۆن. دەبێ لەمەودوا لە كوردستان ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست بە كردەیی ملكەچی خواستەكانی گەل بێ. ئێوە ناڵێن، بە ئاشتیانە ناڕەزایی دەربڕن. ئەرێ رۆژنامەنووسان بەردیان تێگرتوون؟ بۆچی لە چەند رۆژی رابردوو دەسان رۆژنامەنووس لێیان دراوە و دەستگیر كراون و كامێراكانیان شكێندراوە؟ من دڵنیام لەمەودوا خۆپیشاندەرانی كوردستان زۆر بە هێمنانە و شارستانیانە داوای مافە رەواكانی خۆیان دەكەن.
وەك هەموو جارەكانی دی داوا لە خۆپیشاندەران دەكەینەوە كە بە شارستانیانەترین شێواز نارەزاییەكانیان دەرببڕن و بچووكرتین بەهانە نەدەنە دەست ئەو جەللادانەی كە هەمیشە تڤەنگەكانیان سوارە بۆ ئەوەی هاویشتنی بەردێك بە مەخزەنێك فیشەك وەڵام بدەنەوە. دڵنیابن خۆپیشاندانی هێمنانە ستەمكارترین دەسەڵاتدار بەچۆكدا دەهێنێ. بەپێچەوانەشەوە توندوتیژی هیچ بەرهەمێكی نابێ.
ئەی نەوەی شۆرشگێڕی دوێنێ، دڵنیابن بەو كارانەی چەند رۆژی رابردووی سلێمانی خۆتان ناشیرینتر كرد. رووخسارتان لە زیهنماندا كرێتتر بوو. ئێوە خەریكە هەموو مێژووی پڕ شانازیتان جارانی سفر دەكەن. ئێوە بە دەستی خۆتان سیحری هەموو ئەو رۆژانەتان بەتاڵ دەكەنەوە كە تا ئێستە بە شانازییەوە بۆتان دەگێڕاینەوە. ئیدی ئێوە نەوە خۆشەویستەكەی دوێنێ نین. ئێوە زوڕهانە بێزراوەكانی ئەمڕۆن. زۆر پێمان گوتن ئێوە رووتن، گوێتان لێ نەگرتین. تازە كە بۆتان دەركەوتووە رووتن خۆتان پێ داناپۆشرێ و كاتتان بەدەستەوە نەماوە.
ئاخر مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ لە رووقایمی ئێوە. میلەتێك هەڵبستێ و بڵێ ئێوەم ناوێ. چۆن رووی ئەوەتان هەیە لەسەر ئەو كورسییە سارد و سەڕە بمێننە و هەر خەریكی دەركرنی فەرمانی بێمانا بن! رووقایمی ئێوە لەوەش زیاترە كاتێك داروپەردووی بینایەكتان لەلا بەنرخترە لە خوێنی ئەو هەموو گەنجە و بەردەوام لە كەناڵەكانتان چەند پارچە شوشەیەكی شكا و هەندێك دار و پەردوومان بەروودا دەدەنەوە. لەوەش زێدەتر هەندێك لە بەكرێگیراوەكاناتن لە دەزگەكانی راگەیاندن دەنەڕێنن وەك ئەوەی ئەو هەموو خوێنەی كە رشتووتانە بەس نەبێ و دەبێ خوێنی هەموو ئەوانە بڕێژن كە پێیانگوتن"ئێوەمان ناوێ"!

[email protected]
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست