<

مەلا بەختیار باسى ئازادى و دیموكراسى بۆ كێ دەكات

19/12/2011, 12:00 (GMT+1)





لەم شەوانە كەوا پێدەچوو بۆ پینەكردنى ئەو تۆزە هەڵوێستە جیاوازییە بوو كە یەكیەتى لە بەرامبەر پارتى لە رووداوەكانى بادیناندا هەیبوو , مەلا بەختیار وەك هەموو جارێك لە رێگەى شاشەى گەلى كوردستانەوە چەند وانەیەكى ترى لە ئازادى و دیموكراسى یەكیەتى بۆ دووپات كردینەوە، وەك ئەوەى قسە بۆ خەڵكى مەریخ بكات و خەڵك لە گوێى گادا خەوتبێ ، كە دڵنیام كاتێ مەلا بەختیار باسى ئازادى و دیموكراسى دەكرد ، یەكسەر خەڵك كوشتن و برینداركردنى خەڵكى بێدیفاعى گەنجانى خۆپێشاندانەكانى سەراكانى ئازادى بەبیر دەهاتەوە یا خێوەت سوتاندن و قوومبەلە تەقاندنەوەى ناو خۆپێشاندەران یا پشتى شەقارشەقارى رێبین هەردى و دەموچاوى خوێناوى ئاسۆس هەردى و دیمەنەكانى زیندانى كردنى خوێندكارە كور و كچەكانى زانكۆى سلێمانى لە بیابانى قوولە رەیسى بیردەكەوتەوە ، لەمانەش زیاتر هەر لەگەڵ قسەكانى مەلا بەختیار من دڵنیام خەڵك و ئەندامانى یەكیەتى خۆشیان دەركردنى سكرتێر و جێگرانى ئەنجومەنى ناوەند و دانانى سكرتێر بۆ كۆمەڵەى خوێنكاران پێش كۆنگرەیان بیردەكەوتەوە ، كە لەم مانگەدا ئەم دوو پێشێلكاریە دژ بە دیموكراسى و ئازادى و شەرعیەتى كۆنگرەكان لە لایەن خودى مەلا بەختیارى ئازادیخواز و دیموكراسخوازەوە ئەنجام دراوە ، سەبارەت بە رووداوەكانى بادینان مەلا بەختیار هەرەشەى كرد و گوتى هەر هێز و لایەنێك لە پشت سوتاندنى مەیخانە و مەساجەكاندا بن دەبێ بە توندى سزابدرێن ، بەڵام بۆ سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتوو نەوێرا باسى هێز و لایەن بكات ، بەڵكو تەنها گوتى هەر كەس و گروپێك ، ئەمەش نەوەكا پارتى بە خۆى تێبگا .
هەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا مەلا بەختیار زۆر باسى لە گرنگیەكانى رێكەوتنى ستراتیجى نێوان یەكیەتى و پارتى كردو بە زامنى دەستەبەرى ئازادى و دیموكراسى كوردستانى لەقەڵمدا (ئەوە ئەگەر لە كوردستاندا ئازادى و دیموكراسى هەبێ) ، بەبێ ئەوەى مەلا بەختیار بزانێ كە خەڵك لەو سەریەوە هاتونەتەوە و باش دەزانن كە ، رێكەوتنى ستراتیجى رێكەوتنى نێوان هەردوو بنەماڵەیە كە لە سەرویى حزب و یاسا و پەرلەمان و حكومەتەوە ئەنجام دراوە ، رێكەوتنێكە زیاتر بۆ دابەشكردنى داهات و دەسەڵاتى كوردستان یا راستر بڵێم بۆ تاڵانكردنى كوردستانە ، رێكەوتنێكە زیاتر بۆ پاراستنى دەسەڵاتى هەردوو حزب و رێگریكردنە لە هەر ئاڵوگۆرێكى دەسەڵات لە كوردستاندا ، رێكەوتنێكە كە لە بەرامبەر هەندێك ئمتیاز یەكیەتى كردوە بە پاشكۆى پارتى و پارتى كردوە بە دیكتاتۆرى كوردستان ، رێكەوتنێكە كە مەلا بەختیار خۆشى زۆر ئاگاى لە بەندە نهێنیەكان نیە ، بەڵام بەهۆى ئەوەى كە هەندێ لە بەرماوەى پارە دزراوەكەى بەردەكەوێ بەو شێوە وەك میرزاى دەسەڵات داكۆكى لێدەكات ، چونكە هەموو دەسەڵاتێكى تۆتالیتار بۆ چەواشەكردنى خەڵك هەمیشە پێویستى بە كۆمەڵێ میرزاى وەك مەلا بەختیار هەیە .
لە بەشێكى ترى چاوپێكەوتنەكەیدا مەلا بەختیار جۆرە هەرەشەیەكى لە یەكگرتووى ئیسلامى و ئیسلامیەكان و ئۆپۆزسیۆن و خەڵكى كوردستان بە گشتى كرد كە بەهارى عەرەبى لە كوردستان دووبارە نابێتەوە ، دیارە ئەوە بەشار ئەسەدیش چەند مانگێگ لەمەوپێش هەمان قسەى دەكرد ، بەبێ ئەوەى بزانێ كە شۆرشەكان سروشتێكى گشتگیر و چەند هۆكارى هاوبەشیان هەیە ، وەك گەندەڵى و ناعەدالەتى و حوكومرانى بنەماڵە و ساختەكارى هەڵبژاردن ... هتد , كە ئەمانەش هەر هەموویان لە كوردستانە بێنازەكەى ژێر دەستى مەلا بەختیار بە زیادەوە هەیە .
لە كۆتایى چاوپێكەوتنەكەیدا مەلا بەختیار دەربارەى روداوەكانى بادینان گووتى دڵنیاین یەكگرتوو لە پشت پەلاماردانى دووكانەكانى مەیفرۆشیەوە نیە ، هەروەك دڵنیاشین كە سەركردایەتى پارتى بریارى هەڵكوتانە سەر بارەگاكانى یەكگرتووى نەداوە ، دیارە لەمەشیاندا مەلا بەختیار فێڵبازانە كاتێ تاوان لەسەر یەكگرتوو لادەدات ، هەر بۆ ئەوەیە باوەرى پێ بكەین كاتێ تاوانى سەرپارتى لەم كارە قێزەوەنە دەشارێتەوە .




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست