حزبى شیوعى داوا لە هاوڵاتیان دەكات بەشدارى پێشانگاى كاڵاكانى كۆمپانیا ئێرانیەكان نەكەن.
23/06/2010, 12:00 (GMT+1)

حزبى شیوعى كوردستان بۆ جەماوەرى بە هەڵوێستو
نیشتمان پەروەرى پارێزگاى سلێمانى
جەماوەر ى خۆشەویستى پارێزگاى سلێمانى
هەر وەك ئاگادارن تۆپخانەكانى ئێران ئەوە بۆ چەند هەفتەیەك دەچێت تۆپبارانى ناوچە سنورییەكانى هەرێمى كوردستان دەكاتو لە ئەنجامدا سەدان خێزانى نیشتەجێى گوندە سنورییەكان ئاوارە بوونو ژمارەیەك شەهیدو بریندار بوون لە خەڵكى مەدەنىو تا ئێستا هەر بەردەوامن لە تۆپباران كردنو سوتاندنى ڕەزو باخى خەڵكى بێ تاوانى ئەو ناوچە سنورییانە كە بە هەموو پێوەرەكانى یاسا نێو دەوڵەتیەكانو ڕێكەوتنەكانى تایبەت بە سنوورو ڕێزگرتنى هاوسێیەتى دەوڵەتان ، پێشێلأ كردنێكى ئاشكراو نیاز خراپیەكى ئەم دەوڵەتەیە بەرامبەر بە خاكو خەڵكو سەروەرى كوردستانو عێراقیش لە هەمان كاتدا بە شێوەیەكى ناڕاستەو خۆ تێكدانى ئارامىو ژیانى هێمنى خەڵكى ناوچەكەیەو هەوڵدانیشە بۆ چۆڵ كردنى ئەو ناوچە سنوورییانەو ڕاوەدونانى خەڵكەكەیەتى كە ئەم هەنگاوەشى هەمان ئەو هەوڵە پڕ لە ڕقو كینە نائینسانییەى سەردەمى بەعسمان وە بیردێنێتەوە كە لە ڕێگەى هێرش وفشارى سەربازییەوە ساڵانێك ئەو ناوچانەیان بە خەڵكەكەى چۆل كردبوو .
ئێمە وەك حزبى شیوعى كوردستان
1/ بە توندى ئەو كردەوانەى كۆمارى ئیسلامى مەحكوم دەكەینو داواكارین هەرچى زووترە دەست لەو هێرشانە هەڵگرێو واز لەو ئازاردانو زیان گەیاندنە بە خەڵكى ئەو ناوچانە بهێنن .
2/ بە زووترین كات خاكەكەمان جێبهێڵىو چیتر سەروەرى خاكو خەڵكى كوردستان پێشێلأ نەكاتو ڕێز لە یاسا نێو دەوڵەتیەكانو نیاز باشى هاوسێیەتى بگرێ .
3/ داواكارین لە حكومەتى عێراقى فیدڕالأ وەك بەشێك لە ئەركە دەستووریىو یاساییەكانى بە فەرمى فشار بخاتە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنى ئەو شاڵاوەو هەروەها داواكارین لە هەر سێ سەرۆكایەتى هەرێمو پەرلەمانو حكومەت لە گەلأ فشاریان بۆ سەر ئێران ،فشاری جدى بخەنە سەر حكومەتى فیدڕالأ بۆ ئەو مەبەستە .
جەماوەرى بە شەرەفى شارى سلێمانى ..
ئێستا پێویستە ڕێگاى فشارى جەماوەرى بەرفراوان بكەینو سبەینێ 23/6 ڕۆژى چوار شەممە پێشانگاى كاڵاكانى كۆمپانیا ئێرانیەكان لە تاسڵوجە نمایش دەكرێت . بۆیە وەك حزبى شیوعى كوردستان داواكارین كە نەچنە ئەو پێشانگایەو كاڵاى ئێرانى نەكڕنو بە شێوازى جۆراو جۆر هەر تاكێكى ئەم شارە بە هەڵوێستە بەرپرسیارێتى خۆى بنوێنێ لە پشتگیرى كردن لەم هەڵمەتە بۆ ڕاگرتنى تۆپبارانى ناوچە سنورییەكان ئەویش بە ڕەت كردنەوەى كڕینى شمەكو بەرهەمو كاڵاكانى ئێرانو سەردان نەكردنى ئەو پێشانگایە .
داواكارین لە برایانى بازرگانو خاوەن كۆمپانیاكانى سنورى پارێزگاى سلێمانى كە بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێنو بە هەموو شێوەیەك مامەڵە كردن لە گەلأ كۆمپانیا ئێرانیەكان ڕەت كەنەوە .
با هەمووان بە یەك دەنگو بە یەك هەڵوێست دژى ئەو تۆپ بارانى ڕژێمى ئیسلامى بۆەستینەوە . لە پێناو سەروەرى كوردستانەكەمان .
كۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى
حزبى شیوعى كوردستان
22/6/2010
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست
بابەتە پڕبینراوەکان









