<

کورتە وەڵامێك بۆ بەڕێز دکتۆر فٶاد بابان

08/12/2011, 12:00 (GMT+1)


خۆش بەختانە لەسەر داوای من و ئەو بەڕێزەی تر، دکتۆر فٶاد هاتە سەرخەت و توانی بەشێوەیەکی ئاسایی و دوور لەهەر تورەیی، بێ حەوسەڵەیی و تەنگە نەفەسیەك و هەروەك چاوەڕوانکرا،بەشێوەیەکی کورت و پشت بەستوو بەچەند وێنەو دۆکیومێنتێکی مێژوویی توانی ئەو پرسیارەی من و ئەو گومانەی ئەو بەڕێزەی تر ، وەڵام بداتەوەو پێم وایە توانی بەسەرکەوتوانە ئامانج بپێکێ.

دیارە کاری گەڕان بەدوای چەند ڕاستیەکی مێژوویی هەروا ئاسان نیەو کارکردن لەو بوارەدا پێوستی بەکات و وورەو توانایەکی گەورە هەیە. ئەمڕۆ لەکوردستان کاری لەوشێوەیە گەر مەحاڵ نەبێ، ئەوا نیمچە ئەستەمە، بەتایبەتی ئەوانەی ئەو جۆرە هەوڵانە ئەدەن ، لەبەردەم چەندین کۆسپ و لەمپەردا دۆش دائەمێنن و بێ ئومێد ڕەش دائەگەڕێن.

لەمێژە و ڕووی پرسیار، ڕەخنە، گومانەکانمان لەهەر بابەتێك کردبێ و وویستبێتمان چەند زانیاریەکمان دەست بکەوێ، ئەوا دەرگاکان لەسەرمان کڵۆم ئەدارو هیچمان دەست نەئەکەوت. یەکێ لەو کارانەی هەموانی توشی شۆك کردوە ئەوەیە، کە هیچ کات ئەو بەرپرس و وەزیر و پەرلەمانتارو ئەوانی تر ، بەبرادەرانی ئۆپۆزیسێۆنیشەوە ، خۆیان لەسەر و هەموو جۆرە یاسایەکەوە ئەبینی و ئامادە نەبوون بۆ یەکجاریش وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لێیان کرا. خۆشبەختانە ، بەڕێز دکتۆر فٶاد ئەم بەستەڵەکەی شکاند و توانی کەلتوری پەراوێزخستن و وەڵام نەدانەوەی پرسیار و گومان و ڕەخنە بەدڵ و سنگێکی فراوانەوە وەربگرێ و هێوامان وایە لەمەو دوا، خەڵکانی تریش ئەو ڕێچکەیە بگرن.

کاتێ ئاماژەم بە جوگرافیای ماڵی دکتۆر کرد و سنوورەکەی لەگەڵ ئەمنە سوورەکەم بەتەنها بەدیوارێك نیشان دا.. ئەوە لەڕاستیدا مەبەستم لەوە بوو کەئەو جادەیەی کەهەیە(لەجێی نەبوانە)، تەنها بەکار ئەهات بۆ چەند ئوتۆمێلێکی تایبەتی مدیری ئەمن و دام و دەستەکەی، ئەمە لەکاتێکدا هیچ کەس و هاوڵاتیەك بۆی نەبوو(بە ئۆتومۆبیلەکەی دکتۆر خۆشیەوە) نەك هەر پیای بڕوات، بەڵکە بشزانێ کەئەو شەقامە هەیە، لەبەرئەوەی درێژیەکەی تەنها ١٠٠-١٥٠ مەترێك ئەبوو.

سەبارەت بەو هەوڵە تیرۆریستیەی دژ بە خاتوو میتیران درا، دیارە ٢٠ ساڵی ڕەبەقەی بەسەردا تێپەڕیوە و سانا نیە بتوانین بگەینە سەرچاوە سەرەکیەکەی، تەنها ئەوە نەبێ کەلەو کاتەدا تەلفۆنمان بۆ کرا کە بەو شێوەیەبوو کە لەووتارەکەمدا ئاماژەم پێدابوو.
 
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک کوردستانپۆست