<

دیکتاتۆریەتی پەرلەمانی

20/04/2011, 12:00 (GMT+1)




بناغەی سیستەمی پەرلەمانی دەچێتەوە سەرسیستەمێکی کۆنی ئەسینایی،کە لە کاتێکدا هاوڵاتیانی ئەسینا لە ناو گۆڕەپانی(ئاکورادا) کۆدەبونەوەو بۆ بەشداری کردن لە دەرکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە خۆیان و تایبەت بە دەوڵەتەکەیان،بەڵام لەبەر ئەوەی لەم سەردەمە نوێیەدا ئەوە بوو بە شتێکی ئەستەم هەموو هاوڵاتیانی ووڵاتێک لە ناو ئاسۆی گۆڕەپانێکدا کۆ بکەیتەوە بۆ ئەوەی بڕیار لە بارەی کارو باری تایبەتی خۆیان و دەوڵەتیشەوە دەر بکەن،بۆیە ڕوو لە چەند کەسێکی دیاری کراو نرا تا لە بری ئەوان قسە بکەن و بڕیاریش دەر بکەن، وە ئەو شتەی کە لە ئەمەوە گەڵاڵە دەبێت پێی دەوترێت پەرلەمان،،،
وە ئاشکرایە کە سیستەمی سیاسی هەرێمی کورستان،بە پێی ڕەشنووسی دەستوری هەرێمی کوردستان،سیستەمێکی سیاسی پەرلەمانی یە،،واتا پەرلەمان دەزگایەکی تەشریعی و چاودێرییە،ئەرکی داڕشتن و دەرکرردنی یاساو ڕێسایەو وە ئاڕاستە کردنی بۆ جێ بەجێ کردنی لە لایەن دەسەڵاتی جێ بەجێ کردنەوە کە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و سەرجەم وەزارەتەکان دەگرێتەوە،،وە چاودێری کردنی سەرجەم ئەو ڕێساو یاسایانەیکە ئاڕاستەی ئەم لایەنانە دەکرێن تا جێ بەجێ بکرێن،،
وە ئاگاداری سەرجەم ئەوسەرپێچی ونادادپەروەری و خروقات وگەندەڵیانە بێت کە ئەنجام دەدرێن،وە لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نا یاسایی و لە ڕێ دەرچوی هەر لایەن و کەسێکی دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن ،پێویستە لێپرسینەوەوبەدواداچونی جدی و فەرمی هەبێت بۆ ڕووداوەکان و،وە لە ڕاستی ڕووداوەکان بکۆڵێتەوە و لێیان تێ بگات،
ئەم کارانەش لە لایەن لیژنەی تایبەت دەبێت بە کارو بارەکان کە لە پەرلەماندا دیاری کراون لە ڕێی بە دواداچوون و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگە داروخستنەڕوی ئاشکرا،،
تا ئێرە بە شێوەیەکی کەم ئیش وکارەکان تا ڕادەیەکی باش دێتە پێش چاو،بە تایبەت بەهۆی بوونی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانداو وە دواتر ئەندام بونیان لە لیژنەکاندا،تا ڕادەیەک توانراوە پەردە لە ڕوی چەند دڵۆپێک لە گەندەڵی لە ناو دەریای گەندەڵییەکاندا هەڵ بماڵرێت وئاشکرا بکرێن،،بەڵام ئەوەی کە مایەی نیگەرانییە پشت گوێ خستن ووەڵام نەدانەوەی ئەو پرۆژەو پێشنیارانەن کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیخەنە ڕوو،وە ڕەت کردنەوەیان لە لایەن دەسەڵاتەوە کە زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان پێک دەهێنن؟
وە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵات بەشێوەیەکی دوژمن کارانەو ماڵ خۆرانە دەڕوانێتە ئۆپۆزسیۆن و بە شێوەیەک هەرچی ئۆپۆزسیۆن قبووڵی بکات ،دەسەڵات ڕەفزی دەکات،هەرکات ئۆپۆزسیۆن وەڵامەکەی بەڵێ بێت ،دەسەڵات زاری نەخێری دێتە گۆ!؟
کە ئەمەش لە ئەنجامی تێ نەگەیشتن ونا بەڵەد بوون بە چەمکی ئۆپۆزسیۆ بوون دروست دەبێت و دێتە ئارا،چونکە لە هەموو سیستەمێکی پەرلەمانیدا کەمینەو زۆرینەو،دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بێگومان دەبێت بونیان هەبێت،،وە هەر کات کە ئەمانەش بونیان هەبووبەشێوەیەکی ڕوکەشیانە سیستەمێکی دیموکراسی وێنا دەکرێت بە بێ ڕۆچونە ماهییەتی سیستەمەکەوە؟
بەڵام لە کوردستاندا بونی پەرلەمان لە دیموکراسی بونی سیستە می سیاسیەکەی نی یە؟ بەڵکو پاساوێکە بۆ سەلماندنی دیموکراسیەتی سیستەمی سیاسی!؟
وە مامە ڵەکردن و ئەنجامدانی گەمەکانی ناو پەرلەمان زۆربەی کات لە بەرژەوەندی زۆرینەی دەسەڵات دار بە کۆتا دێت ،چونکە پێش دەست پێکردنی ئەم گەمە سیاسیە پیلان و دەرئەنجام دیاری کراون بە مەرجی بردنەوەی پێش وەختی زۆرینەی دەسەڵاتدارو، دۆڕاندنی بەردەوامی کەمینەی ملکەچ بە بڕیاری قبوڵ کراوی زۆرینە،،وە مامەڵە کردن لەسەر بنەمای کەمینەو زۆرینە لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی جاران هەڵەیەو شتێکی نادادوەرانەیە وە ڕەنگە مافی خاوەن ماف پێشێل بکرێت،چونکە دەگونجێت زۆربەی کات کەمینە لەسەر حەق بێت و پرۆژە یاساکەی خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات،،بەڵام زۆرینەی دەسەڵات دار گرەوەکە دەباتەوە چەپڵە لێدان دەرئەنجامی بردنەوەی دەبێت بە بێ بوونی بەرهەم؟
وە ئەوەندەی کە پەرلەمان لە شێوەی قوتابخانەیەکی سەرەتایدا خۆی نمایش دەکات زیاترە لەوەی کە ڕوخساری پەرلەمان بونی پێوە دیار بێت! ئەمەش لەو ڕەفتارو هەڵس و کەوتە سەرنج ڕاکێش و سەمەرانەی ناو هۆڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتییە کەیدا زیاتر بەرجەستە دەبێت،،چونکە پەرلەمان دەزگایەکی تەشریعی و چاودێرییە بۆیە دەبێت کەش و هەوای ناو هۆڵی پەرلەمان گونجاو بێت لە کاتی گفت وگۆکردنی پێشنیارو پرۆژە یاساکاندا،،نەک بۆنی سەربازگەو توندو تیژی و دەم کوت کردنی پەرلەمانتارانی لێ بێت؟؟
وە دەبێت ئەندامانی پەرلەمان کاتێکی باش و گونجاویان پێ بدرێت بۆ گفت و گۆکردن و ڕەخنەو سەرنج و هەر ڕونکردنەوەیەکی پێویست کە مەبەستیان ووتنیەتی،،بەڵام هیچ کام لەم مەرجانە بوونی نییە لە پەرلەمانەکەی ئێمەداو،کە دەبینرێت ماوەیەکی ۆر کورت کە بەشی سیگار کێشانێکیش ناکات بۆ پەرلەمانتاران دیاری دەکرێت،وە لە کاتی کۆتای هاتنی ئەو ماوە کورتەش با شێوەیەکی زۆر نا ئەخلاقی و بێ ڕێزیانە قسەکانیان پێ دەبڕدرێت،،کە ئەم جۆرە ڕەفتارە کۆڵانیانە مۆرکی سەربازی و تۆڵە کردنەوەو سوکایەتی کردنی پێوە دیارە،،بە بێ بیرکردنەوە لەوەی کە پەرلەمانتاران خاوەنی حسانات و ئیمتیازات بن،،وە بێزراوترین و قێزەون ترین دیاردە کە بەدی دەکرێت لە پەرلەماندا ئەوەیە،کە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەنگیزەیەک لە ڕق و کینەو داخ لە دڵی پێوە دیارە بەرامبەر پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بۆچونەکانیشیان؟؟
کە ئەمەش کارێکی ترسناکە ودەرئەنجامی خراپی دەبێت بۆ سەر دەرکردن و قبوڵ کردنی بڕیارەکان،،تەنانەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بڕیارەکانیان پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو پەرلەمانەشە کە خۆیان سەرۆکایەتی دەکەن،،وە لە کاتی بانگێشت کردنی وەزیرو بەرپرسە حکومیەکاندا دەستەواژەیەکی زۆر هەڵە بەکار دەهێنرێت ئەویش بریتیە لە دەستەواژەی(میوانداری کردن) ئەگەر بە پێی ئەم دەستەواژەیە بێت ئەوا هۆڵی پەرلەمان بریتی دەبێت لە دیوەخانی بنەماڵەو پیاو ماقوڵان لەم کاتەشدا سسیستەمەکە دەچێتە قاڵبی ئەرستۆکراتییەتەوە مادام پیاو ماقولان وبنەماڵەی ناودار حوکم دەکەن!؟
بۆیە هیچ ڕەوایەتی تێدا نیە لە کاتی بانگێشت کردنی بەرپرساندا ئەو دەستەواژەیە بەکار بهێنرێت ،،چونکە هاتنی بەر پرسان بۆ پەرلەمان ئیجباریە نەک ئارەزوو ماندانە،وە بانگ کردنیان بۆ لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوەیە بەرامبەر بەو تۆمەت و گەندەڵیانەی کە ڕووبەڕویان بۆتەوە،،نەک بۆ ڕێز لێنان و پاداشت کردنیان؟؟
بۆیە سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستاش لە قۆناغی گواستنەوەدایە،،دەکرێت هەنگاو بنێت بەرەو بە دیموکراسی بون وئەویش دوای چەندین هەنگاو نانی قورسو ماندو بونی دەرونی پروکێنەر،،وە دەشکرێت پاشەکشە بکات بەرەو دیکتاتۆریەتی ڕەهای ڕووت،،بۆیە ترسناکترین قۆناخ قۆناخی گواستنەوەیە لە نێوان ئەو دوو سیستەمە،،چونکە لە کاتی بونی بەرژەوەندی و پێویست بوون وگەڕاندنەوەیان بۆ میللەت خۆیان دە ئاخننە کەوڵی دیموکراسیەوە ودروشمە بریقەدارە سواوەکانی بیستراوی ڕابردوو بە گوێی پڕماندا دەدەنەوە،.وە لە کاتی بێ منەتی و هەست کردن بە ترس لەسەر کورسی وپۆست و سەروەت وسیستەم و بەرژەوەندیان دەبنە دیکتاتۆرێکی دڕندە بە ئاشکراو نهێنی دەکەونە وێزەی هاوڵاتیانی ووڵات و بە بێ وویستی خۆیان لاشەی شەکەتیان بۆ سوور دەکەن؟ وە دواجار پەرلەمانیش هەر لەسەر ڕێچکەی تایبەتی خۆی بەردەوامە و دەست بەرداری سوڕی مت بونی خۆی نابێت وخۆی لە خۆڵە مێشی نەفامیدا دەگەوزێنێت وەک ئەوەی نە بای بینیبێت و نە باران؟؟ وە ئەمەش شتێکی چاوەڕوان کراو دەبێت لە پەرلەمانێک کە ئەندامانی لایەنی دەسەڵات دار (زۆرینە) لە لایەن مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حیزبەوە دانرابن؟ کە هاوڵاتیان ئەنفال دەکەن وزیندانیان دەکەن وئەشکەنجەیان دەدەن و دوتریش کوشتنی بە دوادا دێت!؟بۆیە بە بەردەوامیش بایکۆت کردن و شەڕە دەنوک وبەر پەرچ دانەوەو شەڕە بووتڵە ئاوو تەنانەت شەڕە کورسیش شتێکی ئاسایی و چاوەڕوان کراو دەبێت،،
بۆیە خۆش خەیاڵین کە بە خۆمان بڵێین کە سیستەمی سیاسی پەرلەمانیە وە خاوەنی پەرلەمانین؟؟ چونکە ئەم دەزگایە بۆ میکیاج کردنی دیکتاتۆریەتی سیستەمی سیاسی دامەزراوە و درێژە بە کارەکانی دەدات؟؟
بۆیە کاتێک کە لە (کۆنفۆشیۆس) دەپرسن٠٠٠٠٠٠٠٠
((ئەگەر هاتوو بارو دۆخی ووڵاتێک تێک چوو ،چی بکرێت باشه؟؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ،،کاتێک باروو دۆخی ووڵاتێک تێک دەچێت پێوویستە هەموو دامو دەزگاو شتەکان بە ناوی خۆیانەوە بانگ بکرێن)) واتا کاتێک کە باس لە پەرلەمان دەکەیت ، دەبێت ئەرکی ئەم دەزگایە دەرکردن و دانانی یاساو ڕێساوبە دواداچون و چاودێری کەری جێ بە جێ کردنیان بێت،،نەک دەزگایەکی جێ بە جێ کاری گوێ قوڵاخ بێت و لە لایەن حیزبەوە ئەم سەرو ئەو سەری پێ بکرێت و ئاڕاستە بکرێت؟؟؟
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست